کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سعوودی: وڵاتێک کە داڵدەی ئەلقاعیدەی دا، دوور نییە داڵدەی داعشیش بدات

22:38 - 30 رێبەندان 2716

کوردستان میدیا: سەرلەشکر مەنسوورئەلتورکی، وتەبێژی وەزارەتی نێوخۆی عەرەبستانی سعوودی، وێڕای ئەماژەدانێکی لابەلا بە ڕێژیمی ئێران، گوتی: وڵاتانێک کە داڵدەی ئەندامان و هەندێ لە ڕێبەرانی ئەلقاعیدەیان دابوو، دوور نییە لە داهاتوویەکی نزیکدا پێشوازیی لەو ئەندامانەی داعش بکەن کە بەهۆی هێرشە قورسەکانی هێزەکانی هاوپەیمانانی نێونەتەوەیی، بەرەبەرە لە عێراق و سوورییە ڕادەکەن و ئەوانیش داڵدە بدەن.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەلعەرەبیە، پێنج‌شەممەشەوی ١٦ی فێورییە، مەنسوورئەلتورکی لە پرێس‌کۆنفڕانسێکدا کە سەبارەت بە لێکهەڵوەشانی چوار هەستەی تێرۆریستی و بەستراوە بە داعش بەڕیوەچوو، گوتی: تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی سەر بەم گرووپە تێرۆریستییە بەمەبەستی ڕاکێشانی خەڵک، هەردەم لەچالاکیدان، چ لە عێراقدا بن و چ لە سوورییە. نیگەرانیی ئێمە لەو تۆڕە کۆمەڵایەتییانە نییە، ئێمە زیاتر لەو وڵاتانە نیگەرانین کە پێشتر داڵدەی ڕێبەران و ئەندامانی ئەلقاعیدەیان داوە و میواندارییان کردوون. نیگەرانی ئەوەین کە هەمیسان ئەم وڵاتانە داڵدەی ڕێبەران و ئەندامانی داعش بدەن و پێشوازییان لێ بکەن و تەناهی و سەقامگیریی ناوچەکە و جیهان بخەنە مەترسییەوە.

شایانی باسە ڕێژیمی ئێران لەو چەند ساڵەی دواییدا داڵدەی هەندێ لە ئەندامان و ڕیبەرانی ئەلقاعیدە، لەوانە بنەماڵەی بێن لادەن و جێگرەکەی واتە زەواهێریی داوە. پشتگیری کردن و داڵدەدانی ڕێبەرانی ئەلقاعیدە لەلایەن تارانەوە، پاش کوژرانی بێن لادەن لە ئەبووت ئابادی پاکستان و دەستبەسەرداگرتنی چەندین بەڵگەنامە لە ماڵەکەیدا و لە کامپیۆتێرەکەیدا ئاشکرا بوو.

بێن لادەن لە نامەگەلێکدا کە بۆ ڕێبەرانی ئەو گرووپەی نووسیبوو، ئاماژەی بە هاوکاری و پشتگیریی کۆماری ئیسلامیی ئێران و داڵدەدانی ڕێبەرانی ئەو گرووپە کردووە.

بەپێی نێوەرۆکی نامە بەڕێکراوەکانی بێن لادەن، ئێران نەک هەر داڵدەی منداڵان و هاوسەرەکانی بێن لادەنی داوە، بەڵکوو داڵدەی ناسر ئەلوەحیشی، یەکێک لە مەترسیدارترین ڕێبەرانی ئەلقاعیدە لە یەمەنیشی دابوو. هەروەها سەیفولعەدل جێگری یەکەمی ئەیمەن ئەلزەواهێری و یاسین ئەلسووری کە ئامریکا بڕی ١٠ میلیۆن دۆلار پاداشتی بۆ بەدەستەوەدانی ناوبراو دیاری کردووە، هەردووکیان لە ئێران بوون.

لە دیکەی ڕێبەرانی ئەلقاعیدە کە لە ئێران داڵدە درابوون، ئەبوو مەسعەب ئەلزەرقاوی، ئەبوو فەحس ئەلمووریتانی، ڕەمزی بێن شێیبە ڕێکخەری عەمەلیاتی تێرۆریستیی ١١ی سێپتامبر لە ساڵی ٢٠٠١ی زایینیی‌ لە ئامریکا بوو.

هەروەها سولەیمان ئەبوو ئەلغەیس، وتەبێژی فەرمیی ئەلقاعیدە، ساڵح ئەلقرعاوی کە فەرماندەیی گوردانە تێرۆریستییەکانی عەبدوڵڵا عەزامی لەئەستۆ بوو و عەتییە عەبدولڕەحمان ئەللیبی کە سەرپەرشتیاریی گواستنەوەی بنەماڵەی بێن لادەن لە ئێرانەوە تا پاکستانی لە ئەستۆ گرت و ڕێژەیەکی دیکە لە ڕێبەرانی دیار و ناسراوی ئەلقاعیدە، کە لە ڕابردوو و ئێستاشدا، لە ئێران داڵدە دراون.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی ئامریکایی فارین ئەفیرز، پەیوەندیی ئێران و ئەلقاعیدە بۆ ساڵی ٢٠٠١ دەگەڕێتەوە. ئەو کاتەی کە ئامریکا ئەفغانستانی داگیر کرد و حکوومەتی تاڵەبانی ڕووخاند، زۆربەی ڕێبەرانی ئەلقاعیدە لە ئاستی بەرزدا، کە لە ئەفغانستان دەژیان، پەنایان بردە بەر ئێران و لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پشتگیری لە چالاکییە تێرۆریستییەکانیان کرا.