کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاسان و خەباتی مەدەنی

23:02 - 30 رێبەندان 2716

کەریم پەرویزی

لە نێو هەر گەل و نەتەوەیەکدا، ئاوات و خولیا و ویستەکان، دەبنە هاندەر و هۆکار بۆ جووڵە و بزاوتن، و گرووپ و توێژێ جیاواز لە پێناو ئەو ئاواتانەدا وەگەڕ دەکەون. ڕاسانی ڕۆژهەڵات بە ڕوانینێکی ورد و لە سەر بنەمای گرینگیدانی پڕ واتا بە خەباتی شار کە یەکێک لە شێوازەکانی خەباتی شار، خەباتی مەدەنیە، دەیەوێ هێزی پەنگخواردووی خولیا و ئاواتەکانی کورد لە ڕۆژهەڵاتدا بکا بە هێزی وەگەڕکەوتوو.

بەڵام بزاوتن و چالاکی لە نێو شاردا تەنیا یەک شێواز و یەک میکانیزمی نیە و خەباتی مەدەنی یەکێک لە ڕێگاکانی خەباتی شارە و لەو بوارەشدا هەندێک جار چالاکیی مەدەنی و خەباتی مەدەنی تێکەڵ دەکرێن یان لە ڕاستیدا ناوی خەباتی مەدەنی لە سەر چالاکیی مەدەنی دادەنرێ.

ڕوونبوونەوەی زۆرتری بابەتەکە ئەو کاتە پێویستتر خۆی دەنوێنێ کە لە هەندێک کار و چالاکیی مەدەنیدا، پێداهەڵگوتنێکی زۆر لەڕادەبەدەر لە لایەن کەس یان کەسان و لایەنی دیار و نادیارەوە دێتە ئاراوە و بەو شێوەیە دەیانەوێ لە نێو ڕای گشتیدا وەها جێ بخەن کە خەباتی مەدەنی ئەو چالاکیە مەدەنیەیە و لە ڕاستیدا ئاستی خەبات ئەوەندە بهێنرێتە خوار کە هیچ مەترسییەکی بۆ ڕێژیم نەبێ!

چالاکیی مەدەنی، بریتییە لەو کار و هەنگاوانەی بە شێوەی تاک بێ یان گرووپ کە لەلایەن خەڵکی ئاسایی و مەدەنییەوە بەڕێوە دەچن، و لە چوارچێوەی یاسا و ڕێوشوێنەکانی سیستمی زاڵدا ڕێگایان پێ دەدەرێ و زۆرتر ئامانجێکی کورتخایەن و ویستێکی سینفی یان کۆمەڵایەتییان هەیە. بەڵام خەباتی مەدەنی بریتییە لەو کردار و هەنگاوانەی کە لە لایەن تاک یان گرووپەکانی نێو کۆمەڵگاوە بەڕێوە دەچن و ئامانجێکی فراوانتر و دژ بە یاسایەکی سیستمی زاڵ ئەنجام دەدرێن.

لە ڕاستیدا ئەوەی کە چالاکییەکی مەدەنی دەکا بە خەباتی مەدەنی، دژ بە یاسابوونە. بەو مانایە کە چالاکییەک بۆ ئەوەی نێوی خەباتی لێ بنرێ دەبێ دژایەتی یاسایەک لە نێو یاساکانی سیستمی زاڵدا بکا. دەنا گەر هەر لە چوارچێوەی سیستمی زاڵدا بێ و هیچ یاسایەک نەکا بە ئامانج، تەنیا چلاکییەکی سینفی یان کۆمەڵایەتیی کورتخایەنە و هیچ سیستمێکیش لەگەڵی کێشەی نابێ!

لێرەدایە کە خەباتی مەدەنی، دەبێ بە یەکێک لە میکانیزمەکانی پەرەدان بە خەباتی شار و ڕاسانی ڕۆژهەڵات لەو میکانیزمە بۆ ڕێکخستنی کۆمەڵگا و بەگژ سیستمدا چوونەوە کەڵکی لێ وەردەگرێ، چوونکە ڕاسانی ڕۆژهەڵات لە چوارچێوەی سیستمی زاڵدا بیرناکاتەوە و نایەوێ ئەم سیستمە وەکوو ئەمری واقیع قبووڵ بکا.

ڕاسانی ڕۆژهەڵات بەبێ خەباتی شار و کەڵک وەرگرتن لە هێزی خەڵک مانایەکی نابێ و خەباتی شار یەکێک لە کۆڵەکەکانی ڕاسانە و ئامانجی ڕاسانیش بریتیە لە ڕێکخستنی خەڵک لە خەباتێکی جیددی و واقیعیدا، دژ بە سیستمی زاڵ، بۆ ئەوەی داهاتوویەکی باشتر بونیات بنرێ نەک ئەم سیستمە بە دەمامکی ڕەنگاڵەوە بمێنێتەوە.