کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تێرۆرێزمی ڕێژیم لە پیشانگاکانی خۆیدا

14:48 - 1 رەشەمه 2716

کوردستان میدیا: ڕێژیمی تێرۆریستی ئێران لە پیشانگاکانی خۆیدا بە ئاشکرایی پڕوپاگەندا بۆ تێرۆرێزمی خۆی دەکات و تێچووەکەشی دەدات.

هەواڵدەریی مشرق یەکێک لە هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٣٠ی ڕێبەندانی ١٣٩٥ی هەتاوی، لە هەواڵێکدا بڵاوی کردووەتەوە کە؛ هەر کەس سەلمان ڕۆشدی بکوژێت بڕی یەک میلیارد تمەن خەڵات وەردەگرێت.

ئەو خەڵاتە لە لایەن کۆمپانی و دامەزراوەکانی خومەینییەوە تەرخان کراوە.

ئەم خەڵاتە لە چوارەمین پیشانگای میدیا دیجیتاڵییەکانی ڕێژیم، لە لایەن بەشداربووانی پێشانگاکەوە دابین کراوە.

بەشداربووانی ئەو پیشانگایە بە مەبەستی لەبیر نەکردنی فتوای خومەینی بۆ کوشتنی سەلمان ڕۆشدی ئەو بڕیارەیان داوە.

سەلمان ڕۆشدی لەدایکبووی ٢٨ی جۆزەردانی ١٣٢٦ی هەتاوی لە شاری بەمبەئی وڵاتی هیندوستانه و لەئێستادا لە ئینگلستان نیشتەجێیە، ناوبراو کەسایەتی ڕۆماننوس و پلانداڕێژی هیندی بەریتانیاییە.

سەلمان لە بنەماڵەیەکی موسڵمانی لیبڕاڵ لەدایکبووە، بەڵام خۆی ئێستا یەکێکە لە ڕەخنەگرانی ئیسلام و بەشێک لە کۆمەڵگای موسڵمانان لە نووسینەکانی تووڕەن.

ناوبراو بە هۆی نووسینی کتێبی ئایاتی شەیتانیەوە، لە لایەن خومەینی ڕێبەری چەقبەستووی ڕێژیمی ئێرانەوە فتوای کوشتنی دەرچوو.

دانی بڕیار و تەرخان کردنی خەڵات بۆ کوشتنی کەسێک، دەرخەری ناوەرۆکی ڕاستەقینەی تێرۆری بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانە.