کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مایک پێنس: ڕێژیمی ئێران پشتیوانی تێرۆریزمە

15:35 - 1 رەشەمه 2716

کوردستان میدیا: جێگری سەركۆماری ئامریكا لە كۆنفرانسی ئاسایشی مونیخ ڕایگەیاند؛ ڕێژیمی ئێران پشتیوانی سەرەکیی تێرۆریزمە لە جیهاندا.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٣٠ی ڕێبەندانی ١٣٩٥ی هەتاوی، مایک پێنس جێگری سەركۆماری ئامریكا، لە كۆنفڕانسی ئەمنیەتیی مونیخ باسی لەوە کرد کە؛ ڕێژیمی ئێران پشتیوانی سەرەکیی تێرۆریزم لە جیهاندایه.

پێنس هەروەها باسی لەوە کردووە کە؛ ڕێژیمی ئێران بە کردەوەی تێرۆریستیی خۆی، سەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست تێکدەدات.

ناوبراو هەروەها باسی لەوە کردووە کە؛ به هۆی لابردنی گەمارۆ ئابوورییەکان لە چوارچێوەی بەرجام‌دا، ڕێژیمی ئێران دەستی بۆ گەیاندنی یارمەتیی ماڵی بە تێرۆریستان ئاوەڵاتر بووە.

پێنس لە بەشێكی قسەکانیدا باسی لەوە کردووە کە؛ دەوڵەتی ئامریکا بۆ پێشگرتن بە دەستپێڕاگەیشتنی ڕێژیمی ئێران بە چەکی ناوکی، ئەرکی خۆی بەجێ دەگەیێنێت.

ناوبراو لە کۆنفڕانسی ئەمنیەتیی مونیخدا ڕایگەیاند کە؛ ناهێڵین ڕێژیمی ئێران دەستی بە چەکی ناوکی بگات و بتوانێت ئیسرائیل و ئامریکا و هاوپەیمانانی بخاتە مەترسییەوە.

جێگری دۆنالد ترامپ باسی لەوەش کرد کە؛ ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئیستا بەهەشتی ئەمنی تێرۆریزمه و گرووپە توندڕەوە ئیسلامییەکان پەرە به تێرۆر دەدەن.

ڕێژێمی ئێران بەردەوام وەکوو یەکێک لەو وڵاتانە دەست نیشان کراوە کە پشتیوانی لە تێرۆریزم دەکات و بە پشتیوانی لە گرووپە توندڕەوکان ئەمنییەت و ئاسایشی ناوچەکەی خستووەتە مەترسییەوە.