کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندانێک بۆ پشتیوانی لە زیندانیانی سیاسی لە وڵاتی ئاڵمان بەڕێوە چوو

22:19 - 2 رەشەمه 2716

کوردستان میدیا: خۆپیشاندانێک بۆ پشتیوانی لە زیندانیانی سیاسی لە شاری شتۆتگارتی ئاڵمان بەڕێوە چوو.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٣٠ی ڕێبەندانی ١٣٩٥ی هەتاوی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران له ئاڵمان خۆپیشاندانێکی بە مەبەستی پشتگیری لە زیندانیانی سیاسیی کورد لە شاری شتۆتگارت بەڕێوە برد.

سەرەتای خۆپیشاندانەکه بە سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی خولەکێک بێ دەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد.

دواتر ڕاگەیەندراوی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، تایبەت بە زیندانیانی سیاسی کە ڕێکەوتی ٩ی ڕێبەندانی ١٣٩٥ی هەتاوی بەرانبەر بە(٢٨.٠١.٢٠١٧) لە لایەن حیزبی دێموکراتەوە بڵاو کرایەوە، بە زمانەکانی ئاڵمانی، کوردی و فارسی بۆ بەشداربووان خوێندرایەوە و دواتریش پەیامی کۆمیتەی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران له ئاڵمان پێشکەش کرا.

لەو خۆپیشاندانەدا ژمارەیەک لە حیزبە کوردستانییەکان و کوردانی ئەیالەتەکانی بادێن و وتنبێری و ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەشدار بوون و بەشداربووان وێنەی زیندانیانی سیاسییان بەرزکردەوە و درووشمیان بۆ پشتیوانی لە زیندانیان دا.