کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەكیەتییەكانی ژنان، لاوان و خوێندكارانی دێموكراتی كوردستانی ئێران بە‌ بۆنە‌ی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایكی ڕاگەیەندراوی هاوبەشیان بڵاو کردەوە

16:37 - 3 رەشەمه 2716

کوردستان میدیا: كاتێك كە گە‌لێک ویستی خۆی بۆ فێربوون و پاراستنی زمانی دایكی و پەروەردە بەو زمانە لێبڕاوانە نیشان بدات و بە‌رگریی لێ بكات، ڕێگا بۆ شۆڕشێكی فە‌رهەنگی و گە‌شەی زمان و هەستی نەتەوایەتی خۆش دە‌بێت.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

زمان ئامرازی سەرەكیی پێوە‌ندیی نێوان مرۆڤەكان و بناغە‌ی شارستانیەت و پێشكەوتنی تاك و كۆمە‌ڵگایە‌.

كاتێك كە باس لە زمان دەكرێت، لە پێش هەموو شتێكدا دەبێ باس لە زمانی دایكی وەكوو پێكهێنەری كەسایەتی و شوناسی مرۆڤ‌ و بناغەی ئاخاوتن و فێربوون بكرێت.

لەو كاتەوە كە مرۆڤ پێی ناوەتە قۆناغی خوێندنەوە و نووسین، گرینگیی زمان وەكوو ئامرازێك بۆ ڕێكخستن و داڕشتن و ڕێنوێنیی كۆمەڵگا و هاوئاهەنگیی نێوان خەڵك و دەسەڵات بۆ بەڕێوەبردنی كاروبارەكان زیاتر هەستی پێكراوە و هەوڵ دراوە زمانی خەڵك بكرێت پردی پێوەندی بۆ گواستنەوەی پەیامەكان و وەرگرتنی زانیاری و پێگەیاندنی كۆمەڵگا لە ڕێڕەوی دڵخوازدا.

پاش ساڵانێكی دوور و درێژ لە تاقیكاری و ئەزموونی تاڵی تواندنەوە و یەكدەستكردنی زۆرەملی و حاشاكردنی دەسەڵاتە كۆنەپەرەستەكان لە مافەكانی مرۆڤ و یەك لەوانەش مافی پەروەردە بە زمانی دایكی، لە مێژووی هاوچەرخدا گرینگی و كاریگەریی خوێندن و پەروەردە بە‌ زمانی دایكی وەكوو مافێكی بنەڕەتیی مرۆڤ سەلمێنرا و هەنووكە لە‌ زۆربەی بە‌ڵگە‌نامە نێونە‌تە‌وە‌ییەكانی وەك بڵاوكراوە‌ی زمانی دایكی، ڕاگە‌یەندراوی جیهانیی مافی زمان، خاڵە‌كانی ٣ و ٤ی ڕاگە‌یەندراوی تایبەت بە‌ كە‌مینە‌ نە‌تە‌وە‌ییە‌كان، گە‌لان و كە‌مینە‌ زمانی و مە‌زهە‌بییە‌كان، مادە‌ی ٣٠ی كۆنڤانسیونی مافی منداڵ و مادە‌ی ٢٧ی ڕێككە‌وتنامە‌ی نێونە‌تە‌وە‌یی مافە‌ سیاسی و مە‌دە‌نییە‌كاندا ئاماژەی پێ كراوە‌.

لە جاڕنامەی مافی مرۆڤی نەتەوەیەكگرتوەكاندا هاتووە: هەموو مرۆڤێك ئەو كاتەی كە لە دایك دەبێ مافی ئەوەی هەیە كە بە شێوەیەكی سروشتی بە زمانی دایكی خۆی بخوێنێت، بیربكاتەوە، پەروەردە بێت.

خوێندن بە‌ زمانی دایكی یارمە‌تیی مرۆڤ دەدات بۆ ئەوەی كە باشتر لە وانە‌كانی خوێندن تێبگات و شرۆڤەی زانیارییەكانی بكات و داهێنان و نوێگەری و پێشكەوتن و گەشەی زانستی و عەقڵی بكات. پەروەردە بە زمانی دایكی لەگەڵ خۆیدا هە‌ست بە‌ كە‌سایە‌تی و كەرامەتی زیاتر دەهێنێت. هەر بۆیە دەبینین ئەوانەی كە بە زمانی دایكیی خویان دەخوێنن، ئاستی باوەڕبەخۆبوونیان زیاترە و لە پێگەیاندنی خۆیاندا وەكوو تا‌كی سە‌ربە‌خۆ سەركەوتووترن و تەنانەت خێراتر فێری زمانی دیكە‌ش دەبن.

بە‌ پێچە‌وانە‌وە‌ ئە‌گە‌ر منداڵ بە‌ زمانی دایكی نە‌خوێنێ، لە‌گە‌ڵ زمانێكی دیكە‌دا ڕووبە‌ڕوویە‌ كە‌ لە هەر لە یەكەم ڕۆژەوە بۆی نامۆیە و كاتی زیاتری دە‌وێ تا گوێی بە بیستنی دە‌نگەكانەوە خوو بگرێت، مێشكی بۆ وە‌رگرتن و زمانی بۆ وتن ئامادە‌ بكات و دە‌ستە‌كانی بۆ نووسین رابێنێ. سە‌رە‌ڕای ئە‌م هە‌موو كۆششە تێگە‌یشتن لە‌ وانە‌كان بۆی دژوار دە‌بێ، بیری پرش و بڵاوە‌ و كاتی زۆری بۆ بیركردنە‌وە‌ و تێگە‌یشتن پێویستە‌. دە‌بێ لە میشَكی خۆیدا وشەكان وە‌ربگێڕێتەوە و ڕستە‌كان دروست بكات. لە‌ كاتی تێنە‌گە‌یشتندا هە‌ست بە‌ لاوازی و سەرشۆڕی دە‌كا، زۆربە‌ی كات دوو دڵە‌، منداڵێك كە‌ بە‌ سە‌ر زمانی دایكیی خۆیدا زاڵ نە‌بێ، لە‌ فێر بوونی زمانێكی دیكەشدا‌ پێشكەوتنی ئەستەم دەبێت.

بەداخەوە لە وڵاتی ئێمە و لە یەك سەدەی ڕابردوودا حكوومەت لە‌ ڕێگای جۆراوجۆرە‌وە‌ سیاسە‌تی ئاسیمیلاسیون و سە‌ركوت و لە‌ ناو بردنی زمانی دژی نە‌تە‌وە‌ ژێردەستەكانی ئێران ڕە‌چاو كردووە‌. لە‌وانە‌ قە‌دە‌غە‌كردنی خوێندن بە‌ زمانی دایكی لە‌ قوتابخانە‌كاندا، قەدەغەكردنی ئاخاوتن بە‌ زمانی نەتەوە ژێردەستەكان لە‌ ڕەوتی كاری خوێندنگا و ئۆرگانە‌ دە‌وڵە‌تییە‌كاندا، بە‌رتە‌سككردنە‌وە‌ی ڕۆڵی ئەو زمانانە لە‌ كاری ڕۆژانە‌ی خە‌ڵكدا، بە‌رتە‌سككردنە‌وە‌ی بە‌رنامە‌كانی ڕادیۆ و تە‌لە‌فزیۆن بە‌ زمانی گە‌لانی ژێردەست‌ و تێكدانی شێوەزارەكانیان لە ڕێگەی تێكە‌ڵكردنی نەگونجاوی وشەكانی زمانی نەتەوەی باڵادەستەوە، قە‌دە‌غە‌كردنی ئاخاوتن لە‌ قوتابخانە‌كاندا بە‌ زمانی دایكی، سووكایە‌تی بە‌ زمانی گە‌لانی دیكە‌ و پڕوپاگە‌ندە‌ی لەو چەشنە كە گوایە زمانی دایكی لە ڕووی زانستییەوە لاوازە و‌ وە‌ڵامدە‌ری داهاتووی پێشەییان نییە‌، هێنانی پەروە‌ردە‌ی ئایینی لە‌ باتی پەروە‌ردە‌ی نە‌تە‌وە‌یی لە‌ قوتابخانە‌كان، تە‌رخانكردنی بە‌رنامە‌كانی دە‌نگ و رە‌نگی كۆماری ئیسلامی بۆ زمانی فارسی و پەرەپێدانی هەرچی زیاتری ئەو زمانە لە ناوچەكانی نەتەوە بندەستەكاندا، دروستكردنی هە‌موو بە‌رنامە‌كانی منداڵان بە‌ زمانی فارسی بۆ ئە‌وە‌ی منداڵان هە‌ر لە‌ منداڵییە‌وە‌ بە‌ زمانی فارسی خوو بگرن، كۆمەڵێك لەو سیاسە‌تانە‌ن كە‌ بۆ بە‌رتە‌سككردنە‌وە‌ و لاوازكردن و لە‌نێوبردنی زمانی دایكیی گە‌لانی بندەست و بۆ وە‌ردە‌رنانیان لە‌ مە‌یدانی ڕكە‌بە‌رایە‌تیی زمانی فارسی لە‌ پێش گیراون.

دوای شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧ و هاتنە سەركاری ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی، بە شێوەیەكی توندوتۆڵتر درێژە بەو سیاسەتە درا.

لە ئەسڵی ١٥ی یاسای بنەرەتیی كۆماری ئیسلامیدا هاتووە كە زمانی فەرمی خوێندن و نووسین زمانی فارسییە و هەموو بەڵگە و نووسراوە فەرمییەكان و پەرتووكی وانەكان دەبێ بە زمانی فارسی بن، بەڵام كەڵك وەرگرتن لە زمانەكانی دیكەی ناوچەیی و قەومی لە بڵاڤۆك و میدیاكان و وتنەوەی ئەو زمانانە لە تەنیشت زمانی فارسی ئازادە.

بە پێچەوانەی پڕوپاگەندەی ڕێژیم، دەبێ بڵێین ئەو ئەسڵە هیچ پێوەندییەكی بە مافی خوێندن بە زمانی دایكییەوە نیە و تەنیا باس لە فێربوونی زمانی دایكی وەكوو وانەیەك لە تەنیشت وانەكانی دیكەدا دەكات كە هەڵبەت تەنانەت حكوومەتیش لەو پێوەندییەدا ئەركدار نەكراوە و تەنیا باس لە ئازادبوونی زمانی دایكی كراوە.

لە لایەكی دیكەشەوە، ڕێژیم هەوڵ دەدات بە كەڵكاژۆ وەرگرتن لەو داوا ڕەوایەی خەڵك و چالاكانی نەتەوە ستەملێكراوەكان، بە تایبەتی لە كوردستاندا، بە زەقكردنەوەی بیانووی فرەچەشنیی شێوەزارەكان، هەم لەمپەر بخاتە سەر ڕێگای دابینبوونی ئەو مافە و هەم بە جۆرێك پەرتەوازەیی بخاتە نێو ڕیزەكانی مافخوازان لەو بوارەدا.
هەر بۆیە بە بوونی دەسەڵاتێكی ئیدئۆلۆژیك و تۆتالیتری وەك كۆماری ئیسلامی كە بەرهەم و پارێزەری ئاپارتایدی نەتەوەیی، فەرهەنگی و مەزهەبییە، تەنانەت لە هەر جۆرە پلان و دروشمێكی دەسەڵاتدارانی ڕێَژیمیش لەو پێوەندییەدا دەبێ بە گومان بین و زیاتر وەكوو هەوڵێكی تێكدەرانە بۆ بە لاڕێدابردنی داخوازییەكان و شێواندنی زمان چاوی لێ بكەین.

لە كردەوەدا دەبینین كە كۆماری ئیسلامی تا ئیستا نەك هەر پشتیوانیی لە سووكە مافێكی وەكوو ئازادیی فێربوونی زمانی دایكیش نەكردووە، بەڵكوو لەو ڕێژیمەدا باسكردن لە زمانی دایكی وەكوو هەڕەشەیەك بۆ سەر ئەمنیەتی نەتەوەیی، پڕۆپاگەندە دژی نیزام و پارچەپارچەكردنی وڵات چاوی لێ كراوە و سزای قورسی بە سەر چالاكانی ئەو بوارەدا سەپاندووە.

لەو پەیوەندییەدا بینیمان كە حەسەن ڕۆحانی دوابە‌دوای خۆپاڵاوتنی بۆ هە‌ڵبژاردنی سە‌رۆك كۆماریی ڕێژیم، بەڵێنیی ئەوەی دا كە كار بۆ جێبە‌جێكردنی ئە‌سڵی ١٥ی یاسای بنەڕەتی دە‌كات و هێندێك كەس و لایەنیش لە كوردستان و ناوچەكانی دیكەی نەتەوە ستەملێكراوەكاندا هەر بەو پاساوە كەوتنە خزمەتی چەواشەكارییەكانی ڕۆحانی و تاقمەكەی.

بەڵام وەک لە سەرەتاشەوە دیار بوو، ‌لە سێبە‌ری ڕێژیمی كۆماری ئیسلامیدا تەنانەت ئەو ‌هە‌نگاوە ئامانجدارەش بە نیوەچڵی و لە ئاستی دروشمدا دەمێنێتەوە یان كەڵكی ئاوەژۆ لە داخوازی و نیازپاكیی خەڵك و چالاكانی ئەو بوارە وەردەگیرێت و تەنیا بەو مەبەستە دەبێت كە لە وزەی ئەوان بۆ خزمەتكردن بە سیاسەتێكی دیاریكراو كەڵك وەربگیرێت، سەركۆماری ڕێژیم تا هەنووكەش بەدەر لە چند هەنگاوی كەم‌بایەخ، خۆی لە هەر جۆرە هەوڵێكی جیددی لەو پێوەندییەدا بواردووە. هەر بۆیە زۆر گرینگە‌ خەڵكی كوردستانی ڕۆژهە‌ڵات ‌بە‌ پشتكردن لە سیاسەتە چەواشەكارانەكانی ڕێژیم، ئەو ڕاستییە بسەلمێنن كە بەپێی سروشتی داگیركاری و ئاپارتایدی سیستماتیكی ڕێژیم و دۆخی سەپێنراوی داگیركراویی كوردستان، هەوڵەكان بۆ خوێندن و نووسین بە زمانی دایكی ناتوانن جیا لە هەوڵ و خەبات بۆ ڕزگاری و دابینبوونی دێموكراسی و مافەكانی مرۆڤ‌ لە كوردستان و ئێراندا بن و خەبات بۆ دابینبوونی پەروەردە بە زمانی دایكی چەمكێكی دابڕاو لە بارودۆخی گشتیی گەل و وڵاتەكەمان نیە و پێوەندییەكی چڕوپڕی لەگەڵ مافی دیاریكردنی چارەنووس و بوارەكانی دیكەی خەباتی مافخوازانەی گەلەكەماندا هەیە و لە ڕاستیدا لێك گرێ دراون.

كاتێك كە گە‌لێک ویستی خۆی بۆ فێربوون و پاراستنی زمانی دایكی و پەروەردە بەو زمانە لێبڕاوانە نیشان بدات و بە‌رگریی لێ بكات، ڕێگا بۆ شۆڕشێكی فە‌رهەنگی و گە‌شەی زمان و هەستی نەتەوایەتی خۆش دە‌بێت. كەواتە ئەگەر تاكەكانی گە‌ل پێشوازی لە‌ پیلانە ئامانجدارەكانی ڕێژیمی‌ سە‌ركوتكەر نە‌كەن و بایكۆتی بكەن، ئە‌وانیش بە ناچار پاشەكشە دە‌كە‌ن و گەل دەبێتە خاوەنی باوەڕبەخۆبوونی زیاتر بۆ سەركەوتن بەرەو قۆناغەكانی دیكەی خەبات.

یەكیەتیی خوێندكارانی دێموكراتی كوردستانی ئێران
یەكیەتیی لاوانی دێموكراتی كوردستانی ئێران
یەكیەتیی ژنانی دێموكراتی كوردستانی ئێران

٣ی ڕەشەممەی ٢٧١٦ی كوردی
٢١ی فیورییەی ٢٠١٧ی زایینی