کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆڕیادی ڕێزگرتن لە کاک عەبوو کەریمی لە ئامریکا بەڕێوە چوو

16:46 - 3 رەشەمه 2716

کوردستان میدیا: کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە واشنگتۆنی ئامریکا کۆڕیادێكی بەشکۆی بۆ کاک عەبوو کەریمی بەڕێوە برد.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٣٠ی ڕێبەندانی ١٣٩٥ی هەتاوی، کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە واشنگتۆن کۆڕیادێکی بەشکۆی بۆ ڕێزگرتن لە یاد و بیرەوەریی هاوڕێ عەبوو کەریمی ئەندامی پێشووی ڕێبەریی حیزبی دێموکرات پێکهێنا.

سەرەتای بەرنامەکە بە سرودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کورد و کوردستان بە گشتی، و نەمر کاک عەبوو کەریمی بە تایبەتی دەستی پێکرد.

پاشان جەماڵ عەبدوڵڵازادە بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پەیامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی لە پەیوەندی لەگەڵ کۆچی دوایی کاک عەبوودا پێشکەش کرد.

پاشان ئارەش ساڵح نوێنەری حیزبی دێموکرات لە ئامریکا، وتارێکی لەسەر گرینگیی ناوچەی کرماشان و بایەخی بەشداریی ئەو دەڤەرە لە خەباتی ڕزگاریخوازانەی کوردستان‌دا پێشکەش کرد.

هەروەها لەو کۆڕیادەدا، ڕەحیم ڕەشیدی دۆست و هاوکاری پێشووی کاک عەبوو، لەسەر پێگەی زانستیی کاک عەبوو چەند وتەیەکی پێشکەش کرد و لە دووتوێی قسەکانیدا ئاماژەی بەو هەوڵ و خەباتە کرد کە کاک عەبوو لە دەورانی مامۆستایەتیدا لە مەریوان بۆ جۆشدانی خەباتی جەماوەری کردبووی.

هەروەها تیشکی خستەسەر ئەو تێکۆشانەی کە نەمر کەریمی لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتدا و لە ڕاستای شی کردنەوەی ویست و داخوازییەکانی بۆ هێزە بەرهەڵستکارەکانی ئێرانی بەسەرکەتوویی بەڕێوەی برد.

ڕەشیدی لە درێژەدا هەمووانی دڵنیا کردەوە کە ڕێگای عەبوو کەریمی ڕێگای گشت تێکۆشەرانی کوردە و لاوانی کوردستان ناهێڵن جێگای کەسانی وەکوو کاک عەبوو بەتاڵ بمێنیتەوە.

لەو کۆڕیادەدا، پەیامی هاوخەمیی یەکیەتیی نیشتمانی کوردستان لە لایەن عەبدولڕەحمان حەسەن بەرپرسی ڕێکخستنەکانی یەکیەتی لە ئامریکا خوێندرایەوە کە هاوخەمیی قوڵی خۆیان سەبارەت به کۆچی کاک عەبوو کەریمی بە کۆمیتەی حیزبی دێموکرات ڕاگەیاند.

لە بڕگەیەکی دیکەی بەرنامەکەدا، کاک مورتەزا ئیسفەندیاری وەکوو خزمی نەمر کاک عەبوو، ڕۆڵی ناوبراوی لە خەباتی ڕزگاریخوازانەی کوردستاندا بەرز نرخاند.

دواتر عوسمان پاڵانی لە پەسنی کەسایەتی کاک عەبوودا پەخشانێکی خوێندەوە و هەروها مەحبووبە حوسێنی شێعرێکی پێشکەش کرد.

چەندین پەیام لە لایەن حیزب و لایەن و کەسایەتییەکانەوە بۆ ئەم کۆڕیادە نێردرابوون:

ـ بەرێز مامۆستا حەسەن شیوەسەڵی، ئەندامی ئیفتخاریی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ـمەنسوور عەزیزی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی و بەرپرسی تەشکیلاتی حیزبی دێموکرات لە دەرەوەی وڵات

ـ کۆمیتەکانی حیزب لە ویلایەتەکانی کالیفۆرنیا و تێنێسی

ـ پەیامی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدڕاڵ لقی ئامریکا