کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تورکیە داوای لە کۆماری ئیسلامی کرد پێداچوونەوە بەسەر ئاکاریدا بکات

15:55 - 5 رەشەمه 2716

کوردستان میدیا: دەوڵەتی تورکیە بە فەرمی داوای لە کۆماری ئیسلامی ئێران کرد کە پیداچوونەوە بەسەر ئاکاری خۆیدا بکات و وێڕای ڕێزگرتن لە هەوڵەکانی ئانکارا لە شەڕی دژ بە تێرۆریزم چاوێک بەسەر شێوازی پێوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ناچەدا بخشێنێتەوە.

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٢ی فێبریە لە پڕێس کۆنفڕانسێکدا ئیبراهیم کالین وتەبێژی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ئاوڕی لە بارودۆخی ناوچە و نەخش و ڕۆڵی ئێران لە وڵاتانی ناوچە دایەوە و داوای لە تاران کرد کە پێداچوونەوە بەسەر سیاسەتەکانی خۆی لە ئاست وڵاتانی ناوچەدا بکات.

پێوەندییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی و تورکیە لەم ماوە دواییدا تووشی هەندێک ئاڵۆزی بوو؛ ئەم ئاڵۆزییانە دوابەدوای قسەکانی مەولوود چاووش ئۆغڵوو وەزیری دەرەوەی تورکیە لە کۆنفڕانسی ئەمنیەتیی مونیخ هاتە ئاراوە کە تێیدا چاووش ئۆغڵوو ئێرانی بە دەستێوەردان و پەرەدان بە دووبەرەکی لە ناوچەدا تۆمەتبار کردبوو.

ئەمە یەکەمجار نییە کە کۆماری ئیسلامی تۆمەتبار دەکرێت بە دەستێوەردان لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتانی ناوچە و لە ساڵانی ڕابردووشدا زۆربەی هەرە زۆری وڵاتانی ناوچە و جیهان و هەروەها ناوەندە تایبەتییەکانی کاروباری ئەمنیەتی لە ئاستی جیهانی پێیان لەسەر ئەوە داگرتۆتەوە کە یەکیک لە دۆکتۆرینەکانی ڕێژیمی تاران بۆ بردنە سەری ئاستی دزە و نفووزی خۆی لە ناوچە نانەوەی ئاژاوە و دەستێوەردان لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتانە.

بەرچاوترین نموونەکانی ئەم دەستێوەردانانە بریتین لە یەمەن، سوریە، عێراق، ئەفغانستان و ... هتد.