کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵکی ئەحواز کۆبوونەوەی ئێعترازی هەزاران کەسییان بەڕێوە برد

14:48 - 6 رەشەمه 2716

کوردستان میدیا: ڕۆژی ٥شەممە و هاوکات لەگەڵ ڕۆیشتنی حەسەن ڕوحانی بۆ ئەحواز هەزاران کەس لە هاووڵاتییانی ئەحوازی لە بەردەم بینای پاریزگادا کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

ماڵپەڕی ئەلعەرەبیە بلاوی کردەوە ئەم کەسانە خوازیاری ڕاوەستاندنی پڕۆژەکانی ڕاگواستنی ئاوی کارون و ڕووبارەکانی دیکەی ئەم پارێزگا بۆ ناوەندی ئێران، ڕاوەستاندنی پڕۆژەکانی بەنداوسازی، وشکاندنی تاڵاوەکان و تاوتوێ کردنی دۆخی ئاوی خواردنەوە و کارەبای و چارەسەرکردنی بەپەلەی قەیرانە ژینگەییەکان لەم پارێزگایە بوون.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە بەشێک لە چالاکانی مەدەنی و ژینگەیی ئەحواز لە بەردەم فڕۆکەخانەی ئەحوازدا کۆبوونەوە و لەهەمبەر کەمتەرخەمییەکانی دەوڵەت بەرامبەر بە کێشەکانی خەڵک ناڕەزایەتییان بەڕێوە بردووە؛ هەروەها بەشێک لەم ناڕازییانە لە شارستانی کاروون لە ڕێگەی هاتنی حەسەن ڕوحانیدا کۆببوونەوە.

پارێزگای خوزستان لە ساڵی ٢٠٠١ەوە تووشی کێشەی خۆڵبارینەکان بووە کە بە وتەی کارناسانی نێوخۆیی هۆکاری سەرەکی ئەم قەرانە ژینگەییە بۆ سیاسەتەکانی دەوڵەت لەهەمبەر تاڵاوەکان و ڕووبارەکانی ئەم پارێزگا و شیوازی نالۆژیکی هەڵێنجاندنی نەوت و گاز لە پارێزگای خوزستان دەگەڕێتەوە.

بەپێی دوایین لێکۆڵینەوەکان پانتایی ناوەندە چالاکەکانی خۆڵبارین لە خوزستان زیاتر لە ٨٠٠ هەزار هێکتارە کە زیاتر لە ٣٠ هەزار هێکتاری پێوەندی بە تاڵاوی هۆرۆلعەزیمەوە هەیە بە ناوەندی بان قەیرانی ناسراوە.

لە ماوەی ١٠ڕۆژی ڕابردوودا هاووڵاتییانی پارێزگای خوزستان لەگەڵ قەیرانی جیددی ژینگەیی بەرەوڕوو بوون و بەناچار هانایان بۆ ئێعتراز و ناڕەزایەتی دەربڕین برد کە لەگەڵ هەڕەشە و تەنانەت گرتنی ڕێکخەرانی ئەم کۆبوونەوانە بەرەوڕوو بوون.

چەند ڕۆژ لەمەو پێشیش عەلی خامنەیی کێشەکانی خوزستانی کردە بیانوو و بۆ دەربڕینی ڕقی خۆی لە ڕۆحانی، داکۆکیی لە خەڵکی ناڕازی کرد.