کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دان پێدانانەکانی جەهانگیری بەردەوامن

15:00 - 6 رەشەمه 2716

کوردستان میدیا: ئێسحاق جەهانگیری جارێکی تر هۆشداری دا و کۆمەڵێک زانیاری نوێی درکاند.

جێگری یەکەمی سەرکۆماری ئیسلامی ئێران لە ئاخاوتنێکیدا لە سێهەمین کۆڕی دوو ساڵانەی دامەزراوەی پێشکەوتنەکانی نیوەی جیهان باسی لە کێشە جۆراوجۆرەکانی ئێران، بەتایبەت پرسی بێکاری کرد.

ناوبراو وتوویەتی: ساڵانە بەشێوەی نێونجی ١ میلیۆن کەس لە قۆناغی کارناسیدا خوێندن تەواو دەکەن و پەیوەسی بە لەشکری بێکارانی وڵات دەبن.

بە پێی دان پیدانانەکانی ناوبراو لە نێوان ساڵەکانی ٨٤ تاکوو ٩٢ی هەتاوی کە ئێران خاوەنی زیاتر لە ٧٠٠ میلیارد دۆلار داهاتی نەوتی بوو، تەنانەت ١ پیشەی نوێش چێ نەبووە؛ بە وتەی ناوبراو لە ساڵدا ١ میلیۆن و ٢٠٠ هەزار کەس بە ڕێژەی بێکارانی وڵات زیاد دەبێت.

جەهانگیری دواتر دێتە سەر ئەو باسەی کە بۆ چارەسەرکردنی کێشە ئابوورییەکانی وڵات پیویستیمان بە سەرمایەی دەرەکی هەیە و ئەمەش دەبەسترێتەوە بە ڕێژە و ئاستی پیوەندییە دیپلۆماتیکەکانی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ دنیای دەرەوە کە لەمەشدا لاوازین.

بە وتەی جێگری یەکەمی حەسەن ڕوحانی دەوڵەت توانای بنبڕکردنی کێشە ماڵییەکانی نییە؛ ناوبراو دەڵێ: هەنووکە بودجەی گشتی وڵات بۆ دانی مووچەی کارمەندەکان تەرخان کراوە.

جەهانگیری دواتر بە ترسەوە باسی لە کێشە بانکییەکان کردووە و دەڵێ هەندێک ڕاستی تاڵ لەمبارەوە بوونیان هەیە کە ئەگەر باسیان بکەم و ڕای گشتی لێ ئاگادار بکەمەوە ڕووداوی نەخوازراوی زۆی لیدەکەوێتەوە کە دواتر بۆمان کۆنتڕۆڵ نابێت.