کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاندێکی حیزب بەشداری لە کۆبوونەوەی مێری کرد

16:49 - 6 رەشەمه 2716

کوردستان میدیا: لە سەر بانگهێشتی فەرمی ئەنستیتۆی مێری شاندێکی پایەبەرزی حیزبی دێموکرات بەشدارییان لە کۆبوونەوەی ڕێبەرایەتی لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد.

سەر لە بەیانی رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ٥ی رەشەممەی ١٣٩٥ی هەتاوی(٢٣/٢/٢٠١٧) لەسەر بانگهێشتی ئەنستیتۆی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە MERI کۆبوونەوەیەک لە بەرپرسانی کۆمەڵێک لایەنی سیاسی کوردستانی خۆرهەڵات پێکهات و شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرەستی بەڕێز مستەفا هیجری، سکرتێری گشتی حیزب بەشدار بوو.

لە دەسپێکی کۆبوونەوەکەدا د. دلاوەر عەلادین بەرپرسی ئەنستیتۆی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە MERIبەخێرهاتنی بەشدارانی کرد و خۆشحالی خۆی لە پێکهاتنی کۆبوونەوەکە و پێشوازی لایەنە سیاسیەکانی بۆ بەشداری کردن دەربڕی و هیوای خواست ئاکامی دانیشتنەکە بتوانێ گیانی هاوکاری و هەماهەنگی لە نێوانیاندا پتر بکا.

پاش ئەوە د. دلاوەر کۆمەڵێک پرسی گرنگی وەک رەوشی سیاسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوایی هاتنەسەرکاری ترامپ، وەک سەرۆک کۆماری نوێی ئامریکا و پێوەندییەکانیان لەگەڵ رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران، رەوشی کورد لە خۆرهەڵاتی کوردستان و رۆڵی حیزبەکان لەم ئاڵوگۆڕە نوێیەدا خستە بەرنەزەری بەشداربووان.

لەم کۆبوونەوەیەدا بەڕێز مستەفا هیجری لەسەر سیاسەتەکانی رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ئاستی نێوخۆی کە بریتییە لە سەرکوت و زەبر و زەنگ بەرانبەر بە چالاکانی سیاسی و مەدەنی، نکۆڵی کردن لە شۆناسی نەتەوەکانی ئێران و بە تایبەت دژایەتی کردنی لەگەڵ پرسی کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستان بۆ گەیشتن بە مافە سیاسی و نەتەوەییەکانی و هەوڵدانی لەگەڵ وڵاتانی دەرئاوسێ بۆ پەکخستنی بە دەوڵەت بوونی کورد لە باشووری کوردستان و دنەدانی دەوڵەتی ناوەندی عێراق بۆ گوشار خستنە سەر ئۆپۆزیسیونی کوردی ئێران و بە ئاکام نەگەیشتنی رێککەوتننامەی ناوکی رێژیم لەگەڵ وڵاتانی ٥ کۆ ١ بەو شێوە رێبەرانی رێژیم باسی لێ دەکرد بە روونی قسەی کرد.

لە بەشێکی دیکەی باسەکەیدا ئاماژەی بەوەدا کە کورد لە خۆرهەڵاتی کوردستان کاتێک دەتوانێ ببێتە هێزێک کە لەو ئاڵوگۆڕە سیاسیانەدا بە ئەژمار بێت کە بۆ خۆی لە ئاستی نێوخۆیی چالاک بێ و بتوانێ کۆمەڵانی خەڵک دژی سیاسەتەکانی رێژیم رێک بخا و حیزبە سیاسییەکانیش لەم پرۆسەیەدا دەوری کاریگەر بگێرن؛هەروەها نابێ هیچ دوو دڵییەک بۆ خەڵک بێڵێتەوە کە لە چوارچێوەی ئەم رێژیمدا پرسی کورد چارەسەر دەبێ ، بەم خوێندنەوەیەوە دەتوانین لە ئاستی هەرێمی و نێونەتەوەییشدا ببینە هێزێکی شوێندانەر و جێگای سرنج.

بەڕێز هیجری لە کۆتایی باسەکەیدا وتی ئێمە وەک حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ زیاتر چالاکبوونی جوڵانەوەی کورد لە خۆرهەڵاتی کوردستان ئامادەی هاوکارین لەگەڵ ئەو لایەنە سیاسییانەی کە خاڵی هاوبەشیان بۆ خەبات دژی رێژیم لەگەڵمان هەیە؛ جارێکی دیکەش سپاسی ناوەندی مێری کرد بۆ هەوڵ و تەقەلاکانیان لە نزیک کردنەوەی هێزە سیاسییەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان.

لەم کۆبوونەوەدا هەرکام لە حیزب و لایەنە سیاسییەکان راوبۆچوونی خۆیان باس کرد، ئەوەی جێگای خۆشحاڵییە کەشی کۆبونەوەکە زۆر دۆستانە بوو و لەو راگۆڕینەوەیەدا بۆ هاوکاری کۆمەڵێک خاڵی هاوبەش ئاماژەی پێ کرا کە دەتوانێ بۆ درێژەدانی دانیشتنەکان و پراکتیزە کردنی ئەو بۆچوونانە یارمەتیدەر بێ.

لە کۆتایی ئەو کۆبوونەوەیەدا د. دلاوەر عەلادین جارێکی تر سپاسی بەشدارانی کرد و هیوای خواست لەم پرۆسەیەدا هەنگاوی عەمەلیتر هەڵبگیرێ.