کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕوونکردنەوەی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئاڵمان

20:47 - 7 رەشەمه 2716

کوردستان میدیا: کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئاڵمان سەبارەت بە ڕێوڕەسمی کۆچی دوایی کاک ئەبوو کەریمی ڕوونکردنەوەیەکی بڵاو کردەوە.

دەقی ڕوونکردنەوەکە:

بۆ بیروڕای گشتی


کاتی ڕێوڕەسمی بە خاک ئەسپاردنی هاوڕێی کۆچ کردوو کاک ئەبوو کەریمی لە وڵاتی ئاڵمان ڕێکەوتی ٢٤ ی مانگی فێوریەی ٢٠١٧ ی زایینی لە تەنیشت ئاڵای کوردستان و ئارم و پێناسەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ئاڵایەک هەڵدرابوو کە بووە هۆی نیگەرانی و ناڕەزایەتی دەربڕینی هێندێک ئەندام و دۆستان و دڵسۆزانی حیزبەکەمان.

پێویستە وەکوو کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئاڵمان ڕوونی بکەینەوە، بە پێی هەموو یاسا و قانوونێک، بەڕێوەبەری ڕێوڕەسمی بە خاک ئەسپاردنی کەسی کۆچ کردوو، بنەماڵە و کەس و کاری دەبن و هەموو باری یاسایی و شێوەی بەڕێوەبردنی نەریتی بە خاک ئەسپاردن و چۆنییەتی ڕێک خستن و ئامادەکاری لە ئەستۆی بنەماڵە و کەس و کارەکەیەتی. بەشداری کردنی هەموو حیزب و لایەن و ڕێکخراوە و کەسایەتی و خەڵکی دیکە لە مەراسیمی بە خاک ئەسپاردن، بۆ هاوخەمی و هاودەردی لە گەڵ بنەماڵەکەی و نیشانەیەک لە وەفا و خۆشەویستی بە کەسی کۆچکردووە.

ئەوەی کە هاوڕێ کۆچکردوومان کاک ئەبوو کەریمی ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران بووە، نکووڵی لێ ناکرێت و بەشداری بەربڵاوی ئەندامان و دۆستان و لایەنگرانی حیزب لەو مەراسیمە ماتەمینە، نیشانەیەکە لە ڕێزلێنان لە تەمەنێک فیداکاری و لە خۆبردوویی کاک ئەبوو. لە هەمان کاتدا ئێمە وەکوو حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەڕێوەبەری مەراسیمی بە خاک ئەسپاردن نەبووین.

بەڵام پاش ڕێوڕەسمی بە خاک ئەسپاردن، لە لایەن کۆمیتەی حیزب لە ئاڵمان، مەڕاسمێکی تایبەتی شیاو لە ساڵۆنێک بە بەشداری سەدان ئەندام و دۆست و لایەنگری حیزب و بنەماڵەی هاوڕێی کاک ئەبوو و حیزب و لایەنە سیاسییەکان و دۆستان و هاوڕێیانی بەڕێوە چوو کە بەپێی نەریتی حیزبی و ب پێی یاسا و قانوون، چوونکه خاوەنی ئەو مەڕاسمە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوو، تەنیا ئاڵای کوردستان و ئارمی حیزب لە نێو ساڵۆنی مەڕاسمەکە هەڵکرابوو.

ڕاپۆرتی بەڕێوەبردنی ئەو مەراسیمە لە ڕاگەیەنە حیزبییەکان بڵاو دەکرێتەوە.