کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی تاران سەرقاڵی کۆکردنەوەی هێز بۆ دژایەتی ڕاسانە

15:35 - 8 رەشەمه 2716

کوردستان میدیا: لە درێژەی هەوڵە نەزۆکەکانی ڕێژیمی ئیسلامی تاران بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڕاسان، پاسدار نەقدی کۆمەڵێک چاوپێکەوتنی نهێنی ئەنجام داوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا؛ لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا پاسدار مۆحەممەد ڕەزا نەقدی، کە لە پاییزی ئەمساڵدا وەک جێگری فەرهەنگیی سپای تێرۆریستی پاسداران دیاری کرا، سەردانێکی نهێنیی بۆ چەند شاری کوردستان، لەوانە سنە، سەقز، مەهاباد، بۆکان و...هتد، کردووە و لەم سەفەرانەدا بە شێوەی نهێنی چاوپێکەوتنی لەگەڵ تاقمێک خۆفرۆش و کاسەلێسی سەر بە کۆماری ئیسلامی بەڕێوە بردووە.

بەپێی ئەم هەواڵە ناوبراو داوای لە خۆفرۆشە خانەنشین کراوەکان کردووە کە جارێکی تر چەک هەڵبگرنەوە و لەم قۆناغەشدا یارمەتیدەری ڕێژیم بن.

ناوبراو بە چەکدارە خۆفرۆشەکانی وتووە: لە ساڵی داهاتوودا شەڕێکی قورس لە نێوان ئێمە و هێزە دژبەرەکاندا دێتە ئاراوە کە وەک سپای پاسداران پێویستیمان بە هاریکاری و چاوساغی و کەڵک وەرگرتن لە ئەزموونەکانی ئێوە هەیە.

دوابەدوای ڕاگەیاندنی خەباتی نوێ لە ڕۆژهەڵات ناسراو بە ڕاسان و چوونەوەی هێزەکانی پیشمەرگەی کوردستان و پێشوازیی بەرینی خەڵکی کوردستان لە هاتنەوەی ڕۆڵەکانی گەل و هەروەها قارەمانەتی نواندنی پێشمەرگە گیان لەسەردەستەکانی حیزبی دێموکرات لەکاتی بەرەنگار بوونەوەی سپای جەهل و نەزانی، ڕێژیمی تاران لە هەموو تواناکانی خۆی بۆ کۆتایی هێنان بە ڕاسان کەڵکی وەرگرتووە.

چەند ڕۆژ پیش ئێستاش محەممەد پاکپوور فەرماندەی هێزی زەوینیی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا هێرشی کردە سەر خەباتی نوێی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران.

ئەم ترس و دڵەڕاوکێیانەی سپای پاسداران لە کاتێکدا دێتە ئاراوە کە لە ترسی ئەنجامەکانی ڕاسان ماوەیەکی دوور و درێژە ئەم دەزگا سەرکوتکەرە لە هەوڵی میلیتاریزە کردنی هەرچی زیاتری شار و گوندەکانی کوردستانە.

ئەم هەوڵە نەزۆکانەی ڕێژیمیش لە کاتێکدان کە ناوە بە ناوە خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە دەرفەتەکان کەڵک وەردەگرن و بە ئەنجامدانی چالاکیی جۆراوجۆر پاڵپشتیی خۆیان لە ڕاسان دووپات دەکەنەوە.

هەنووکە ڕاسان بووەتە ڕۆژەڤی باس و خواستەکان لە نێو کۆر و کۆمەڵە تایبەتییەکانی خەڵک و هەر ئەم مەسەلەش واتە چوونە سەری ئاستی زانیارییەکانی خەڵک بە هێڵی سووری کۆماری ئیسلامی دێتە ئەژمار.