کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەرماندەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی سووریه کوژرا

15:36 - 8 رەشەمه 2716

کوردستان میدیا: حەسەن دعبول فەرماندەی ئیتلاعاتی ئەرتەشی بەعسی ڕێژیمی سووریه بە هۆی تەقینەوەی بۆمب کوژرا.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٧ی ڕەشەمەی ١٣٩٥ی هەتاوی،حەسەن دعبول فەرماندەی ئیتلاعاتی ئەرتەشی بەعسی ڕێژیمی سووریه بە هۆی تەقینەوەی بۆمب کوژرا.

تەلەویزیۆنی الاخباریه باسی لەوە کردووە کە؛ به هۆی تەقینەوەی بۆمبێکه‌وە ئیبراهیم دەرویش یەکێک لە بەرپرسانی ئەمنییەتیی سووریە بریندار بووە.

ئەو تەقینەوانە لە دوو ناوچەی المحطه و الغوطه لە ناوەندی شاری حۆمس ڕووی داوە و دەیان کەسی دیکەش کوژراون.

گرووپی تحریر الشام یەکێک لە دژبەرانی وتووێژەکان لەگەڵ نوێنەرانی بەشار ئەسەد، ئەم تەقینەوەیەی وە ئەستۆ گرتووە.

ئەو تەقینەوانە لە بەرەبەری دانیشتنی ژێنڤدا بووە، کە لەو دانیشتنەدا دژبەرانی ئەسەد لەگەل ڕێژیمی ئەسەد گفتوگۆ دەکەن.

شەڕی سووریە پێ دەنێتە ٦ـەمین ساڵی خۆی، و هەتا ئێستا دەیان هەزار کوژراو و برینداری لێ کەوتووەتەوە و میلیۆنان کەسیش ئاوارە بوونە.

ڕێژێمى سووریه و ئۆپۆزسیۆن، سیستمى فێدڕاڵى بۆ ئەو وڵاته ڕه‌ت ده‌كه‌نه‌وه‌،‌ ماوه‌ى شه‌ش ساڵه‌ شەڕ لەو وڵاتە به‌رده‌وامه‌ و هەندێک لە هێزه‌ سیاسییه‌ كوردستانییه‌كانى ڕۆژئاوا سیستمی فێدراڵی به‌ چاره‌سه‌رییەكى گونجاو ده‌زانن.

لەو پێوەندییەدا سێرگێئى ڕیابكۆڤ جێگرى وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ى ڕووسیه، ڕێکەوتی ١٤ی بەفرانباری ١٣٩٥ی هەتاوی ڕایگه‌یاند؛ مۆسكۆ خوازیاری ئەوەیە کە، لایەنەکانی‌ به‌شدار لە گفتوگۆكانى سووریه بگه‌نه‌ بیرۆكه‌ى دامه‌زراندنى ده‌وڵه‌تێكى كۆماریی فێدڕاڵ لە سووریەدا.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران پشتیوانی سەرەکی ڕێژیمی بەشار ئەسەد لە شەڕی سووریەدایە.