کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مایك پێنس: ناهێڵین ئێران دەستی بگاتە چەكی ئەتۆمی

15:44 - 8 رەشەمه 2716

كوردستان میدیا: جێگری سەركۆماری ئەمریكا دەڵێ: ئەمریكا هەرگیز ڕێگە نادات ئێران دەستی بگاتە چەكی ئەتۆمی.

مایك پێنس ڕۆژی شەممە ٧ی ڕەشەممە لە لێدوانێكدا لە نێو كۆڕی هاوپەیمانیی جوولەكە كۆماریخوازەكان ڕێژیمی ئێرانی بەهۆی ناردنی پارە و چەكوچۆڵ بۆ داردەستە تیرۆریستیەكانی خۆی لە هێندێك شوێنی وەك لوبنان، سووریە و غەزە دایە بەر ڕەخنەی توند و ئاشكرا.

ناوبراو دواتر هۆشداریی دایە ڕێژیمی ئێران كە: با بە ڕاشكاوی پێتان بڵێم: سەرۆك ترامپ هەرگیز ڕیگە نادات ئێران بە چەكی ئەتۆمی تەیار بێت و ئەوە بەڵێنیی لێبڕاوانەی ئێمە بە ئێوە و هەموو جیهانە.

مایك پێنس هەروەها ڕایگەیاند: ئێمە بە ئایەتوڵڵاكانی ئێرانمان وتووە كە دەبێ چاوێك لە ڕۆژژمێر بكەن. سەرۆك كۆمارێكی نوێ هاتۆتە كۆشكی سپی.

هەنووكە ئیدارەی دۆناڵد ترامپ و ژمارەیەك لە نوێنەرانی كۆماریخواز كە زۆرینەی كۆنگرێسی ئەمریكا پێك دەهێنن، كۆمەڵێك گەڵاڵەی نوێیان لە بەردەستدایە كە ئامانج لەوانە زیاتركردنی گەمارۆ نائەتۆمییەكان بۆ سەر ڕێژیمی ئێرانە.

باراك ئۆباما، سەركۆماری پێشووی ئەمریكا و بەرپرسانی ئیدارەی ناوبراو، بەردەوام داكۆكییان لە ڕێككەوتنی ئەتۆمی كردووە و لەو باوەڕەدا بوونە كە ئەو ڕێككەوتنە ڕێگر دەبێت لە بەردەم دەستڕاگەیشتنی ئێران بە چەكی ئەتۆمی.

كۆماریخوازەكانی ئەمریكا هەر لە سەردەمی دانوستانە ناوكییەكانەوە هەتا پاش ڕێككەوتنی ناسراو بە بەرجام، بەردەوام ڕەخنەیان لەو ڕێككەوتنە گرتووە. بە وتەی ڕەخنەگران، ئەو ڕێككەوتنە نەك هەر نابێتە بەربەست لە بەردەم دەستڕاگەیشتنی ئێران بە چەكی ئەتۆمی، بەڵكوو پارە و سەرچاوەی دارایی زیاتر دەخاتە بەردەستی گرێنگترین ڕێژیمی پشتیوانی تیرۆریزم لە جیهاندا.