کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشمەرگەیەکی ڕۆژهەڵات شەهید بوو

21:51 - 8 رەشەمه 2716

کوردستان میدیا: پێشمەرگەی یەکێک لە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە شەڕ دژی گرووپی تێرۆریستی داعشدا شەهید بوو.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٨ی ڕەشەمەی ١٣٩٥ی هەتاوی، زارا ناوسراو بە ئەوین، پێشمەرگەی پارتی ئازادیی کوردستان (PAK) کە پێشتر لە میحوەری باشیک بریندار ببوو، لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری هەولێر شەهید بوو.

دوای هێرش بۆ سەر شارۆچکەی باشیک که هاوکات لەگەڵ هێرشەکە، تیمێکی ژنانی پارتی ئازادییش لەو شەڕەدا بەشداری دەبن، دوو کچە پێشمەرگەی ئەو پارتە برینداربوون و دوای گواستنەوە بۆ نەخۆشخانە یەکێکیان بە ناوی ئەوین، به هۆی کاریگەر بوونی برینەکەی، شەهیدبوو.

لەو پێوەندییەدا، ڕێکەوتی ١٨ی بەفرانباری ١٣٩٥ی هەتاوی، لە ناوچەی ڕۆژئاوای کەرکووک، ٢ پێشمەرگەی پارتی ئازادیی کوردستان بە ناوەکانی محەممەد مەعرووفپوور ناسراو بە هاوکار خەڵکی شاری مەریوان، و ئیسماعیل خزری ناسراو بە ساکۆ خەڵکی شاری سەقز، شەهید بوون.

تا ئێستا ١٤ پێشمەرگەی پارتی ئازادی لە شەڕ دژی داعشدا شەهید بوونە.