کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیم سپای پاسدارانی وەدرۆ خستەوە

22:01 - 8 رەشەمه 2716

کوردستان میدیا: وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران لە وڵامێک‌دا ڕێکخراوی سپای تێرۆریستیی پاسدارانی سەبارەت بە پرسێکی بەناو ئەمنییەتی وەدرۆ خستەوە.

هەواڵدەڕییەکانی ڕێژیمی ئێران لە هەواڵێکدا بڵاویان کردووەتەوە کە؛ بەرپرسێکی ئەمنییەتیی ڕێژیمی ئێران باسی لەوە کردووە کە؛ ڕێکخراوی سپا هیچ هاوکارییەکی لەپێوەندی لەگەڵ دەستبەسەرکردنی تیمێکی بە گوتەی خۆیان تێرۆریستی‌دا نەبووە.

ئەو بەرپرسە ئەمنییەتییەی ڕێژیمی ئێران، ئەم وڵامەی دوای ئەوە داوەتەوە کە؛ سەردار نەجات یەکێک لە بەرپرسانی ڕێکخراوی سپای پاسدارانی ڕێژیم، باسی لە ڕۆڵی سپا لە دەستبەسەرکردنی ئەو تیمە بەناو تێرۆریستییە و دەستبەسەرکرانی عەبدولمالک ڕێگی‌دا کردووە.

هەروەها ئەو بەرپرسە ئەمنییەتییەی ڕێژیم کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، ڕایگەیاندووە؛ تیمێکی تێرۆریستی کە به ئامانجی تێکدانی ئەمنییەتی ٢٢ی ڕێبەندان هاتبوونە نێو ئێران، تەنیا لە لایەن وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراون و سپا هیچ ڕۆڵێکی تێدا نەبووە.

ئەو بەرپرسەی ڕیژیم سەبارەت بە دەستبەسەرکردنی ڕیگی باسی لەوە کردووە کە؛ دەستبەسەر کردنی ڕیگی لە فڕۆکەی هەڵگری ناوبراودا تەنیا لە لایەن وەزارەتی ئیتلاعات و هێزی هەوایی ئەرتەشی ڕێژیمەوە ئەنجام دراوە.

هەروەها ئەو بەرپرسەی ڕێژیم لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتوویەتی کە؛ دانی ١ میلیارد و ٧١٠ میلیۆن دۆلار لە لایەن ئامریکاوە به به هەیئەتی بەڕێوەبەریی دانوستانەکان و وەرگرتنی، لە لایەن شۆرای باڵای ئەمنییەتی نەتەوەییەوە بە وەزارەتی ئیتلاعات ئەسپێردرا و پاشان بانکی ناوەندیی و دەفتەری خەدەماتی حقووقی لەو کارەدا بەشدار بوون.

هەواڵدەریی ئیسنا لە زاری ناوبراوەوە بڵاوی کردووەتەوە کە؛ جیا لەو سێ ناوەندەی ڕێژیم هیچ لایەنێکی دیکە بەشداری ئەو ڕووداوانە نەبوونە و قسەکانی سەردا نەجاتیی وەدرۆ خستەوە.