کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا بە پشتیوانیی ڕێژیمی ئێران گەڵاڵەی دەرکردنی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات ئامادە دەکات

15:21 - 9 رەشەمه 2716

کوردستان میدیا: فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا لە پارلمانی دەوڵەتی عێراق، بۆ پەسندکردنی گەڵالەی دەرکردنی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات، بە پشتیوانیی ڕێژیمی ئێران، سەرقاڵی کۆکردنەوەی واژۆیە.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا بە هاندانی سپای تێرۆریستی قودس، لقی دەرەوەی سنووری سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، گەڵاڵەی دەرکردنی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی لە هەرێمی کوردستان لە پارلمانی عێراقی هێناوەتە گۆڕێ.

ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان باس لەوە دەکەن کە؛ ئەو گەڵاڵەیە پرسی وەک چەک دانان و دەرکردنی حیزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات لەخۆ دەگرێت.

دەگوترێت دوای چاوپێکەوتنی نووری مالکی و پاسداری تێرۆریست ئیرەج مەسجدی، باڵوێزی ڕێژیمی ئێران لە بەغدا، فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا گەڵاڵەیەکی لەم چەشنەی ئاماده کردووە.

نوێنەرانی فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا ڕایانگەیاندووە، ئیزن نادەین کە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە خاکی عێراقدا بن، چوونکە ئەوە دژی یاسای بنەڕەتییە.

نوێنەرانی فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا لە سەر پەسندکردنی ئەو گەڵاڵەیە لە پارلمانی عێراق، جەختیان کردووەتەوە کە درێژە به کۆکردنەوەی وژاۆ لەو بارەیەوە دەدەن.

ئەو هەوڵەی دەوڵەتی یاسا لەگەڵ دژایەتی فراکسیۆنی کورد لە پارلمانی عێراق بەرەوڕوو بووەتەوە و ئەو گەڵاڵەیە بە سیاسی دەزانن و دەڵێن کە نوێنەرانی فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا بە پشتیوانیی ڕێژیمی ئێران دەیانهەوێ پەسندی بکەن.

لەو پێوەندییەدا، کەریم پەرویزی، ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وتووێژ لەگەڵ ماڵپەڕی کوردستان میدیا باسی لەوە کردووە:
مەسەلەی یەکەم ئەوەیە کە هەندێک لە کوردەکانی ڕۆژهەڵات که لە هەرێمی کوردستانن پەناهەندەی سیاسین، کە لە ماوەی پەناهەندەبوونی خۆیاندا لە زۆر مافی پەنابەری بێبەشن.

مەسەلەی دووهەم ئەوەیە کە پاراستنی پەنابەرانی سیاسی لە وڵاتێكدا کە تێرۆریزم دەسەڵاتدارە، ناتوانرێت متمانە بە هێزە ئەمنییەتییەکانی عێراق بکرێت.

وێڕای ئەوەش، گەڵاڵەیەک کە لە لایەن سپای قۆدسەوە ئامادە کراوە و لە لایەن بەکرێگیراوانی کۆماری ئیسلامی لە بەغدا دێتە گوڕێ، هیچ ئێعتبارێکی ئینسانی و سیاسی نییه و خودی سپای قودس و سپای پاسداران و خودی بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامی بە هۆی کردەوە تێرۆریستیەکانیان لەژێر تەعقیبی نێودەوڵەتی دان.

ئەو ئەندامەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات باسی لەوە کرد:
وڵاتی عێراق کە گۆڕەپانی تێرۆریستەکانی سپای پاسداران بووە و تێرۆریستێکی وەک قاسم سلێمانی هەر ڕۆژ لە گۆشەیەکدا حزووری نیزامیی هەیە، ناتوانێت یاسایەکی موعتەبەر بۆ دەرکردنی پەنابەره سیاسییەکانی هەبێت.

پارلمانی عێراق یەکەم دەبێ ڕوخساری سیاسیی بە تاڵان‌چووی خۆی لە لایەن ویلایەتی فەقیهـەوە بستێنێتەوە، دواتر لە بیری دابین کردنی ئەمنییەتی پەنابەرانی سیاسیدا بێت.

وڵاتانێکی وەک عێراق کە هیچ سەروەرییەکی نەتەوەیی تێدا نەماوە لەگەڵ ئەم جۆره گەڵاڵانە، ئاژاوە بۆ سنوورە هاوبەشەکانی خۆیان لەگەڵ ئێران ڕادەکێشن.