کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پارێزەری خومەینی: هەڵەم کرد

16:33 - 9 رەشەمه 2716

کوردستان میدیا: پارێزەری خومەینی دوای ٣٨ ساڵ لە تێپەڕبوونی تەمەنی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاند کە: هەڵەم کردووە.

لە ڕاپۆرتێکدا ڕادیۆ فەرانسه بڵاوی کردووەتەوە کە؛ کریستیان بۆرگه کە دوای دەرکرانی خومەینی له عێراق و نیشتەجێ کردنی لە فەڕانسە پارێزەیی خومەینی وەئەستۆ گرتبوو، دوای ٣٨ ساڵ ڕایگەیاند کە؛ کارێکی هەڵەم کردووە و پەشیمانم.

بۆرگه هەروەها لە ڕووداوی بارمتەگیریی باڵوێزخانەی ئامریکا لە تاراندا ڕۆڵی هەبووە.

ئەو پارێزەرە لە بەشێکی قسەکانیدا ڕایگەیاندووە کە؛ تا ئیستا ئامادە نەبووە لەبارەی خومەینی و شۆڕشی ئیسلامییەوە هیچ قسەیەک بکات، بەڵام ئێستا دان بەوەدا دەنێت کە به هۆی ئەوەیکە لە شۆڕشی ئێراندا بەشداریی کردووە و یارمەتیی داوە، پەشیمان و بەداخە.

بۆرگه باسی لەوەش کردووە؛ هەمووی ئەم هەوڵانەی کە بۆ ڕووخانی شا کردم تا خومەینی بە دەسەڵات بگات، بووە بە بڵقی سەر ئاو.

ناوبراو باسی لەوە کردووە کە؛ یەکێک لە پرسە گرینگەکانی شۆڕشی ئێران ئەوە بوو که خەڵکی ئێران خومەینی‌یان بە خودا دەزانی و ئەوەش ئاساییە کە قسە لەگەڵ خودا ناکرێت.

کریستیان بۆرگه ئەو قسانەی لەگەڵ ڕۆژنامەی چەپگەرای لیبراسیۆن ئەنجام داوە، لەوێدا پەشیمانی و بەداخ بوونی خۆی دەربڕیوە.

شۆڕشی ئیسلامیی ئێران یان شۆڕشی ١٣٥٨ی ئێران، ڕووداوێکە کە لە ساڵی ١٣٥٨دا ڕوویدا و بوو بە ھۆی ڕووخانی دەوڵەتی شاھەنشاھیی ئێران و پێکھاتنی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران. دواتر ئەو شۆڕشە لەلایەن ئاخوندەکانەوە بە پێشەوایی خومەینی بە تاڵان و فیڕۆ چوو.

کریستیان بۆرگه (Christian Bourguet) خەڵکی فەڕانسەیە و پیشەی پارێزەی هەبووە. ناوبراو ساڵی ١٩٣٤ لە دایکبووە و دواتر دەستی بە چالاکیی سیاسی و بازرگانی کردووە.