کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامارەکان بۆ خۆیان دەدوێن

16:38 - 9 رەشەمه 2716

کوردستان میدیا: لە کۆتاییەکانی ساڵی ٩٥ی هەتاوی و دەسپێکی ساڵی نوێی هەتاوی، کۆمەڵێک ئاماری نوێ بڵاو کراوەتەوە کە دەرخەری بارودۆخی ئابووری، کۆمەڵایەتی و مەعیشەتیی خەڵکی ئێرانن.

ناوەندی ئاماری ئێران کۆمەڵێک داتای لە ژێر ناوی ئاکاری فەرهەنگیی خانەوارە ئێرانییەکان بڵاو کردۆتەوە کە تێیدا بە وردی ئاوڕ لە هۆکارەکانی دوورکەوتنەوەی لاوان بۆ پێکهێنانی ژیانی هاوبەش بەتایبەت لاوانی سەروو ١٨ ساڵ کراوە.

بەپێی ئەم ئامارانە کە ناوەندی ئامار بە شێوەی مەیدانی لێکۆڵینەوەی بۆ کردووە، ٧٤%ی لاوان هۆکاری پێکنەهێنانی ژیانی هاوبەشیان بۆ بێکاری، نەبوونی پیشەی هەمیشەیی، کێشەی دابین کردنی خانووبەرە و بەگشتی کێشە ئابوورییەکان گەڕاندۆتەوە.

لەلایەکی دیکەشەوە بانکی ناوەندیی رێژیم لە بەرەبەری نەورۆزدا نوێترین نرخی کەلوپەل و پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانی لە بازاڕە فەرمییەکانی ئێران بڵاو کردۆتەوە، کە بەوپێیە دەردەکەوێت ئەم نرخانە ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ زیادیان کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی فەرمیی بانکی ناوەندی، ٧ دەستەی شتومەکەکان لەوانە شیرەمەنی و هێلکە، برنج و دانەوێڵەکان، میوە و سەوزییەکان، گۆشتی سوور و گۆشتی مریشک، قەند و چایی و ڕۆن بەشێوەی ڕۆژانە گرانتر بوون.

بەپێی ڕاگەیەندراوی بانکی ناوەندی، نرخی شیرەمەنییەکان لە ئێستادا بە بەراورد لەگەڵ هەمان بڕگەی زەمەنی لە مانگی ڕەشەممەی ساڵی ڕابردوودا ٥/٧%، نرخی هێلکە ٥/٣%، نرخی میوە ٨/٢٦%، نرخی سەوزی ٤/٢٧%، گۆشتی سوور ٨%، گۆشتی مریشک ١/٢٥%، نرخی قەند و شەکر ٣/٢٣%، نرخی چایی ٢/١٣% و نرخی ڕۆن ٤/٨% زیادیان کردووە.

هەر لەم پێوەندییەدا نرخی دۆلار و سکەش بەشێوەیەکی بەرچاو بەرز بۆتەوە؛ ڕۆژنامەی افکار بڵاوی کردەوە نرخی سکە ڕۆژی یەکشەممە بەبەراورد لەگەڵ ڕۆژی پێشتری خۆی ٤٠٠٠ تمەن گرانتر بوو؛ هەروەها دۆلار ٤ تمەنی دیکە گران بوو.

دوایین ئامارەکان سەبارەت بە ڕێژەی نەخدینەییش، کە بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی هەڵاوسان دێتە ئەژمار، دەریدەخەن کە لە کۆتاییەکانی مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵدا ئەم ڕێژە ١١٦١٨٠٢ میلیارد ڕیاڵ بووە، کە بەبەراورد لەگەڵ ڕەشەممەی ساڵی ٩٤، ٢/١٤% زیادی کردووە و بەبەراورد لەگەڵ مانگی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردووش، لانیکەم ٢٨% زیادبوونەوەی بەخۆوە بینیوە.