کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەیئەتێکی حیزبی دێموکرات لەگەڵ ئەندام پارلمانێکی کانادا کۆبوونەوە

15:58 - 11 رەشەمه 2716

کوردستان میدیا: هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەگەڵ ئەندام پارلمانێکی سەر بە حیزبی دەسەڵاتداری لیبڕاڵ لە ڕۆژئاوای کانادا دیداریان کرد.

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٩ی ڕەشەمەی ١٣٩٥ی هەتاوی، ھەیئەتێکی حیزبی دێموکرات پێکھاتوو لە شەھریار ویژە، بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەڕۆژئاوای کانادا و ئیسماعیل ئیبراھیمی، نوێنەری حیزب لە کانادا، لە نووسینگەی تایبەتی خۆی لەگەڵ تێری بیچ دۆستی گەلی کورد و ئەندام پارلمانی کانادا سەر بە حیزبی دەسەڵاتداری لیبراڵ، چاوپێکەوتنیان کرد.

لەو دانێشتنەدا سەرەڕای ھەندێک باسی گشتی لەسەر دوایین ئاڵوگۆڕەکانی ڕۆژھەڵاتی نێوەڕاست و دۆخی خەباتی گەلی کورد بە گشتی، ھەیئەتی حیزبی دێموکرات بە وردی لەسەر خەباتی حیزبی دێموکرات و گەلی کورد لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان و ڕاسانـی نوێی ڕۆژهەڵات بۆ بیچ قسەیان کرد و وێڕای داوای پشتگیری زیاتری دەوڵەتی کانادا لە خەباتی گەلەکەمان، داوا کرا سەبارەت بە پرسی پێوەندیی دیپلۆماتیکی نێوان کانادا و ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، تێبینیەکانی ھاوڵاتیانی کورد لەبەر چاو بگیرێت و کانادا بەردەوام بێت لە گوشار بۆ سەر ئەو ڕێژیمە لە بواری مافی گەلان و مافی مرۆڤ و پێشگیری لە کردەوە تێرۆریستیەکانی ئەو ڕێژیمە.

لەو دیدارەدا، بەرێز بیچ وێرای دەربڕینی خۆشحاڵی خۆی بۆ ئەو چاووپێکەوتنە، سپاسی ھەێئەتی حیزبی دێموکراتی کرد بۆ زانیاری و ڕوونکردنەوەکان و بەلێنی ھاوکاری زیاتر و لەبەرچاو گرتنی داواکانی دا و ھیوای خواست پێوەندی و چاوپێکەوتنە دوولایەنەکان ھەر وا بەردەوام بن.