کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تێپەڕبوونی ٣٨ ساڵ بەسەر ڕاگەیاندنی خەباتی ئاشکرای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

21:14 - 11 رەشەمه 2716

کوردستان میدیا: دوای ٣٢ ساڵ خەباتی نهێنیی، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران خەباتی ئاشکرای خۆی لە ڕێکەوتی ١١ی ڕەشەمەی ١٣٥٧دا ڕاگەیاند.

ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێکەتی ١١ی ڕەشەمە ٣٨ ساڵ لە خەباتی ئاشکرای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران تێپەڕ دەبێت. لە یەكەم كۆبوونەوەی ئاشكرای حیزب که دوای سەركەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران، لە ستادیۆمی شاری مەهاباد پێكهات، جووڵانەوەی نەتەوەیی دێموكراتی بە خێرایی سەرانسەری كوردستانی گرتەوە، ئەوەش دەسەڵاتی كۆنەپەرستیی هەراسان كرد.

لەم کۆبوونەوەدا شەهیدی نەمر دوکتور قاسملوو چەند وتەیەکی پێشکەش کرد.

دوکتور قاسملوو لە وتەکانی خۆیدا دامەزراندنی سیستمێکی دێموکراتیکی لە ئێراندا، بەزامنی دەستەبەربوونی داواکارییە ڕەواکانی نەتەوەی کورد زانی.

دوکتور قاسملوو لەو میتینگەدا باسێکی لە سەر مێژووی خەباتی حیزبی دێموکرات لە سەردەمی شاهەنشاهیدا پێشکەش کرد و باسی لەوە کرد کە؛ تاوانبارکردنی نەتەوەی کورد بە تەجزیە تەلەبی قسەیەکی کۆنە و ئەوەش دوژمنان وەپاڵ حیزبی دێموکراتی دەدەن.

دوکتور قاسملوو ڕێبەری بلیمەتی کورد لە قسەکانیدا لە سەر مافی چارەنووس و ئیدارەی کوردستان پێداگری کردەوە و ڕایگەیاند کە؛ کوردستانی ئێران دەبێت لە فەزای نیزامی و میلیتاریزه بێتە دەر و پادگانە نیزامییەکان دەبێ لە نزیکیی سنوورەکان بێت نەک لە نێو شارەکاندا.

دوکتور قاسملوو لەو کۆبوونەوەیەدا ڕایگەیاند؛ تێرۆری فیکری دەبێ حەزف بکرێت و هیچکەس نابێت به هۆی بیر و ڕای جیاوازەوە هەڕەشەی لێ بکرێت.

دوکتور قاسملوو ڕوو لە ئەندامان و کادرەکانی حیزبی دێموکرات ڕایگەیاند؛ ئەرکی ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراته کە ڕوانگه و بەرنامە و داواکارییەکانی حیزب ببەنە نێو کۆمەڵانی خەڵک و سەرنجی خەڵک بۆ پشتیوانی لە حیزبی دێموکرات ڕابکێشێن و ئەرکی ئەندامان و کادرەکان ئەوەیە بۆ زیندوو کردنەوە و دامەزراندنی ئۆرگانەکانی حیزبی دێموکرات هەوڵ بدەن و نابێ لە بیر بکەن تەشکیلات گرینگترین چەکی ئێمەیە.

لە ساڵی ١٣٢٦ ەوە تا کۆتاییەکانی ١٣٥٧، لە ماوەی سەردەمی ڕەشی سەرەڕۆیی رێژیمی پاشایەتیدا هەزاران كەس لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزب زیندانی كران و ئازار و ئەشكەنجە دران، لە كوردستان وەدەر نران، ئاوارە بوون و دەیان ڕۆڵەی خەباتگێڕی حیزب ئێعدام كران، بەڵام تێكۆشانی حیزب هەرگیز ڕانەوەستا.

حیزبی دێموكرات داخوازییەكانی گەلی كوردی بە شێوەیەكی ئاشتیخوازانە لەگەڵ ڕێژیمی تازە بەدەسەڵات گەیشتوو هێنایە گۆڕێ‌، بەڵام ڕێژیم ئامادە نەبوو داخوازییەكانی گەلی كورد قبووڵ بكات، بۆیە حیزبی دێموكرات لە مانگی خاكەلێوەی ١٣٥٨ی هەتاویدا داوای لە خەڵكی كوردستان كرد كە لە ڕێفراندۆمی دەنگدان بە كۆماری ئیسلامیدا بەشداری نەكەن و لە پاشان دەنگیان بە یاسای بنەڕەتیی كۆماری ئیسلامیش نەدا.

دواتر خومەینی لە دژی نەتەوەی كورد فەرمانی جیهادی دا و ڕێژیم شەڕێكی سەرانسەریی بەسەر كوردستاندا سەپاند، كە بۆ ماوەی سێ مانگ درێژەی كێشا.

ئەمڕۆ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران خەباتی نوێی خۆی لەژێر ناوی ڕاسانی ڕۆژهەڵات دەست پێکردووە و وەک هەمیشە لە سەر ڕێبازی خۆی بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی پێداگرە و تا ئێستا چەندین ڕۆڵەی بە ئەمەگی خۆی فیدای خاکی کوردستان کردووە.