کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبەکانی ڕۆژهەڵات دژی پیلانی پارلمانی عێراق کۆبوونەوە

14:59 - 12 رەشەمه 2716

کوردستان میدیا: ٦ حیزبی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دژی پیلانی پارلمانی عێراق کۆبوونەوە.

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١١ی ڕەشەممەی ١٣٩٥ی هەتاوی هەیئەتی ٦ حیزبی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە دەفتەری سیاسیی کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران کۆبوونەوە.

لەو کۆبوونەوەیەدا کە هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی بە سەرپەرەستی محەممەدنەزیف قادری ئەندامی دەفتەری سیاسی حیزب بەشدار بوون سەبارەت بە هەوڵی ژمارەیەک ئەندام پارلمانی عێراق بە مەبەستی دەرکردن و چەککردنی تێکۆشەرانی کوردی ئێران لە ئارادایە و تا ئێستا نەچۆتە قۆناغی جێبەجێ کردنەوە گفتوگۆ کرا.

بەپێی دوایین زانیارییەکان هەموو لایەنەکان لەسەر ئەوە یەکدەنگ بوون، کە ئەوە پیلانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە و بە مەبەستی زەربەلێدان لە تێکۆشەرانی کوردی ئێران کاری بۆ دەکرێت کە کاریگەری لە سەر سەربەخۆیی سیاسیی عێراق و هەرێمی کۆردستانیش هەیە.

لە کۆتایی ئەو کۆبوونەوەدا لایەنەکان وێڕای هاودەنگی لەسەر ئەو مەسەلە کۆمیسیۆنێکی هاوبەشیان پێکهێنا تاکوو لەم ڕێگەوە هەوڵ بۆ پووچەڵ کردنەوەی ئەو پیلانە شوومە بدەن و بۆ سەردان و دیدار لەگەڵ سەرۆکی کۆتلە پەرلەمانییەکان و لایەنە پێوەندیدارەکان بەرنامەی کاری هاوبەش بەڕێوە ببەن.

دوای کۆبوونەوەکە پرێس کۆنفراسێک بۆ سەرجەم لایەنەکان پێکهات و وڵامی پرسیاری پەیامنێران وکاناڵەکانی ڕاگەیاندن درایەوە.