کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران وانە دژی حیزبە کوردییەکان دەڵێتەوە

15:41 - 13 رەشەمه 2716

کوردستان میدیا: بەرپرسانی فێرکردن و پەروەردەی ڕێژیمی ئێران بۆ دژایەتی و بەدناوکردنی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات بۆ ساڵی داهاتووی خوێندن وانەیەک دژی حیزبە کوردییەکان لە قوتابخانەکان دەڵێنەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە دوایین هەوڵەکانی ڕێژیمی ئێران دژی خەباتی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵات و حیزبەکانی دژبەری ئەو ڕێژیمە، وانەی دژی ئەو حیزبانەی بە فەرمی لە خوێندنی قوتابیان زیاد کردووە.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا لەو بارەیەوە ڕایگەیاندووە؛ بۆ ئەمساڵ واتە ساڵی نوێی خوێندن، لە کلاسی ٦ و ٧دا لە قوتابخانەکان وانە دژی حیزبە کوردییەکان دەوترێتەوە.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا هەروەها ڕایگەیاند؛ ئەو وانە وتنەوەیە تەنیا دژی حیزبە کوردییەکان نیە، بەڵکوو دژی مەزهەبی سوننەش هەمان کردەوەی دزێو بەڕێوەدەبرێت.

لەو پێوەندییەدا لە هەواڵێکدا کە به ماڵپەڕی کوردستان میدیا گەیشتووە، مامۆستایانی قوتابخانەکانی نەغەده دژی حیزبی دێموکرات وانە دەڵێنەوە و لە وانەکانی خۆیاندا باس لە ڕاسان و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات دەکەن و حیزبی دێموکرات بە شەڕخواز و هاوکاری ئیستبداد لە قەڵەم دەدەن.

ڕێژیمی ئێران لەکاتێکدا دژی سوننە مەزهەبەکان وانه دەڵێتەوە کە؛ پێڕەوانی ئایین و مەزهەبە غەیرە شیعەکان لە ئێراندا بەردەوام لەلایەن دەسەڵاتەوە سەرکوت دەکرێن و ساڵانە ژمارەیەکی بەرچاو لە پێڕەوانی مەزهەبی سوننە و ئایینی بەهایی، مەسیحیەت و... لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە دەستبەسەر و مەحکووم دەکرێن.

لە سەرەتای دەستپێکی خەباتی نوێی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە، بەرپرسانی سیاسی و نیزامیی باڵای ئەو ڕێژیمه بەردەوام هەڕەشە لە حیزبی دێموکرات دەکەن و لە هەوڵدان کە بە هەر شێوەیەک، بەرەنگاری ئەم خەباتە ببنەوە.

خەباتی نوێی حیزبی دێموکرات لە نەورۆزی ئەمساڵدا لەژێر ناوی ڕاسان دەستی پێکرد و حیزبی دێموکرات هەتا ئێستا چەندین ڕۆڵەی بە نرخی خۆی لەو ڕێگایەدا فیدا کردووە و لە سەر درێژەپێدانی ئەم خەباتە شێلگیره.