کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندام پارلمانێکی کانادا پشتیوانیی خۆی لە ڕاسان دووپات کردەوە

15:02 - 15 رەشەمه 2716

کوردستان میدیا: ھەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕۆژئاوای کانادا لەگەڵ ئەندامێکی پارلمانی کانادا دیداریان کرد.

ڕۆژی ھەینی ١٣ی ڕەشەممەی ١٣٩٥ی هەتاوی، ھەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پێکھاتوو لە ھاوڕێیان شەھریار ویژە، ئیسماعیل ئیبراھیمی و تۆفیق عەزیزی، لە شاری کاڵگاری لەگەڵ تام کمیک ئەندامی پارلمانی کانادا و سەرۆکی گرووپی پارلمانی دۆستانی کورد کۆبوونەوە و دوایین ئالوگۆرەکانی کوردستان و ناوچە و ھاووڵاتیانی کوردی کانادایی کەوتە بەر باس ولێکۆڵینەوە.

سەرەتا نوێنەری حیزبی دێموکرات وێڕای پیرۆزبایی ساڵوەگەری دامەزراندنی گرووپی دۆستانی کورد لە پارلمانی کانادا بە ھەوڵی کمیک، سپاسی بەرێزیانی کرد بۆ دوایین وتاری لە پارلمانی کانادا و پشتگیری ڕاشکاوانەی لە گەلی کورد و ڕاسانی ڕۆژھەڵات، ناوەرۆکی تێرۆریستی، دیکتاتۆری و دژەمرۆڤانەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانی شی کردەوە و بە وردی لەسەر ڕەوشی زیندانییە سیاسییەکان و چالاکانی سیاسی و فەرھەنگی بە تایبەت بڕیاری دادگای ڕێژیم بەسەر خەڵکی بێتاوانی گووندی قەرەسەقەلدا دوا و داوای کرد کمیک لە ھەموو تواناکانی پارلمان کەڵک وەر بگرێت بۆ ڕیسواکردنی کۆماری ئیسلامی و یارمەتی بە گیراوانی سیاسی کورد لە زیندانەکانی ئەو ڕێژیمە بدات.

لە درێژەی ئەو دانیشتنەدا، کمیک سپاسی ھەیئەتی حیزبی دێموکراتی کرد و وێڕای شی کردنەوەی ھەوڵەکانی بۆ بەرینترکردنی کۆمەڵەی پارلمانی دۆستانی کورد، و پشتگیری لە مافەکانی گەلی کورد بە گشتی و ڕۆژھەلاتی کوردستان بە تایبەتی بەڵێنی دا بەردەوام بێت لە پشتیوانی بۆ ڕاسانی نوێی گەلەکەمان لە ڕۆژھەلاتی کوردستان.

لە کۆتایی ئەو دیدارە دا، ھەیئەتی حیزبی دێموکرات وڵامی چەند پرسیارێکی مێژووی سیاسی کمیکی دایەوە و بەشێک لە مێژوو و کلتووری گەلەکەمان کەوتە بەر باس.