کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناسینی بەشێکی‌تر لە \"ڕوواڵەتەکانی تارمایی\"

21:41 - 15 رەشەمه 2716

ئارەش ساڵح

ڕۆژی ٢١ی ئاوریلی ساڵی ١٩٨٢ یوری ئاندرۆپۆڤ کە ئەو کات بەرپرسی کا گێ بێ ڕێکخراوی سیخوڕی یەکیەتیی سۆڤێەتی جاران بوو بڕیاری بۆ هەموو سیخوڕەکانیان و دەستووپێوەندەکانی ئەو ڕێکخراوەیە لە ئامریکا دەرکرد کە هەندێک کردەوەی ئەکتیڤ (اقدامات عملی) یان active measures لە بەرامبەر کەمپەینی هەڵبژاردنی ڕۆناڵد ڕیگان بگرنە بەر.

کردەوەی ئەکتیڤ یان اقدام عملی بە پێچەوانەی مێتۆد و ڕەوشتی نەریتی سیستەمە سیخوڕییەکان کۆ کردنەوەی زانیاری نیە بەڵکوو دەیهەوێت بە کەڵک وەرگرتن لە هەندێک ئامراز لە سەر ڕەوتی ڕووداوەکان کاریگەر بێت.

بۆیە ئەندامانی کا گێ بێ و دەستوو پێوەندیەکانیان لە ئامریکا هەوڵیان دا کە بڕۆنە ناو هەر دوو کەمپەینی دێموکراتەکان وکۆماریخوازەکان بۆ ئەوەی تەنیا یەک درووشم بخەنە سەر زاری خەڵک و بڵاوەی پێ بکەن: ڕیگان شەڕی دەوێ . ئەوە ئەو درووشمە بوو- کە بە ڕوواڵەتێکی دژە شەڕانە و ئاشتی خوازانە- لە ڕاستیدا ئامانجەکەی ئەوە بوو کە پێش بە هەڵبژاردنی ڕیگان بگرێت. دیارە بڕیار بوو ئەو دەستووپێوەندانەی کا گێ بێ کە لە کەمپەینی بەرامبەر بە ڕێگان بوون ئەو درووشمە دووپات بکەنەوە و ئەوانەش کە لە ناو لایەنگرەکانیدا بوون ئەوەندە بە خراپی بەرپرچی ئەو درووشمە بدەنەوە کە ئەو درووشمە ببێت بە باسی ڕۆژ لە ئامریکا و هەموو کەس لە سەری قسە بکات و بەرنامە سەرەکیەکانی کەمپەینەکەی ڕیگان لەبیر بکرێنەوە.

کردەوە ئەکتیڤەکان یان اقدامات عملی لە ڕاستیدا لە ڕێگەی چەند تەکنیکەوە بەڕێوە دەچن کە کاریگەرترینیان بە ناوی گرووپە ڕوواڵەتییەکان یان front groups ناسراوە. گرووپە ڕوواڵەتیەکان هەندێک گرووپن کە لە لایەن ڕێکخراوی دایکەوە بۆ ئامانجێکی تایبەت دادەمەزرێن بەڵام لە هەمان کاتدا وا پیشان دەدەن کە ئەجێندا و بەرنامەیێکی‌تریان هەیە. ئەم گرووپە ڕوواڵەتیانە دەتوانن پانتایێکی بەرین لە چالاکی لە خۆ بگرن. بۆ وێنە یەکێک لە گرووپە ڕواڵەتیەکانی سی ئای ئەی لە دەیەی چل هێڵی گواستنەوەی ئاسمانی باشووری واتە Southern Air Transport بوو کە بە ڕواڵەت کۆمپانیایێکی بازرگانی سیڤیل بوو کە کاری گواستنەوەی دەکرد بەڵام هاوکات گرووپێکی ڕوواڵەتی بوو بۆ سی ئای ئەی. لە کەیسی کا گێ بێ گرووپە ڕوواڵەتیەکان لە گرووپەکانی چالاکڤانی دژە شەڕ و چالاکانی مافی ژنان بگرە تا کەسانی کارمەندی ناو کەمپەینەکانی لە خۆ دەگرت. بە درێژایی دەیەکانی شەست و حەفتادا، گرووپە ڕوواڵەتیەکانی سەر بە کا گێ بێ هەرجۆرە قسەڵۆکێکیان لە دژی ئامریکا و لە ناو خودی ئامریکادا بڵاو دەکردەوە وەکوو ئەوەی کە ئەرتەشی ئەمریکا ڤایرۆسی ئەیدزی لە لابراتوارێک لە مەریلەند ساز کردووە یان ئەوەی دەوڵەت دەستی بووە لە کوشتنی مارتین لۆتێر کینگ.

تاکتیکی‌تری ئەو ڕێکخراوانە بۆ کاریگەری‌دانان لە سەر ڕەوتی ڕووداوەکان پێی دەڵێن دێزینفۆرماتسیا Dezinformatsiya واتە بڵاو کردنەوەی زانیاری هەڵە بۆ بێ بایەخکردنی ڕەوتی سەرەکی ڕووداوەکان یان بۆ ئەو مەبەستەی کە کۆمەڵگا بە تەواوەتی متمانەی خۆی لە هەر ڕاستیێک کە بتوانێت پشتی پێ ببەستێت لە دەست بدات. دێزینفۆرماتسیا پێویستی بەوە هەیە کە کەلێن یا شێکافگەلێک لە نێوان ئەندامان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای ئامانج بوونیان هەبێت. دێزینفۆرماتسیا هەوڵ دەدات کە خۆی بخزێنێتە ناو ئەو کەلێنانە و زیاتر بیانکاتەوە و بڵاوتریان بکات. ئۆلێگ کالووگین کە خۆی ژەنەراڵێکی کا گێ بێ یە دەڵێت کە کۆمەڵگا ئازادەکان زۆر جیاوازیان تیایە و خەڵک بە شێوەی جۆربەجۆر جیاوازی بیرووڕایان هەیە و کەلێن لە نێوانیاندا زۆرە ئەوەش هۆکارەکەی ئەوەیە کە هەر تاکێک خاوەنی بیروڕای خۆیەتی. کالووگین لە درێژە دا دەڵێت ئەو کەلێنە کۆمەڵایەتیانەی ناو کۆمەڵگا ئازادەکانی ئورووپا و ئامریکا ئامانجێکن بۆ کە کا گێ بێ کە بۆ دێزینفۆرماتسیا کەڵکیان لێ وەربگرێت.

بەڵام بۆ ئەوەی گرینگی دێزینفۆرماتسیا زیاتر هەست پێ بکەین باشتر لەوەیە بگەڕێینەوە بۆ چەمکی سەرمایەی کۆمەڵایەتی لە ڕوانگەی فرانسیس فۆکۆیاماوە. فۆکۆیاما بۆ وەڵام دانەوەی ئەو پرسیارە کە بۆچی هەندێک لە کۆمەڵگاکان دوواکەوتوون و هەندێک پێشکەوتوون دەگەڕێتەوە بۆ سەرمایەی کۆمەڵایەتی و دەڵێت سەرمایەی کۆمەڵایەتی زۆر گرینگە بۆ ئەوەی کۆمەڵگایەێک بتوانێت هەوڵ بدات و ئاکام و بەهرە وەرگرێت. ئەو دەڵێت کە سەرمایەی کۆمەڵایەتی بریتیە لە ئەو بەهایانەی کە بە ئێمە وەکوو مرۆڤ ڕێگە دەدەن کە لەگەڵ یەکتر کار بکەین. دەڵیت لەوانەیە لە ناو کەلتوورێک زۆر باسی ئەوە بکەن کە کاری بەکۆمەڵ باشە، بەڵام ئەگەر چاو لێ دەکەی سەرەڕای ئەو هەموو بانگەشەیە بەڵام هێشتا کەلتووری کاری بەکۆمەڵ لە ناو ئەو کۆمەڵگایە لاوەزە و کاری بەکۆمەڵ تیایا بەدی ناکرێت. بۆیە دەڵێت بەها بوونی کاری بەکۆمەڵ خۆی بە تەنیا سەرمایەی کۆمەڵایەتی نیە بەڵکوو ئەو سەرمایەیە بریتیە لە هەندێک بەها کە ئاسانکاری بۆ کاری بەکۆمەڵ دەکەن. ئەو پێی وایە کە متمانە گرینگترین بەهایە لەو زەمینەیەدا و بە هێنانەوەی نموونەیێک، ئەو بابەتە زیاتر شی دەکاتەوە. ئەو دەڵێت کە باشووری ئیتالیا بەشێک بووە لە ئیمپراتۆری ڕۆم و دەبوایە کە کەڵەکەی سەرمایە هەم لەبەر پێشینەکەی و هەم لەبەر ئەوەی ڕێگەی بە زەریا هەیە لەوێش بوونی هەبوایە. بەڵام سەرەڕای ئەو فاکتەرانە هێشتا لە بواری ئابووری و کەلتووریەوە کۆمەڵگایێکی دوواکەوتوویە. ئەو دەڵێت کە بەهادان بە نامتمانەیی یان متمانە نەکردن لە ناو ئەو کۆمەڵگایەدا گەورەترین هۆکارە بۆ ئەو دوواکەوتوویە.

فۆکۆیاما بۆ ئەوەی پیشان بدات کە چۆن متمانە نەکردن و بێ متمانەیی کۆمەڵایەتی لە ناو کلتووری ئەو ناوچەیە بەهایێکی زاڵە، ئاماژە بە یەکێک لە پەندە گرینگەکانی ناو فولکلوری ئەو شوێنە دەکات کە ڕەمزێکە لە ئاوەزی گشتی ئەو کۆمەڵگایە. ئەو دەڵێت کە ئەو پەندە ئەوەیە کە باوکێک کوڕەکەی بە سەر دارێکەوە دادەنێت و پێی دەڵێت کە خۆت فڕێ بدە من دەتگرمەوە. کوڕەکە خۆی بەر دەداتەوە بەڵام باوکەکە بەڵێنەکەی بەجێ ناهێنێت و کوڕەکەی ناگرێتەوە. پاشان کوڕەکە لە باوکی تووڕە دەبێت و لێی دەپرسێت کە هۆکاری کارەکەی چی بوو؟ باوکەکەش لە وەڵامدا دەڵێت کە من ویستم پێت پیشان بدەم کە لە ژیانتدا بە باوکیشت متمانە نەکەی.

فۆکۆیاما دەڵێت ئەم پەندە یەکێکە لە حیکایەتە هەرەگرینگەکانی فولکلوری ئەو کۆمەڵگایە کە وەکوو دەرسێکی کۆمەڵایەتی بۆ فێرکاری بەهاکانی ناو کۆمەڵگا لە کلتووری زارەکی خەڵکدا بڵاو دەبێتەوە. ئەو پەندە پیشان دەدات کە ئاوەزی ئەو شوێنە بەهایێکی زۆر بە متمانە نەکردن دەدات بۆیە بە پێچەوانەی کۆمەڵگاکانی‌تری ڕۆژئاوا ئەو شوێنە لە باردووخێکی خراپ و پاشکەوتوو دایە.

بۆ ئەوەی لە کۆمەڵگا ئامانجێک بەدی بێت و کارێکی گرینگ جێبەجێ بکرێت پێویستە خەڵک پێکەوە کاری بەکۆمەڵ بکەن و بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە خەڵک متمانەیان بە یەک هەبێت. ئەگەر لایەنێک بیهەوێت لە کۆمەڵگایێکدا کارێک جێبەجێ نەبێت بە دێزینفۆرماتسیا متمانە لە ناو کۆمەڵگاکە کەم دەکاتەوە و وا دەکات کە تاکەکانی ناو کۆمەڵگا لە دۆزینەوەی رەوایەتی جێی متمانە تووشی شک و گومان و نادڵنیایی ببنەوە.

هیچ پێویست بە ئیستێدلال ناکات کە ڕزگاریخوازی و جووڵانەوەی گەلی کورد کارێکی گرینگە کە زیاتر لە هەرشتێک پێویستی بە دوو جۆرە متمانە هەیە. یەکەم متمانەی خەڵک بە یەکتر واتە خەڵک لە ناو یەکدا بە یەکتری متمانە بکەن. دووهەم متمانە بە ڕەوایەت یان گێڕانەوەیێک کە گوزارشت لە هۆکاری دوواکەووتوویی ئەوان و گوزارشت لە ستەمێک دەکات کە بەوان دەچێت. دیارە ئەو ڕەوایەتە، ڕەوایەتی بەڕێوەبەر واتە کارگوزار یان ئەیجێنتی ئەو جووڵانەوە ڕزگاریخوازەیە. ئەو ئەیجێنتەش بێ شک لە دنیای ئەمڕۆدا حیزبەکانن.

لەسەرەتای دەسپێکردنی شۆڕشەوە دەسەڵات هەوڵی داوە کە ئەو متمانەیە لە ڕێگەی دێزینفۆرماتسیاوە لە ناو بەرێت. لە دەیەی شەستدا ئەو متمانەیە لە ئەوپەڕی خۆی بوو. خەڵک بەیەک متمانەیان دەکرد و هاوکات متمانەی جەماوەری بە ڕەوایەتی حیزبەکان لە چەوسانەوە لەو پەڕی خۆی بوو. بەڵام دەسەڵات سەرەتا هێرشی کردە سەر متمانەی خەڵک بە یەکتر؛ واتە، بە بڵاو کردنەوەی هەندێک قسە - کە وا پیشنایان دەدا کە بنەمایان لە سەر خێرخوازی و عەقڵ و ئاوەزە- دەستاین کرد بە تۆقاندنی خەڵک بە نیسبەت یەکتر. لە ناو خەڵک بڵاویان کردەوە کە دیوار مشکی هەیە و مشکیش گوێی هەیە. یەکێک لە گرینگترین قسەکانی کۆتایی دەیەی شەست و سەرەتاکانی دەیەی حەفتا کە دەسەڵات هەوڵی دەدا لە کوردستان بڵاوەی پێ بکات و تا ئێستاش هەر ماوەتەوە ئەوە بوو کە هەر ماڵیک جاسووسێکی تیایە یان لە گیرفانی هەرکەسێکدا کارتێکی بەسیجی هەیە. ئەمە وای کردبوو کە هەرکەس بە ڕاشکاوانە بیروڕای خۆی دەردەبڕی بە مرۆڤێکی کەمتەرخەم، نەفام و بێ عەقڵ دەکەوتە بەرچاو. بۆیە لە ڕاستی دا دوژمن بە هێرش کردنە سەر بەها و ئەرزشە سەرەکییەکانی ئێمە وای بە ئێمە کرد کە واتا و تاریفی بێ عەقڵ و عاقڵ لە ناو کۆمەڵگادا وا بگۆڕین کە لە بەرژەەندی ئەو دا بێت واتە بە خزاندنی قسە نەکردن، بێ دەنگ بوون و متمانە نەکردن لە ناو خانەی عاقڵی و هەروەها بە خزاندنی دەربڕینی ڕاشکاوانەی بیروڕا، هەستانەوە لە بەرامبەر بێ عەدالەتی و ڕاشکاوانە بەرگری لە مافی خۆ کردن لە ناو خانەی بێ عەقڵی بە جێگەی ئەوەی کە لە بەر دەرگای هەر کام لە تاکەکانی کۆمەڵگا پۆلیسێک دابنێت لە ناو مێشکی هەرتاکێک پۆلیسێکی کاریگەرتری دانا. لەبەر ئەوەی تاکی ناو کۆمەڵگا تەنانەت ئەگەر بیهەوێت بوێریش بێت و لە بەرانبەر پۆلیسی بەرماڵەکەی هەستێتەوە بەڵام خۆ نایەوێ بێ عەقڵ بێت و لە بەر دەمی کۆمەڵگا وەکوو مرۆڤێکی بێ عەقڵ بێتە بەرچاو.

لە قۆناخی دووهەمی لە ناوبردنی متمانە لە ناو کۆمەڵگادا، دەسەڵات لە ڕێگەی گرووپە ڕواڵەتیەکان و بە هەندێک کردەوەی ئەکتیڤ یان اقدام عملی، هەوڵی لە ناوبردنی متمانە بە ڕەوایەت یان گێڕانەوەی جێ باوەڕی جەماوەری لە ناو کۆمەڵگای داوە. ئەگەر ڕەوایەتێک یان گێڕانەوەیێک لە باروودۆخی کۆمەڵگا نەبێت کە کۆمەڵگا بە شێوەیێکی گشتی متمانەی پێ بکات ئیتر هیچ ئاگایێکی هاوبەش نامێنێتەوە کە ببێتە بنەمای ئەکت و کردەوەی هاوبەش.

دەسەڵات لە ڕێگەی هەندێک لەو گرووپانە کە لە قاڵبی رۆشنبیر یان ئەدیب لە سەرەتاکانی دەیەی شەست دەستیان بە کارکردن کرد سەرەتا شکیان لە ناو کۆمەڵگا بە نیسبەت ڕەوایەتی حیزبەکان لە کار و چالاکی پێک هێنا پاشان بە هاتنە ئارای هەندێک نەحلەی ڕۆشنبیری و ڕەوتی ئیسڵاح تەڵەبی شکیان لە ناو کۆمەڵگا بە نیسبەت ڕەوایەتی حیزبەکان لە خەبات پێک هێنا و لە کۆتاییدا بە دانانی حیزبی ساختە و هەڵبژاردن و ئەکتی سیاسی و ئەکتیڤیستی سیاسی تەقەلووبی شکیان بە نیسبەت ڕەوایەتی حیزبەکان لە هۆکاری دوواکەوتوویی و لەژێر دەستەبوونی کۆمەڵگای کورد پێک هێنا.

بۆ وێنە بۆ ماوەیێی دورودرێژ بەرەیەکی ڕۆشنبیری بە تەختەئەی کاری گرووپی و کاری حیزبی هەرچەشنە حزوورێکیان لە ناو کاری حیزبایەتی کردبوو بە دژە بەها. گرینکترین ئامرازی پێک هێنانی ئەو دژە بەهایە بریتی بوو لە دێزینفۆرماتسیا. دەسەڵات و ڕۆشنبیری گرێدراو بە دەسەڵات بڵاوەیان بە جۆرە بەهایەک دەکرد کە گوایە کاری حیزبی و کاری بەکۆمەڵ لە دژی ئازادی تاکەکانە و زانست و زانیاری ئەوان لە ناو کاری بەکۆمەڵدا بە فڕۆ دەچێت. ئەمە لە حاڵێک دایە کە لەوانەیە نەبوونی فەرهەنگی کاری بە کۆمەڵ یەکێک لە کەڵکەڵە ڕۆشنبیریانەکانیان بووبێت. وەکوو بەرواردێک لە گەڵ دنیای پێشکەوتوو پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە لە زانکۆکانی ڕۆژئاوای لیبڕاڵ دێموکراتدا تەنانەت لەسەر پۆلی هزری سیاسیش یەکێک لە چالاکیەکانی فێر بوون کاری بەکۆمەڵە.

هاتنە ئارای فەیسبووک و ئینتێرنێت هاوکات بوو لەگەڵ سەرهڵدانی گرووپی نوێ کە ئاراستەیان جووڵانەوە نوێکان بوو وەکوو خوێندکاران و ژنان و هەتا دووایی. دەسەڵات سەرهڵدانی هاوبەشی ئەم دووانەی وەکوو هەلێک وەرگرت بۆ ئەوەی بتوانێت هەمووی ئەو تێکنیکانە بباتە ڕەهەندێکی نوێوە. واتە بە هاتنە ئارای ئینتێرنێت و فەیسبووک دەسەڵات لە ئێراندا شتێکی کەوتە بەردەست کە زانایانی بەشی ئاسایشی تۆڕەکان پێی دەڵێن پانتایی هێرش یان attack surface. پانتایی هێرش لە تۆڕێک دا (واتە لە نێتێکدا) تەواوی ئەو شوێنانەن کە بە ئاسانی درزیان تێدەبێ یان بە ئاسانی کاریگەریان لەسەر دەکرێت. واتە ئینتێرنێت پانتایێکی بەرینی بە دەستی دەسەڵاتەوەدا کە هەم زانیاری کۆ بکاتەوە و هەم کردەوەی ئەکتیڤ (اقدام عملی) بکات و هەم دێزینفۆرماتسیا بەرەو پێش ببات.

بێ شک دەوڵەتەکان توانای هەککردنی زۆربەی جۆرەکانی ئیمەیلیان هەیە، فەیسبووک و بەشێک لە مەسێنجەرەکان بە ئاسانی هەک دەکرێن و بە ئاسانی دەکرێت لە تاران یان ئانکاراوە تەلەفۆنەکانی هەولێر گوێ لێ بگیردرێن یان لە ڕێگەی تەلەفوونەکەت شوێنەکەت بدۆزرێتەوە. ساڵی ڕابردوو، یەکێک لە دژبەرەکانی ئیسرائیل تەنیا بۆ چەند خولەک موبایلەکەی لە سووریە هەڵکرد و ئەو چەند خولەکە بەس بوو بۆ ئیسرائیل بۆ ئەوەی بە مووشەکێک کاری تەواو بکات. ئینتێرنێت نەتەنیا ئەم چەشنە نەپارێزراویانە دەخاتە بەردەست دەسەڵات بەڵکوو هەلێک دەرەخسێنێت بۆ ئەوەی تەنیا یەک کەس بە ژێرکراسەوە لە ماڵەکەی خۆی لە بەیانی تا ئێوارە بە دەم قاوە خواردنەوە بە ناوی شۆڕشگێڕیەوە، بە ناوی مافی ژنانەوە و بە ناوی ڕۆشنبیریەوە دەست بکات بە پێک هێنانی موودی کۆمەڵایەتی و کردەوەی ئەکتیڤ (اقدام عملی) یان دێزینفۆرماتسیا.
بە دەسپێکردنی ڕاسان ئەمە زۆر سرووشتیە کە دەسەڵات هەوڵەکانی خۆی لەم بوارە دا چڕتر کردۆتەوە. ماوەیێک لەمەوبەر فایلێکی دەنگی لە سەر ئینتێرنێت بڵاو بووەوە کە جاشێک لە دێهاتێکدا باسی خراپی پێشمەرگەی دەکرد و دەیگوت ئەگەر ڕێگە بە پێشمەرگە بدەن بێتە ماڵتان ئەوا چاویان لە نامووستانە. ئەمە کردەوەیێکی ئەکتیڤە کە تایبەت بە پێکهاتەی دێیە؛ بەڵام دەسەڵات بۆ تۆڕی فەیسبووک کردەوەیێکی ئەکتیڤی تایبەت دادەنێت، بۆ نموونە بڵاو کردنەوەی ڤیدیۆیێکی گوماناوی و ئەو داستانانەی کە بەدووای دا دێن.

یەکێکی‌تر لە کردەوە ئەکتیڤەکانی دەسەڵات لە ڕاستیدا کارکردنی ڕاستەوخۆ و ناراستەوخۆیە لە ناو ئوپوزسیونی کورد بۆ ئەوەی رەوایەتی زاڵی ناو ئوپوزسیون بێ ئێعتێبار بکات. هەتا ئێستا و هەتا یەکساڵی ڕابردوو لانیکەم لە ناو حیزبە کوردیەکان رەوایەتێکی جێ متمانە لە باروودۆخی کوردستان هەبوو کە رەوایەتێکی زاڵ بوو. لە چەند ساڵی ڕابردوو بەڵام بەداخەوە لەژێر کاریگەری ناڕاستەوخۆی گرووپە ڕواڵەتیەکان هەوڵ دراوە ئەو رەوایەتە لە ناو ڕێبەرایەتی حیزبە کوردیەکانیشدا ڕووبەرووی چەڵەمە و چالش ببێتەوە. بە ڕاشکاوانە‌تر ئەگەر بمانەوێ باسی بکەین شک درووس بوون لە ڕێبەرایەتی هەندێک ئەحزاب بە نیسبەت ڕەوایەتی زاڵی شۆڕش لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بێگومان پڕۆژەیێکی دەسەڵاتی ئێرانە.

جا بۆیە نەبوونی خوێندەنەوەی درووست و دوور لە دەمارگرژی لە لایەن رۆشنبیران و بەرپرسان و ئەندامانی ئەحزابەوە زیاتر لە هەرکات ئێمە دەخاتە ناپارێزراویەوە و پانتایی هێرشی زیاتر دەدات بە دەسەڵات. ئامانجی دەسەڵات لەو کارە بریتیە لە: یەک، لە ناو بردنی متمانە لەناو کۆمەڵگادا، دوو، تێکبەردانی مرۆڤەکان لە گیانی یەک و سێ، بەربڵاوتر کردنی کەلێنە کۆمەڵایتیەکان. ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ سەرەتای ئەم وتارە کە لەوێ باس لەوە کراوە کە ئامانجی کردەوە ئەکتیڤەکان یان اقدامات عملی کاریگەریە لە سەر ڕەوتی ڕووداوەکان، بێ شک بە باوەڕ بەوەی کە گرینگترین ڕووداوەکانی ئەمڕۆی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە چوارچێوەی راسان خۆیان دەگرنەوە، بۆمان دەردەکوێ کە ئامانجی دەسەڵات دانانی کاریگەریە لە سەر ڕاسان و لاواز کردنیەتی. کۆمەڵگای کوردستانی ڕۆژهەڵات بەگشتی و حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بە تایبەتی هەموو کات فرەدەنگ و فرەرەنگ بووە و ئەوانیش لە مامۆستاکانیان لەناو کا گێ بێ فێر بوون هەر ئەو فرەدەنگی و فرەرەنگیە بکەنە ئامانج و لەوێوە هێرش بکەن.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.