کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێوڕەسمی ٨ی مارس لە واشنگتۆن بەرێوەچوو

21:51 - 16 رەشەمه 2716

کوردستان میدیا: کۆمیتەی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە واشنگتۆن، بە بۆنەی ٨ی مارس ڕۆژی جیهانی ژنان ڕێوڕەسمێکی بەشکۆی بەڕێوە برد.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٤ی ڕەشەمەی ١٣٩٥ی هەتاوی، کۆمیتەی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە واشنگتۆن، بە بۆنەی ٨ی مارس ڕۆژی جیهانیی ژنان ڕێوڕەسمێکی بەشکۆی بەڕێوە برد.

سەرەتای ئەو ڕێوڕەسمە بە سرەودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.

پاشان پەیامی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە لایەن مەحبووبە حوسێنی بەرپرسی کۆمیتەی یەکیەتیی ژنان لە ئامریکاوە خوێندرایەوە کە لە پەیامی ناوبراودا تێیدا ئاوڕ بۆ سەر خەباتی ژنانی کورد لە پێناو مافەکانیان درابووە و هەروەها تیشک خرابووە سەر هەلومەرجی خراپی ژنان لەژێر سێبەری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا.

لەو ڕێوڕەسمەدا، ڕەحیم ڕەشیدی بە نوێنەرایەتی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە ئامریکا قسەی کرد و وێڕای پیرۆزبایی ڕۆژی جیهانیی ژنان، دەستخۆشانە و ماندوونەبوونی بە یەکیەتیی ژنان وت کە ساڵانە ئەو یادە بە شکۆیه دەکەنەوە.

پاشان ڕەشیدی لە قسەکانیدا باسێکی له سەر پێگەی ژنی کورد لە کۆمەڵی کوردەواریدا و بەشداری ژنانی کوردی لە ڕەوتی خەباتی ڕزگاریخوازانەی کوردستاندا بەرز نرخاند.

ڕەحیم ڕەشیدی لە قسەکانیدا ئاماژەی بەو وتە بە نرخەکەی پێشەوا قازی محەممەد، سەرۆک کۆماری کوردستان کرد کە کاتی خۆی فەرموویەتی: ژنی زانا ڕۆڵەی ئازا پەروەردە دەکات و ڕۆڵەی ئازاش نیشتمان لە ژێردەستی ڕزگار دەکات.

پاشان پەیامی ڕێکخراوی ١١ی ئەیلوولی پارتی دێموکراتی کوردستان لە لایەن فوزیە عەزیز پێشکەش کرا.

هەروەها کاک جەلیل ئازادیخواز بە نوێنەرایەتی کۆمەڵەی شوڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران قسەی کرد.

بروسکەی پیرۆزبایی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدرال لقی ئەمریکاش بە بەرێوەبەرانی ڕێوڕەسمەکە گەیشتبوو کە ئاماژەی پێکرا.

لە بڕگەیەکی دیکەی بەرنامەکەدا، یەکیەتیی ژنان لە ئامریکا لەوحی ڕێزلێنانی پێشکەش بە کاک جەماڵ عەبدوڵازادە بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات کرد کە هاوکاری و یارمەتی بە کاروباری یەکیەتیی ژنان لە ئامریکا کردوە.

هەر لەم چوارچێوەدا، دوو ژنە چالاکی کورد سەیران شەرەفی بەرپرسی پێشووی کۆمیتەی ژنان لە ئامریکا و لیمۆ مەولوودی ئەندامی یەکیەتیی ژنانی دێموکرات سپاسنامەیان پێشکەش کرا کە دڵسۆزانە خزمەتیان بە ئامانجەکانی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران کردوە.

دواتر بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات بە نوێنەرایەتی کەژاڵ نەقشبەندی بەرپرسی کۆمیتەی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دەرەوە، لەوحی سپاس و پێزانینی یەکیەتی ژنانی دێموکراتی پێشکەش بە مەحبووبە حوسێنی بەرپرسی یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئەمریکا کرد.

کۆتایی ڕێوڕەسمەکە بە شایی وهەڵپەڕکێ کۆتایی پێهات.