کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەری حیزبی دێموکرات لە ئامریکا سەردانی نووسینگەی سێناتۆر مێنەندێزی کرد

21:39 - 17 رەشەمه 2716

کوردستان میدیا: ئارەش ساڵح نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران له وڵاتی ئامریکا، بە مەبەستی باسکردن لە ڕاسان و بارودۆخێ ئێستای ئێران لەگەڵ سێناتۆر مێنەندێز کۆبووەوە.

ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ١٣ی ڕەشەمەی ١٣٩٥ی هەتاوی، ئارەش ساڵح نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئامریکا سەردانی نووسینگەی سێناتۆر مێنەندێزی کرد و لە لایەن شاندێکی نووسینگەی ناوبراوەوە پێشوازیی لێ کرا.

ئەم چاوپێکەوتنە بەمەبەستی باس کردن لەسەر ڕاسان و هەروەها ڕوانگەی حیزبی دێموکرات سەبارەت بە بەرپەرچدانەوەی کۆماری ئیسلامی ئەنجام درا.

نوێنەری حیزبی دێموکرات لەم چاوپێکەوتنەدا باسێکی کورتی لەسەر بارودۆخی ئێستای نێوخۆی ئێران و دەستێوەردانەکانی ئێران لە ناوچەکە پێشکەش کرد و وتی کە؛ بارودۆخی مافی مرۆڤ لە نێوخۆدا لە ئاستێکی زۆر خراپدایە و ڕۆژ بە ڕۆژیش بە شێوەیەکی سیستێماتیک خراپتر دەبێت.

نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئامریکا، ئاماژەی بە دەستێوەردانەکانی ئێران لە ناوچەکەدا کرد و وتی کە؛ ئەو بۆشاییە کە لە سیاسەتی دەرەوەی ئامریکا بە نیسبەت ئەم دەستێوەردانانە بەدی دەکرێت، بووەتە هۆی ئەوەی ئێران زیاتر لە هەرکات شێلگیرتر بێت لە بەردەوام بوون و زیاتر کردنی ئەم دەستێوەردانانە.

ئارەش ساڵح لە درێژەدا باسی لەوە کرد کە؛ باشترین ڕێگە بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو دەستێوەردانانە، یارمەتی گەلانی ئێرانە بۆ گەیشتن بە خواستەکانیان.

نوێنەری حیزبی دێموکرات ئاماژە بەوە کرد کە؛ ئەو خواستانە لە چیەتیی خۆیاندا خواستی دێموکراتیکن و یارمەتی بە دامەزراندنی دێموکراسی لە ئێران دەکەن و وتی کە؛ ئێرانێکی فێدڕاڵ، ئێرانێکە کە ئامادەی قبووڵی لیبڕاڵ دێموکراسیە. هەر بۆیە ئێرانێک دەبێت کە ئاشتیخوازە و یارمەتی بە ئاشتی و سەقامگیریی لە ناوچەکە دەکات.

نوێنەری حیزبی دێموکرات لە درێژەدا باسی لەوە کرد کە؛ باری ئابووریی کۆمەڵگای ئێران دوای ڕێککەوتنە ناوکیەکە نەتەنیا باشتر نەبووە، بەڵکوو بەرەو خراپتر بوون ڕۆیشتوە، بۆیە ئەم ڕێککەوتنە بەهیچ شێوە نەیتوانیوە یارمەتیدەر بێت بۆ گەشەی چینی مام ناوەند.

ئارەش ساڵح وتیشی؛ هۆکاری ئەم بارەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە بەشێکی زۆر لە ئابووریی ئێران بە دەست سپا و دەفتەری وەلی فەقیهـەوەیە، بۆیە ئەو سەرچاوە داراییانەی کە لە ئاکامی ئەو ڕێککەوتنە ناوکیە هاتوونەتە ئاراوە، تەنیا یارمەتی بە بەهیزتر بوونی سپا و خامنەیی دەدەن.

سێناتۆر مەنەندێز کەسی دووهەمی کۆمیتەی پێوەندییەکانی دەرەوەی سێنایە و یەکێکە لەو سێناتۆرە دێموکراتانە کە زۆر بە دژی ئێرانە.