کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێوڕەسمی ڕێزگرتن لە تێکۆشەری ڕێگای ئازادی کاک عەبوو کەریمی لە پاریس بەڕێوە چوو

22:06 - 17 رەشەمه 2716

کوردستان میدیا: دەفتەری نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پاریس، بۆ ڕێزگرتن لە تێکۆشەری ڕێگای ئازادی، کاک عەبوو کەریمی ئەندامی پێشووی ڕێبەریی حیزبی دێموکرات ڕێوڕەسمێکی بەڕێوە برد.

دوانیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٥ی ڕەشەمەی ١٣٩٥ی هەتاوی، لە پاریس پێتەختی وڵاتی فەڕانسە ڕێوڕەسمێک بۆ ڕێزگرتن لە تێکۆشەری ڕێگای ئازادی کاک عەبوو کەریمی بەڕێوەچوو.

سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ئازادیی کوردستان دەستی پێکرد.

پاشان خۆسرەو عەبدوڵڵاهی ئەندامی جێگری کۆمیتەی ناوەندی لە دەرەوەی وڵات و نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە فەڕانسە، کورتەیەک لە ژیاننامەی کاک عەبووی بە زمانەکانی کوردی، فەڕانسە و فارسی پێشکەش بە بەشداربووان کرد.

لە درێژەی ئەو بەرنامەیەدا، شیلان عەبدوڵڵاهی بە زمانی فەڕانسوی بەشێک لە ژیاننامەی کاک عەبووی پێشکەش به بەشداربووان کرد.

لە بەشێكی دیکەی ئەو ڕێوڕەسمەدا کورتە فیلمێک لە ژیانی کاک عەبوو کە لە لایەن شلێر دەرویشیەوە ئامادە کرابوو پیشان درا.

لە بەشێكی دیکەی ئەو ڕێوڕەسمەدا کاک شاهۆ حوسێنی نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دەرەوەی وڵات و ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکرات، باسی لە یاد و بیرەوەرییەکانی کاک عەبوو کرد وئەو خەباتەی ساڵانێکی زۆر لە دژی زوڵم و زۆرییەکانی دیکتاتۆرەکانی تاران کردبووی.

حوسێنی لە قسەکانیدا هاودەردیی خۆی به بنەماڵەی کاک عەبوو، تێکۆشەرانی ڕێگای ئازادی و هەروەها هەموو کەسانێک کە لەگەڵ کاک عەبوو ئاشنایەتیان هەبووە دەربڕێ.

شاهۆ حوسێنی لە قسەکانیدا هەروەها باسی لە چۆنیەتیی ئاشنابوونی لەگەڵ کاک عەبوو و چۆنیەتی پەیوەست بوونی ناوبراو بە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کرد.

پاش نوێنەری حیزبی دێموکرات، عەلی دۆڵەمەڕی نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەڕانسە، لە قسەکانیدا وێڕای سپاس لە بەڕێوەبەرانی ڕێوڕەسمەکە؛ سۆز و ڕێزی خۆی بۆ هەموو تێکۆشەرانی ڕێگای ئازادی و کوردستان بە تایبەت کاک عەبوو کەریمی دەربڕی.

هەروەها لوعی جاف نوێنەری یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان له فەڕانسە، وێڕای دەربڕینی هاوخەمیی خۆی سەبارەت بە لە دەستدانی تێکۆشەرێکی ڕێگای ئازادی، سەرەخۆشی لە حیزبی دێموکرات کرد.

دواتر پەرویز نەویدی یەکێک لە ئەندامانی ڕێبەریی ڕێکخراوی چریکە فەداییەکانی خەلقی ئێران- لقی کەمینە، و له دۆستانی کۆنی کاک عەبوو، چەند وتەیەکی پێشکەش کرد.

نەویدی لە قسەکانیدا باسی لە تایبەتمەندییە ئەخلاقییەکانی کاک عەبوو، بڕشتی کەلام و هەروەها زانیاری باڵای ناوبراو لە سەر پرسەکان کرد.

ناوبراو باسی لەوەش کرد؛ ئەگەر چی کاک عەبوو کەریمی لە ڕیزەکانی ڕێکخراوی چریکە فەداییەکانی خەلق – کەمینە دابڕا و پەیوەست بە حیزبی دێموکرات بوو، بەڵام هیچکات پێوەندی دۆستانەی ناوبراو لەگەڵ ئەو ڕێکخراوە نەپچڕا.

لەو ڕێوڕەسمەدا خاتوو ئێران ئەنساری یەکێک لە ئەندامانی یەکیەتیی چریکە فەداییەکانی خەلق قسەی کرد و وێڕای هاودەردی بۆ خەمی لەدەستدانی مرۆڤێکی تێکۆشەر، چ لە کاتی ئەندامەتی لەو ڕێکخراوەدا و چ لە حیزبی دێموکراتدا سەرەخۆشی لە حیزبی دێموکرات کرد.

لە بەشی دووهەمی ئەو ڕێوڕەسمەدا فیلمێک لە ڕێوڕەسمی بە خاکسپاردنی کاک عەبوو کە لە ئاڵمان بەڕێوە چوو بوو، پیشان درا و لە درێژەی ئەو ڕێوڕەسمەدا مەهین جەزەنی هاوسەری کۆچکردوو بیژەن جەزەنی یەکێک لە سەرانی بەناوبانگی ڕێکخراوی چریکە فەداییەکانی خەلق کە لە سەردەمی شادا کوژرا، باسی لە بیرەوەرییەکانی خۆی لەگەڵ کاک عەبوو کرد.

لەو ڕێوڕەسمەدا مەهدی سامع یەكێک لە ئەندامانی ڕێبەریی ڕێکخراوی چریکە فەداییەکانی خەلق و هەروەها زیا سەدرولئەشرافی بە نۆبەی خۆیان باسیان لە تایبەتمەندییەکانی کاک عەبوو کرد.

هەروەها کاک عەلی ئەشرەف مورادی ئەندامی ڕێبەرایەتی حیزبی دێموکرات و لە دۆستانی نزیکی کاک عەبوو کەریمی جەند وتەیەکی لەو پێوەندییەدا پێشکەش کرد.

مورادی وێڕای هاودەردی لەگەڵ بنەماڵەی کەریمی و بنەماڵەی گەورەتری ناوبراو واتە حیزبی دێموکرات و هەروەها بنەماڵەی سێهەمی ئەو، واتە هەموو ئازادیخوازەکان، باسی تایبەتمەندییە ئەخلاقییەکانی کاک عەبووی کرد.