کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بۆنەی ٨ی مارس ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە

15:59 - 17 رەشەمه 2715

کوردستان میدیا: بە بۆنەی ٨ی مارس ڕۆژی جیهانیی ژنان دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

بە بۆنەی ٨ ی مارس، ڕۆژی جیهانیی ژن

هاونیشتمانانی بەڕێز !

ژنانی مافخواز!


مێژووی دیاریکردنی ٨ی مارس وەک ڕۆژی جیهانیی ژن دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٨٥٧ی زایینی کە ژنانی کرێکاری شاری نیۆیۆرک بزووتنەوەیەکی مافخوازانەیان دژی هەلومەرجی دژواری کار و نابەرابەری و بێ‏عەداڵەتی لە پێوەندی لەگەڵ بایەخی کار لە بەراورد لەگەڵ پیاوان وەڕێ خست.

ڕەوتی بەرەوژوور چوونی هۆشیاریی ژنان و هەست بە جیاوازی و بێ‏عەداڵەتی لە کار و ژیاندا بەردەوامیی خەبات بۆ لە نێوبردنی ئەو بەکەمگرتن و بێ‏بایەخ نیشان دانەی کار و مافە ئابووریەکانیانی دەستەبەر کرد و لە درێژەی ئەو خەبات و مانگرتن و ناڕەزایەتی دەربڕینانە لە ساڵی ١٩٠٨ی زایینیدا، تەنانەت ناچار بە دانی قوربانی و گیان لەدەست‏دان بوون کە بیرەوەری ئەو ڕۆژە و ئەو خەباتە هەروا لە بیر و زەینی ژنان و پیاوانی یەکسانی خوازدا مایەوە، بێ ئەوەی خەباتیان لە شێوەی جۆراوجۆردا بۆ گەیشتن بە ماف و یەکسانی لە کۆمەڵ و لە خێزاندا بوەستێ و لە ڕاستیدا هاوتەریب بوو لەگەڵ خەباتی سیاسی و کۆمەڵایەتی دژ بە جیاوازیی و هەڵاواردن.

بەرهەمی ئەو خەبات و بزووتنەوە مافخوازیە، دابین بوونی بەشێک لە مافەکانی ژنی لە هێندێ وڵاتانی پێشکەوتوو بەدوادا هات و سەرئەنجام لە دووهەمین کۆنفڕانسی سوسیالیستی نێونەتەوەیی ژنان کە بە بەشداریی ١٠٠ کەس لە ١٧ وڵاتی جیهان لە ساڵی ١٩١٠ی زایینی لە کۆپێنهاگی پێتەختی وڵاتی دانمارک بەڕێوە چوو، لەسەر پێشنیاری کلارا زێتکین ڕۆژی ٨ی مارس وەک ڕۆژی ژنان و بۆ پشتیوانی کردن لە مافی ژنان و لە پێناو لابردنی ئەو ستەمە چەند لایەنەی لەسەر ژن و ژیانیەتی دیاری کرا و یەکەم ڕۆژی جیهانیی ژن لە مارسی ١٩١١دا لە وڵاتانی دانمارک، ئاڵمان، ئۆتریش، سوویس و ئامریکا بەڕێوە چوو. لەو کاتەوە تا ئێستا ژنان لە بەشێک لە وڵاتانی پێشکەوتوو بە زۆربەی مافەکانیان گەیشتوون و لە هێندێ وڵاتیش دەستیان بە بەشێکی کەمتر لە داخوازەکانیان ڕاگەیشتووە. بەڵام بە داخەوە ڵە وڵاتانی دواکەوتوو و دیکتاتۆردا خەباتی ژنان بۆ مافەکانیان لە سەرەتای ڕێگایەکی دوور و درێژدایە و ژنان لەو وڵاتانە و لەو کۆمەڵگایانەدا لەگەڵ بێ‏مافییەکی ژیان پڕووکێن بەرەوڕوون کە لە نێویاندا کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕیزی ناسراوترینیاندایە.

کۆماری ئیسلامیی ئێران کە لەسەر بناغەی ئیدئۆلۆژیکی دواکەوتووانە دامەزراوە و یاساکانی لەو ئیدئۆلۆژیە کە بەپانەوە دژ بە مافی ژن لە کۆمەڵ و خێزان‏دایە هەڵینجاوە، و جیاوازی دانان، هەڵاواردن، بەهێند نەگرتنی ماف و ئازادییەکانی ژنی بە یاسایی کردون و ستەم لەسەر ژنی بە دیاردەیەکی سرووشتی و ئەمری ئاسمانی ناساندووە. کە گۆڕان بەسەردا هاتنی بۆ نییە و ژن وەک کاڵایەکی نێوماڵ و ئامرازێکی ژیان سەیر دەکا کە زنجیری ستەمی لە دەست و پێ هاڵاوە و تەنانەت ڕێگای پۆشینی جل و بەرگی دڵخوازیش بە ژن نادا. ئەگەر ئەو ستەمانە و ئەو نابەرابەرییانە کە ژن لە کۆماری ئیسلامیدا لەگەڵی بەرەوڕوون ئەژمار بکەین دەبینین کە هیچ لایەنێکی ژیانی ژن نییە کە شوێنەواری ستەمی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی بۆچوونەکانی ئەو ڕێژیمەی بە پڕڕەنگی و بە تەواوی پێوە دیار نەبێ. بۆیە خەباتی ژن لە کۆمەڵگایەکی ئاوەها و لە ژێر دەسەڵاتێکی وا دیکتاتۆر و دواکەوتوودا گەلێک دژوارتر، زەمانبەرتر و پڕ هەزینەترە. بەو حاڵەش نەوەستان و دەنگ هەڵبڕینی ژنانی ئێرانی دژ بەو بێ‏مافی و بێ‏عەداڵەتییە، جێگای ڕێز و پێزانینە و پێویستی بە پشتیوانییەکی جیددی و بەردەوامیی ئازادیخوازان و بیرمەندانی پێشکەوتووی وڵاتە.

بەداخەوە ئەو هەلومەرجە دژوارە کە ژن لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا لەگەڵی بەرەوڕوویە، بەسەر ژیانی ژن لە کوردستانیشدا زاڵە و لە پەنا ئەوەش ژن لە کوردستان بە تاوانی بەشداری لە بزووتنەوەی دێموکراسی و مافی نەتەوایەتی خوازییش‏دا، وێڕای هەموو ستەمەکانی دیکە زەخت و زۆری لە ڕادەبەدەر، زیندان و ئەشکەنجە، مێرد و ڕۆڵە لەدەستدان و قورسایی ژیانی بنەماڵەش کەوتۆتە ئەستۆی بەشێکی بەرچاو لە ژنان و دەتوانین بڵێین هەموو ستەمەکان چەند قات و هەمەلایەن‏گیر بوون. بەڵام سەرەڕای هەموو ئەو بێ‏مافی و زەختە ژیان پڕوکێنانە، ژنی کورد لە خەبات نەوەستاوە، لەگەڵ مافەکانی خۆی ئاشنایە و لە پێناو دابین بوونیاندا لە خەباتێکی پڕ هەزینەدایە و لەوەش ئاگادارە کە دابین بوونی بەشی هەرە زۆری ماف و ئازادییەکانیان لە نەمانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا و لە ڕەت کردنەوەی ئەو داب و نەریتە دواکەوتووانەدایە کە ڕابردوو بێ‏بنەما بەسەری‏دا سەپاندوون، بۆیە هیچ زیادەوێژی نەکراوە کە بڵێین خەبات بۆ دەستە بەربوونی هەموو مافەکانی ژن لە خەبات بۆ دێموکراسی و مافی نەتەوایەتی کوردیش درێژماوەتر و تەنانەت ڕەنگە پڕ زەحمەت‏تریش بێ. لێرەدایە کە ئەرکی ڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردستان و کەسایەتییە دێموکراتەکان و لایەنگرانی کۆمەڵگایەکی بەختەوەرە کە دەنگی خۆیان بخەنە پاڵ دەنگی ژنانی مافخواز و لە ڕەوتی خەباتیان بۆ دابین بوونی مافەکانیان پشتیوان و هاوخەباتیان بن. لەو پێوەندییەدا حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران شانازی بەوەوە دەکا کە ٧٠ ساڵ بەر لە ئێستا بە دوای دامەزراندنی خۆی و دامەزراندنی کۆماری کوردستان، لە حاڵێکدا کە ٩٥ لە سەدی ژنانی کوردستان بێ سەواد و کۆمەڵگای فێئۆدالی و عەشیرەتی شوێنی لەسەر ڕەوتی ژیان و بێ‏مافیی ژن دانابوو.

دەست پێشخەر، هاندەر و یارمەتیدەری پێکهاتنی یەکیەتی ژنانی دێـموکرات بوو تا لە پێناو مافەکانیاندا خەبات بکەن و بە پشتیوانیی حیزبی دێموکرات و کەسایەتی پێشەوا قازی محەممەد، پشت ئەستوور بن، ئەوە کارێکی گرینگ بوو کە لە باوەڕی حیزبی دێموکرات بە دێموکراسی، مافی نەتەوایەتی، بەرابەریی ژن و پیاو لە خێزان و لە کۆمەڵگادا و بە مافی مرۆڤ و یەکسانییەوە سەرچاوەی دەگرت و لە هەموو ئەو ساڵانەشدا پاڵپشتی مافی ژن و ئازادییەکانیان بووە.

لە رۆژی ٨ی مارسدا وێڕای پیرۆزبایی لە ژنانی بە ماف گەیشتوو و ژنانی لە حاڵی خەبات بۆ مافەکانیاندا، باوەڕی حیزبەکەمان بە عەداڵەت و یەکسانی و ماف و ئازادییەکانی ژن دووپات دەکەینەوە و پشتیوانی حیزبی دێموکرات لە خەباتی ژنان لە ئێران و کوردستان ڕادەگەیەنینەوە. باوەڕمان بەوەیە تا ئەو کاتەی نیوەی کۆمەڵ یانی ژنان ئازاد و بە مافگەیشتوو نەبن. نە کۆمەڵگا بەختەوەرە و نە دێموکراسی بە تەواوی و نە مافی مرۆڤ بە مانای واقعیی خۆی باڵ بەسەر وڵاتی ئێران و کۆمەڵگای کۆردستاندا دەکێشی.

جارێکی دیکە ٨ ی مارس لە هەموو ژنانی جیهان و ئێران و کوردستان پیرۆز بێ و دابین بوونی هەموو مافە ڕەواکانی ژن بە ئاوات دەخوازین و چوونەپێشی هەر هەنگاوێکی ژنان بۆ گەیشتن بە مافەکانیان بە نیشانەی پێگەیشتوویی و بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگا دەزانین.

٨ ی مارس لە هەموو ژنان پیرۆز بێ

خەبات بۆ دابین بوونی مافی ژن بەردەوام بێ

پشتیوانی‏کردن لە مافی ژن، قورس و قایمتر بێ

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
دەفتەری سیاسی
٧ی مارسی ٢٠١٦ی زایینی
١٧ی ڕەشەمەی ١٣٩٤ی هەتاوی