کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی تاران دیسانەوە جەریمە کرا

15:15 - 19 رەشەمه 2716

کوردستان میدیا: بە بڕیاری دادگایەکی لوکزامبۆرگ بڕی ١ میلیارد و ٦٠٠ میلیۆن دۆلار لە داراییەکانی کۆماری ئیسلامی دەستی بەسەردا دەگیرێ.

ڕۆژنامەی ئامریکایی نیۆیۆرک تایمز بڵاوی کردەوە دادوەرێکی دادگا لە لوکزامبۆرگ بڕیاری دەست بەسەرداگرتنی ١ میلیارد و ٦٠٠ میلیۆن دۆلار لە داراییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانی دەرکرد.

نیۆیۆرک تایمز لەم هەواڵەدا ئاماژەی بەوە کردووە کە هۆکاری دەرکردنی ئەم بڕیارە بۆ کردەوە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی تاران دەگەڕێتەوە.

لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا دادگاکانی ئەمریکا کۆماری ئیسلامییان بە زیاتر لە ٥٠ میلیارد دۆلار جەریمە کردووە کە گرینگترینیان دەست بەسەرداگرتنی ٢ میلیارد دۆلار لە داراییەکانی رێژیم بە تاوانی بەشداری کردن لە ڕووداوەکانی ١١ی سێپتامبر بووە.

ئەم بڕیارەی دادگای لوکزامبۆرگ لە حاڵیکدایە کە سندوقی نێونەتەوەیی دراو ماوەیەک پێش ئێستا و لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا باسی لە ئەوپەڕی دۆشداماوی ئابووریی ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی کرد و ڕایگەیاندبوو کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەهۆی هاتنە ئارای تەحریم و گەمارۆی نوێ و جەریمە کردنی ناوەندە نیونەتەوەییەکان، ئابووریی داڕماوی ئێران لەگەڵ کێشەی جیددی تر بەرەوڕوو دەبێتەوە.

مایک پێنسیش چەند ڕۆژ پێش ئێستا هۆشداری دابوویە ڕێژیمی تاران کە دەبێ زۆر بە وریاییەوە بجوڵێتەوە چونکە ئیدارەی نوێی ئەمریکا ئێران وەکوو پشتیوانی سەرەکی تێرۆریزم لە جیهاندا دەناسێ و ئیزن نادات کە تاران بە مەیلی خۆی تەڕاتێن بکات.