کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مستەفا هیجری: پەرە بە چالاکییەکانمان لە کوردستانی ڕۆژهەڵات دەدەین

15:17 - 19 رەشەمه 2716

کوردستان میدیا: مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وتووێژێکدا لەگەڵ کاناڵی ڕووداو ڕایگەیاند پەرە بە چالاکییەکانمان لە کوردستانی ڕۆژهەڵات دەدەین.

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٨ی ڕەشەمەی ١٣٩٥ی هەتاوی لە پارلمانی سوئیس کۆبوونەوەیەک لەبارەی دۆخی پێکهاتە نەتەوەییەکانی نێو ئێران لە کابینەی سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران حەسەن ڕوحانی بەڕێوەچوو.

لەو کۆبوونەوەیەدا مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وتووێژێکدا لەگەڵ کاناڵی ڕووداو ڕایگەیاند پەرە بە چالاکییەکانمان لە کوردستانی ڕۆژهەڵات دەدەین.

هیجری لە بەشێکی قسەکانیدا سەبارەت به تاوتوێکردنی دۆخی پێکهاتە نەتەوەییەکانی نێو ئێران لە کابینەی سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران حەسەن ڕوحانی ڕاگەیاند: بەڕای زۆربەی نوێنەرانی بەشدار لە نەتەوەکانی ئێران، لەدوای هاتنە سەرکاری ڕوحانی، نەک هەر هەنگاوێکی بۆ مافی نەتەوەکان هەڵنەگیراوە، بەپێچەوانەی ئەو پڕوپاگەندانەی لەکاتی هەڵبژاردن دەیکرد، دۆخی کورد لەباری سیاسی، خزمەتگوزاری و ئەو بودجەیەی بۆ پارێزگاکان دیاری دەکەن، زۆر خراپتر بووە، لەسێدارەدان و زیندانیکردن زیاتر بووە، هەڵاواردن و جیاوازی دانان لەنێوان پارێزگا کوردنشینەکان لە رۆژهەڵاتدا بە هەڵسەنگاندن لەگەڵ پارێزگاکانی دیکە زۆر زیاتر داکشاوە.

مستەفا هیجری هەروەها باسی لەوە کرد لەو کۆبوونەوەیەدا، باسم لەو زوڵم و ستەمەی لەسەر خەڵکی کورد هەیە کرد، ویستم پارلمانتارانی سوئیس بەوردی لەو هەڵاواردنانە ئاگاداربن، چونکە تاوەکو ئێستا ئەوەی زۆرتر باسی لێوە دەکرێت دۆخی ئەمنییە لە کوردستانی ئێراندا، خەڵک دەگرن و دەکوژن و لەسێدارەدان هەیە، کەمتر باس لەو هەڵاواردنانە کراوە، کە لەسەر خەڵکی کورد لە کوردستانی ئێران هەیە.

سکرتێری گشتی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، لە پەیامێکدا بۆ خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات ڕایگەیاند: ڕاسان وەکو پەیامی دەستپێکردنی حەرەکەتێکی نوێ لە ڕۆژهەڵات دەستی پێکردووە، پێشمەرگە بە حوزووری خۆی لەنێو خەڵکدا نیشانیدا کە پابەندە بەو پەیامەی کە لە نەورۆز و لە داوێنی قەندیلدا بۆ خەڵکمان ناردووە.

مستەفا هیجری هەروەها باسی لەوە کرد ئەوەی ئێمە زۆرتر هەوڵی بۆ دەدەین، ئەوەیە خەڵکی ئێمە وەکو پێشمەرگە و تێکۆشەران و چالاکوانانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، ئەوانەی لەنێوخۆی کوردستانی ئێرانن چالاکییەکانیان زیاتر بێت و پێشمەرگەکان حوزوریان هەبێت لەنێو خەڵکدا بۆ ئەوەی یارمەتیدەریان بن بۆ خەبات و تێکۆشانیان.

مستەفا هیجری لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوە کرد کە پێشمەرگەکانی حیزب لە هەر جێگایەک هەبن دەبێت ئامادەیی خۆیان بەدەست بێنن بۆ هەموو رووداوێک تاکوو بتوانن چالاکی گونجاو ئەنجام بدەن، یارمەتی خەڵکیش بە گشتی باشبووە بۆ ئەو راسانەی لە رۆژهەڵاتی کوردستان هەیە، خەڵکەکە لە هەموو بوارێکدا هاوکار و یارمەتیدەربوون، لەگەڵ ئەوەش ئەمە پرۆسەیەکە کاری زۆری دەوێت ئێمە هێشتا لە سەرەتاکانین، ئەگەر هەموومان پێکەوە شار و شاخ، پێشمەرگەو خەڵک پێکەوە بە باشی کار بکەین زووتر بەئەنجامی دەگەیێنین و دەتوانین بیبەینە پێشەوە.

ئەم کۆبوونەوەیە لە لایەن گرووپی پارلمانتارانی دۆستی کورد لە پارلمانی سوئیس و کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران بەڕێوەچوو و تێیدا هاوسەرۆکانی گرووپی پارلمانتارانی دۆستی کورد، کارلۆ سومارۆگا و سەبیل ئەرسەلان، شیرین عیبادی، براوەی خەڵاتی ئاشتی نۆبێل، مستەفا هیجری، سکرتێری گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و نوێنەرانی ژمارەیەک ڕێکخراوی سیاسی بەلوچ، عەرەب، ئازەری و تورکمان و هەروەها نوێنەری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران گوتاریان پێشکەش کرد.