کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

كۆمیسیۆنی تەشكیلاتی حیزبی دێموكرات پەیامێكی بە بۆنەی نەورۆز بڵاو كردەوە

15:27 - 20 رەشەمه 2716

كوردستان میدیا: كۆمیسیۆنی تەشكیلاتی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران بە بۆنەی هاتنی جێژنی نەتەوەیی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی كوردی پەیامێكی بڵاو كردەوە.

لە دەقی ئەو پەیامە نەورۆزییەدا كە وێنەیەكی بە ماڵپەڕی كوردستان میدیا گەیشتووە، وێڕای ئاماژە بە خەبات و تێكۆشانی مافخوازانەی ڕۆڵەكانی نەتەوەی كورد و ڕاسانی ڕۆژهەڵات بە پێشەنگایەتیی حێزی دێموكرات لە ماوەی یەك ساڵی ڕابردوودا هاتووە كە:
لە ماوەی یەك ساڵی ڕابردوودا، سەرەڕای بەردەوامبوونی سەركوت و ستەمی ڕێژیمی داگیركەری تاران دژ بە نیشتمان و نەتەوەكەمان، كوردستان وەك هەمیشە لانكەی سەرهەڵدان و گیانبازیی ڕۆڵە گیان لە سەردەستەكانی گەل و تۆماركردنی چیرۆكە حەماسییەكانی ڕاسان بەرانبەر بە ورووژمی سوپای تاریكی و كۆنەپەرەستی بوو.

لە دەرێژەی پەیامەكەدا داوا لە سەرجەم چین و توێژەكانی خەڵك لە كوردستانی ڕۆژهەڵاتدا كراوە كە:
با ئەمساڵیش هەموومان بە هەڵكردنی ئاگری نەورۆز و هەوڵدان بۆ بڵێسەدارتركردنی ئاگری سەركەشی خەباتێكی یەكگرتووانە لە شار و شاخدا تا گەیشتن بە مافە ڕەواكانی نەتەوەی كورد و ڕزگاربوونی یەكجاریی كوردستان، دەست بخەینە نێو دەستی یەكتر و پاڵپشتی دڵسۆز و بە ئەمەگی خەباتی ڕەوای گەلەكەمان بین.

لە بەشی كۆتایی ئەو پەیامەشدا كۆمیسیۆنی تەشكیلاتی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران بە بۆنەی هاتنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێ، پیرۆزبایی لە هەموو چین و توێژەكانی تینووی ئازادی و ڕزگاری لە كوردستان، بە تایبەتی بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان، زیندانیانی خۆڕاگری سیاسی و خەباتگێڕانی ڕێگای ماف و ئازادییەكانی گەلی كورد كردووە و هیوای دەربڕیوە كە ئەمساڵ ببێتە ساڵی سەركەوتنی خەباتی ڕەوای نەتەوەی كورد و ڕاماڵین و هەڵتەكاندنی بناغەكانی ستەم و داگیركاری لە كوردستانی ڕۆژهەڵاتدا.