کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بە بڕیاری خامنەیی، ڕەگەزنامەی ئێرانی دەدرێتە بەكرێگیراوانی بیانیی ڕێژیم

15:11 - 23 رەشەمه 2716

كوردستان میدیا: حەوتوویەك پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵی پەسەندكرانی بڕیاری دانی ڕەگەزنامەی ئێرانی بە بەكرێگیراوانی بیانیی ناسراو بە پارێزەرانی حەرەم، سەرۆكی بونیادی بەناو شەهیدیش ڕازیبوونی ڕێبەری ڕێژیم بەو بڕیارەی پشتڕاست كردەوە.

بە گوێرەی هەواڵی ڕادیۆ فەردا، موحەممەد عەلی شەهیدی ڕۆژی یەكشەممە ٢٢ی ڕەشەممە لە وتووێژێكدا لەگەڵ ڕۆژنامەی جەوان ڕایگەیاند خامنەیی لە دانیشتنێكدا داوای لێ كردووە بەدواداچوون بۆ بابەتی دانی ڕەگەزنامەی ئێرانی بە بەكرێگیراوانی ئەفغانیی لەشكری فاتمیوون بكات.

بە وتەی ئەو كاربەدەستەی ڕێژیم، خامنەیی لەو كۆبوونەوەیەدا وتوویە: ئەگەر ئەم هێزانە بگەڕێنەوە بۆ ئەفغانستان و هێزەكانی تاڵیبان بزانن كە لە شەڕی سووریە گەڕاونەتەوە، هەموویان دەكوژن.

بە گوێرەی ئەو ڕاپۆرتە، ڕێبەری كۆماری ئیسلامی جەختی كردۆتەوە كە: پاراستنی ئەو ماڵباتانە ئەركی سەرشانی ئێمەیە، هەر بۆیە دەبێ وەكوو هاوڵاتییەكی ئێرانی، ڕەگەزنامەیان بۆ دروست بكرێت و بونیادی شەهید خزمەتیان بكات.

سەرۆكی بونیادی بەناو شەهید لە بەشێكی دیكە لە وتەكانیدا دانی بەوەدا نا كە تەنیا لە ساڵی ڕابردوودا دوو هەزار كەس لە بەكرێگیراوانی بیانیی سپای پاسداران لە سووریە كوژراون و بە شێوەی نێونجی، ١٠ هەزار كەس لە ئەندامانی بنەماڵەكانیان لە لایەن بونیادی بەناو شەهیدەوە خزمەتیان دەكرێت.

كاربەدەستانی كۆماری ئیسلامی دەستەواژەی شەهیدانی پارێزەری حەرەم بۆ هێزەكانی خۆیان یان بەكرێگیراوە بیانییەكانی سپای تیرۆریستیی پاسداران بە كار دەبەن كە بۆ بەشداریكردن لە سەركوتكارییەكانی ڕێژیمی بەشار ئەسەددا ڕەوانەی سووریە دەكرێن و لە لایەن خەڵكی ڕاپەڕیوی ئەو وڵاتە و هێزەكانی دژبەری ڕێژیمی ئەسەدەوە دەكوژرێن.