کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکرات سەبارەت به کۆچی دوایی کاک محەممەد مەلا کەریم پەیامێکی بڵاو کردەوە

15:42 - 24 رەشەمه 2716

کوردستان میدیا: سکرتاریای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەبارەت بە کۆچی دوایی نوسەر و ڕووناکبیری نەتەوەی کورد پەیامێکی هاودەردیی بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە:

پەیامی هاودەردی


بەداخ و کەسەرێکی زۆرەوە کەسایەتی ناسراو و بلیمەت و هەڵکەوتووی کورد کاک \'محەممەد مەلا کەریم کوڕی زانای گەورە مامۆستا عەبدولکەریم مودەڕس شەوی ١٢/٣/٢٠١٧ی زایینی بە هۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد و بە یەک دونیا ئاوات و ئارەزوو لە بنەماڵەی نیشتمان پەروەر و زانست دۆست و لە نووسەران و ڕووناکبیران و نیشتمانەکەی ماڵئاویی کرد.

کاک محەممەد مەلا کەریم لە ساڵی ١٩٣١ی زایینی لە ناحیەی بیارە لە مەڵبەندی شارەزوور لە دایک بووە، دەستپێکی خۆێندنی لە قوتابخانەی ئایینیی باوکی واتە مامۆستا عەبدولکەریم مودەڕس بووە و دواتر لە قوتابخانەکانی شارەزوور و سلێمانی درێژەی بە خۆێندن داوە و خۆی گەیاندووەتە ئاستێکی باڵای زانستی. بەهۆی خزمەتی زۆری بە بواری ئەدەب و فەرهەنگ و لێکۆڵینەوەی زانستی لەسەر زمان و ئەدەبیاتی کوردی و عەرەبی و ...، کاک محەممەد بوو بە سیمایەکی ناسراوی ئەو بوارە. لە ماوەی تەمەنی پڕبەرهەمی‌دا توانیویەتی دەیان کتێب و دیوانی شیعر و بابەتی زانستی بە چاپ بگەیەنێ و ببێتە سەرچاوەیەکی زانستی بۆ پێگەیاندنی ڕۆڵەکانی کورد و پەروەردە کردنیان بۆ خزمەت بە زمان و ئەدەبیاتی کوردی.

کاک محەممەد جگە لە لایەنی پەروەردەیی لە بواری سیاسیش یەکێک لە ڕووناکبیرە بە بیروباوەڕەکانی کورد بوو، کە پێوەندیەکی قووڵ و نەپساوەی لەگەڵ خەباتگێڕانی کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستان هەبوو و بە شێوەی جۆراوجۆر هاوکاری و یارمەتی دەکردن، بە تایبەت لەگەڵ ڕێبەرانی نەمری حیزبەکەمان د. عەبدولڕحمان قاسملوو و د. سادق شەرەفکەندی و...، و هەموو تێکۆشەرانی دێموکرات پەیوەندییەکی دۆستانە و نیشتمانپەروەرانەی بوو. لە دانیشتنەکانیدا لەگەڵ ڕێبەرانی حیزب و لە باس و بابەت و لێکۆڵینەوە سیاسییەکاندا وەک لایەنگرێکی بەوەجی حیزب دەهاتە بەرچاو، و لە خۆشی و ناخۆشییەکانی حیزبدا لە تەنیشت تێکۆشەرانی حیزبی دێموکراتدا بوو.

کۆچی دوایی ئەم نووسەرە هەڵکەوتووەی گەلەکەمان وێڕای ئەوەی بۆ بنەماڵەی بەڕێزیان و دۆستانی، زیانێکی گەورەیە، ماڵ ئاوایی کردنی لە کۆڕی نووسەران و ئەدیبان و ڕووناکبیرانێش هەروەها خەسارێکی ئەدەبی و ئینسانیی گەورەیە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بۆنەی کۆچی دوایی ئەم نووسەرە گەورەیەی کورد، لە بنەماڵەی بەڕێزیان و هەموو ئەو کەسانەی قەڵەمەکانیان لە خزمەت گەل و نیشتمانەکەیاندایە سەرەخۆشی دەکات و خۆی لە غەم و پەژارەیاندا بە شەریک و بەشدار دەزانێ.

سڵاو لە گیانی پاکی نووسەری هەڵکەوتووی گەلەکەمان کاک محەممەد مەلا کەریم

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران