کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا دوو هەزار سەربازی تازەنەفەسی بۆ عێراق بەڕێ کرد

15:59 - 24 رەشەمه 2716

کوردستان میدیا: سەرچاوە نیزامییەکان لە عێراق، ڕۆژی دووشەممە ٢٣ی ڕەشەمە باسیان لە گەیشتنەبەرەوەی دوو هەزار سەربازی نوی و تازە نەفەسی پیادە نیزامی ئامریکایی بۆ پایەگایەکی نیزامی لە پارێزگای ئەلئەنبار کردووە.

هەواڵدەریی ئاناتۆلی، لە زاری ئەفسەرێکی پایەبەرزی عێراقییەوە بڵاوی کردەوە کە؛ دوو هەزار سەربازی تازەنەفەسی ئامریکایی ڕۆژی دووشەممە گەییشتوونەتە پایەگای نیزامیی ئەلئەنبار. بە وتەی ئەم ئەفسەرە پایەبەرزە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، ئەو ڕێژەیە لە هێزی پیادە نیزامی ئامریکا بڕیارە لە چالاکییەکی نیزامیی داهاتوودا لە دژی داعش، پشتیوانیی لە هێزەکانی عێراق بکەن.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە ناردنی ئەم هێزانە لە چوارچێوەی شەڕ لە دژی تێرۆریسم، بە ڕێبەریی ئامریکادایە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە؛ ئەم هێزانە هەنووکە لە پایەگای نیزامیی ئەلئەسەد کە لە ڕۆژئاوای ڕۆمادی هەڵکەوتووە، جێگیر کراون.

ئەو سەرچاوەیە گوتووشیەتی کە؛ ئەو هێزانە پلانێکی وردیان بۆ کۆنتڕۆل کردنەوەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی داعش لە ئەلئەنبار و دیکەی ناوچە سنوورییەکانی نێوان عێراق و سوورییە بەدەستەوەیە.

شارەزایانی سیاسی لەو باوەڕەدان کە؛ هەناردنی هێزە ئامریکاییەکان بۆ ناوچەگەلێک لە عێراق و سوورییە، بە مەبەستی پاشەکشە کردن بە ڕێژیمی ئێران و کەم کردنەوەی نفووز و دەسەڵاتی نیزامیی و سیاسیی ئەو ڕێژیمە لە ناوچە و نەهێشتنی بەکرێگیراوانی ناوچەیی ئەو وڵاتە لە هاوکێشە سیاسییەکانی ئەو دوو وڵاتە دەبێت.