کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قوتابخانەکانی بۆکان بە دەست بێ‌ئیمکاناتییەوە دەناڵێنن

15:13 - 25 رەشەمه 2716

کوردستان میدیا: خوێندن و زانست لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بێ‌بایەختر دەبێت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، قوتابخانەکانی شاری بۆكان لە بارودۆخێکی زۆر خراپدان و خەمساردیی بەرپرسانی قوتابخانەکان و کاربەدەستانی ڕژێم تاکوو ئێستە چەندین جار گیانی مناڵانی کوردستانی وەکوو قوتابخانەی شیناوێ کردووەتە قوربانی.

لەو پێوەندییەدا لە شاری بۆکان دەبیرستانی چەمران و دەبستانی بەهاری ئەندیشە لەژێر هەڕەشەی داڕماندان.

هەواڵنێری کوردستان میدیا لەو بارەیەوە ڕایگەیاند کە؛ ماوەی چەند ساڵ لەمەوپێش بینای کۆن و خراپی ئەو قوتابخانەیە بەشێوەیەکی تەواو ناستاندارد سەرنیا و سیمانکاری کرایەوە، بەڵام قوتابیانی ئەم قوتابخانەیە لە مەترسیدان و کارناسان و ئەندازیاران ڕایانگەیاندووە کە ئەو سیمانکارییە غەیری ستاندارده و مه‌ترسيی ڕووخانی هەیە.

سەرەتای وەرزی ئەمساڵی خوێندن ڕۆژنامەی آرمان لە زاری کارناسێکی وەزارەتی پەروەردە و بارهێنان بەناوی محەممەدڕەزا نیک‌نژادەوە بڵاوی کردەوە: ٣٠%ی قوتابخانەکانی ئێران لەحاڵی لەنێوچووندان و بەپێی ئامارەکان ٣٢ هەزار قوتابخانە لە ئێراندا کەڵکیان نەماوە و مەترسیی گیانیی بۆ سەر لانیکەم ٤ میلیۆن و ٥٠٠ هەزار قوتابی و ٣٠٠ هەزار کادری ئامووزشی هەیە.

بەپێی لێدوانی ئەم کارناسە، دۆخی هەندێک لەم قوتابخانانە ئەوەندە خراپە کە ئەگەری هەیە بەسەر قوتابییەکاندا بڕووخێ و بۆ نۆژەن کردنەوەیان لانیکەم ٣ میلیارد تمەن بودجە پێویستە و ٥٠ ساڵ کات پێویستە تاکوو هەموویان نۆژەن بکرێنەوە.