کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێوڕەسمی ڕۆژی ھەڵەبجەی شەھید و ساڵڕۆژی کۆچی دوایی بارزانیی نەمر لە ڕۆژئاوای کانادا بەڕێوە چوو

15:18 - 26 رەشەمه 2716

کوردستان میدیا: هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕۆژئاوای کانادا بەشداریی لە ڕێوڕەسمی ڕۆژی ھەڵەبجەی شەھید و ساڵڕۆژی کۆچی دوایی بارزانی نەمردا کرد.
ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٢ی ڕەشەمەی ١٣٩٥ی هەتاوی، ھەیئەتێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕۆژئاوای کانادا بە سەرپەرەستی شەھریار ویژە بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات، لە ڕێوڕەسمی ڕۆژی ھەڵەبجەی شەھید و ساڵڕۆژی کۆچی دوایی نەمر مەلا مستەفا بارزانی‌ بەشداریی کرد.

ئەو ڕێوڕەسمە لە لایەن ڕێکخراوی ھەڵەبجەی شەھید و پارتی دێموکراتی کوردستان لە ڕۆژئاوای کانادا پێکهاتبوو.

لەو ڕێوڕەسمەدا، لە لایەن حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە، سمایل ئیبراھیمی نوێنەری حیزبی دێموکرات لە کانادا، وتارێکی کورتی لە سەر مێژووی کۆمەڵکوژیی گەلی کورد بە دەستی داگیرکەران پێشکەش کرد و بە وەبیرھێنانەوەی ئامۆژگاریی قاسملووی نەمر کە باشترین پاداش بۆ شەھیدان درێژە پێدانی ڕێگایانە، ڕێزی گرت لە ھەموو شەھیدانی کوردستان.

ناوبراو له درێژەی باسەکەیدا ڕۆڵی ڕێبەرانی نەتەویی کورد لە چرۆی بیری کوردستانی گەورەی بەرز نرخاند و وێڕای ئاماژە بە کۆماری کوردستان و بیری نەتەوەیی پێشەوای نەمر، ڕۆڵی بارزانیی نەمری وەک ژنڕاڵی کۆماری کوردستان بە خاڵێکی ئەرێنی و جێگای سەرنج ھەڵسەنگاند و ئەو چەشنە بیرکردنەوەی وەک کلیلی سەرکەوتنی شۆڕشی گەلەکەمان پێناسە کرد.