کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێوڕەسمی ٢٤ی ڕەشەمە لە ناوەندی ٣ی کوردستان بەڕێوەچوو

15:16 - 27 رەشەمه 2716

کوردستان میدیا: بەبۆنەی ٧١ـەمین ساڵـڕۆژی دامەزرانی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان ئێران، لە ناوەندی ٣ی کوردستان، ڕێوڕەسمێک بەڕێوەچوو.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵنێری کوردستان میدیا، بەبۆنەی ٢٤ی ڕەشەمە، ٧١ـەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ڕۆژی سێ‌شەممە ڕێکەوتی ٢٤ی ڕەشەمە، بە بەشداریی ژمارەیەک لە ئەندامانی ڕێبەریی حیزبی دێموکرات، ئەندامان و لایەنگرانی یەکیەتیی ژنان، ڕێوڕەسمێک بەڕێوەچوو.

سەرەتای ئەو ڕێوڕەسمە بە سروودی نەتەوەیی \'\'ئەی ڕەقیب\'\' و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان و کورد دەستی پێ‌کرد.

پاشان حەسەن شەرەفی جێگری سکرتێری گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بەرپرسی ناوەندی ڕێکخراوە دێموکراتیکەکانی حیزب (نارمە)، لەپێوەندی لەگەڵ دامەزران و ئەرک و بەرپرسایەتیی یەکیەتی ژنانی کوردستانی ئێراندا چەند وتەکەیەکی پێشکەش کرد.

دواتر فاتمە عوسمانی سکرتێری یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران وتەیەکی پێشکەش کرد. ناوبراو لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە دا کە: بوونی رێکخراوەکانی هەوڵدەر و داکۆکیکار لە ماف و یەکسانیی ژن، خۆی نیشانەی ئەو ڕاستیەیە و دەرخەری ئەو شانازییەیە کە یەکیەتیی ژنانی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران ٧١ ساڵ پێش ئێستا لە کۆمەڵگایەکی ناپێشکەوتوو و نەخوێندەواردا بە ڕێنوێنی و ڕێ‌پێشاندەریی پێشەوای نەمر قازی محەممەد و وەک دەسکەوتی کۆماری کوردستان و بە پشتگری و پشتیوانیی حیزبی دێموکرات و ڕێبەرانی دامەزرا، و نەفسی دامەزرانی ئەو یەکیەتییە خۆی دەربڕی بوونی کێشەی ژن و هەڵکردنی ئاڵاکەی نیشانەی هەوڵدان بۆ لەنێوبردنی هەرجۆرە ستەمێك لەسەر ژنە ئەوەش شتێکی پر بەهایە کە یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە بە گوفتمانێکی یەکسانیخوازی و مرۆڤ تەوەرانە پەیڕەوی دەکرێ، ڕزگاریی ژن لە هەرجۆرە ستەمێکە و بە دابینبوونی یەکسانی، وەدی هێنانی کۆمەڵگایەکی بەختەوەر و پێشکەوتوویە.

پاشان پەیامی ناوەندی ٣ی کوردستان بەو بۆنەوە لە لایەن ئیسماعیل ئەرجوومەندی ئەندامی ناوەندەوە پێشکەش کرا.

هەروەها پارچە پەخشانێک لە لایەن گزینگ پیرۆتیـیەوە پێشکەشی ئامادەبووان کرا.

لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو ڕێوڕەسمەدا یەکیەتیی ژنان بە چەند کەسێک که لە کاروبای یەکیەتیی ژناندا هاوکارییان کردبوون، لەوحی ڕێز و سپاسیان پێشکەش کرد کە ئەو کەسانە بریتی بوون له : خالید مەهابادی، مەجید حەقی، محەممەد برنجی و هەژار برنجی.

دواتر گۆرانییەک لە لایەن هونەرمەندی پێشمەرگە غوڵام فاتحیـیەوە لەژێر ناوی موژدەی ئازادی پێشکەش کرا.

لە بڕگەیەکی دیکەدا سروودێک لەژێر ناوی هەسته سەرپێ لە لایەن کۆڕسی ژنانی ناوەندی ٣ی کوردستان - کۆمیتەی نەسرین قاسملوو، بە هاوکاریی کۆڕی موزیکی حیزبی دێموکرات پێشکەش کرا.

لە بڕگەیەکی دیکەشدا هەڵپەڕکێیەک لە لایەن منداڵانی ناوەندی نێرگزەوە نمایش کرا.

ڕێوڕەسمەکە بە شایی و هەڵپەڕکێی بەشداربووان کۆتایی پێهات.

بە بۆنەی ئەو ڕێوڕەسمەوە چەندین حیزب و لایەنی سیاسی پەیامیان پێشکەش کردبوو:

ـ کۆمیتەی ١٩ی ڕێکخستنی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان/ بەحرەکە
ـ سکرتێری یەکیەتیی ئافرەتانی کوردستان
ـ ڕێکخراوی کورد فۆتۆ
ـ بەڕێوەبەری کتێبخانەی گشتیی هەولێر
ـ یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران
ـ یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران