کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لاوێکی خوێنگەرم لە کاتی بەڕێوەبردنی جێژنی نەورۆزدا گیانی لەدەست دا

16:30 - 28 رەشەمه 2716

کوردستان میدیا: لاوێکی خەڵکی بۆکان لە کاتی بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی نەورۆزدا گیانی لە دەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕێکەوتی ٢٧ی ڕەشەمەی ١٣٩٥ی هەتاوی، کاتێک کە خەڵكی شارەکانی بۆكان، مەهاباد و سەقز بە تایبەت لاوانی ئەو شارانە بۆ پیشوازی لە نەورۆزی كوردان بە جامانەوە چوونە كێوی تەرەغە، به هۆی ڕووداوێکی نەخوازراوەوە لاوێک گیانی لەدەست‌ دا.

لەو ڕێوڕەسمەدا لاوان لە سەر كێوی تەرەغە بە گۆرانی و سروود و هەڵپەڕكێ ڕێزیان لە جێژنی نەتەوەیی نەورۆزی كوردان گرت و بە داخەوە لاوێكی خەڵکی بۆكان بە ناوی فەرهاد حاجی محەممەدی بە هۆی هەڵدێرانی لە ڕەوەزێکەوە گیانی لەدەست دا.

حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.