کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەست و پێوەندییەکانی ڕێژیم لە هەوڵی سازکردنی بنکەی بەسیجی نوێ لە کوردستانن

15:44 - 29 رەشەمه 2716

کوردستان میدیا: لە درێژەی هەوڵە نەزۆکەکانی ڕێژیم بۆ ئەنجامدانی کاری سیخۆڕی و تێکدەرانە بەشێک لە دەست و پێوەندییەکانی ڕێژیم لە ناوچەی هەوشار، هەوڵ بۆ سازکردنی بنکەی نوێی بەسیج دەدەن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا؛ چەند کەسێک لە مۆرە بەدناوەکانی ڕێژیم خەڵکی ئاوایی فەتاوای نیزیک لە سایەنقەڵا داوایان لە سپای پاسداران کردووە کە لەم گوندەدا بنکەی بەسیج دابمەزرێنن.

شوناسی ئەم بەدکارانە بۆ ماڵپەڕی کوردستان میدیا ڕوون بۆتەوە و پارێزراوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو؛ خەڵکی ئەم ئاواییە لەهەمبەر ئەم هەوڵە نیگەرانن و بەتووندییش بەرهەڵستیان بوونەتەوە.

چەند ڕۆژ پێش ئێستاش سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیم بەپێی بەرنامەیەکی لەپێشدا داڕێژراو، کۆبوونەوەی نهێنی بۆ خۆفرۆشانی سەر بە ڕێژیم لە شارەکانی کوردستان گرتووە و داوای لێکردبوون کە لە ساڵی نوێدا زیاتر لە جاران هاوکاری و چاوساخی بۆ پاسدارەکان بکەن لەدژی ڕاسانی ڕۆژهەڵات.

ئەم هەوڵە نەزۆکانەی ڕێژیم لەکاتێکدان کە لە یەک ساڵی ڕابردوودا جگە لە حوزووری پێشمەرگەکانی کوردستان و پێشوازیی بەرینی خەڵک لە هاتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، گرووپی ناسراو بە هەڵۆکانی زاگرۆس چەندین هەڵمەتی گورچوبڕیان لەدژی بەکرێگیراو و چڵکاوخۆرەکانی ڕیژیم لە شارەکانی کوردستان ئەنجام دا و بە فەرمی ڕایانگەیاندووە کە؛ تا دەسەڵاتی خۆسەپێن و داگیرکەری کۆماری ئیسلامی سێبەری دزێویان بەسەر ژیانی خەڵکی کوردستانەوە بمێنێ، هەڵمەت و پەلامارەکانیان درێژەی دەبێ و ئاگری چەکەکەکانیان ئاوقای دەسەڵاتی دزێویان و خائینان بە گەل دەکەن .