کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێوڕەسمی دوایین هەینیی ساڵ لە تەرەغە‌ی بۆکان بەڕێوەچوو

16:27 - 29 رەشەمه 2716

کوردستان میدیا: شاخەوانان و ئۆگرانی سروشت، بۆ پێشوازی لە ساڵی نوێی کوردی ڕێوڕەسمێکی بەشکۆیان لە کێوی تەرەغەی بۆکان بەڕێوە برد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕێکەوتی ۲۷ی ڕەشەمە، لەو ڕێوڕەسمەدا بە دەیان گرووپی شاخەوانی، وەرزشوانان و لاینگرانی ژینگە و چەندین گرووپی ژینگەپارێز وەکوو ڕێکخراوی پارێزەرانی ژینگەی بۆکان (NGO ی بۆکان)، گرووپی ژینگەپارێزیی بەڕوو، ئەنجومەنی سەوز ئەندیشانی مەهاباد و ژمارەیەکی زۆر لە چین و توێژە جیاجیاکانی شاری بۆکان و شار و گوندەکانی دەوروبەر بەشدار بوون.

شاخەوانان و وەزرشکاران لە سەر لووتکەی کێوی تەرەغە وێڕای کردنەوەی ئاگری نەورۆز دەستیان کرد بە شایی و هە ڵپەڕکێ.

چالاکانی مەدەنی و ژینگەییش بە خوێندنەوەی وتاری ژینگەپارێزانە و هاندانی خەڵک بۆ پاراستنی ژینگە و فڕێ‌نەدانی زبڵ و خاشاک و پیس نەکردنی سروشت ئەرکی خۆیان بەجێ هێنا.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا لەو بارەیەوە ڕایگەیاند؛ ئەنجومەنی ژینگە پارێزی وڵات لە بۆکان لە شوێنی کانی سەنگەرانی تەرەغە، چالاکیی نەمام چاندنی بەڕێوە بردووە و هەروەها ئەو ئەنجومەنە ژینگەییە بە هاوکاریی ئیدارەی سەرچاوە سروشتییەکان (منابع طبیعی) و ئیدارەی ژینگە (محیط زیست) چەندین کەویشی لە قەفەس ئازاد کردووە و قەفەسی کەوەکانیشی لە داوێنی کێوی تەرەغە ئاگر تێبەرداوە.

ئەنجومەنی ژینگەپارێزی وڵات ماوەی چەند ساڵە کە بە جۆرەکانی چالاکی ژینگەیی، تێدەکۆشێ ئاستی هۆشیاری ژینگەیی خەڵکی بۆکان بەرز بکاتەوە.

لەو ڕێوڕەسمەدا، کە لاوان لە سەر كێوی تەرەغە بە گۆرانی و سروود و هەڵپەڕكێ ڕێزیان لە جێژنی نەتەوەیی نەورۆزی كوردان دەگرت، بە داخەوە لاوێكی خەڵکی بۆكان بە ناوی فەرهاد حاجی محەممەدی بە هۆی هەڵدێرانی لە ڕەوەزێکەوە گیانی لەدەست دا.