• ڕۆژنامەی کوردستان
  • گۆڤاری ئاگری
  • گۆڤاری بیری خوێندکار
  • گۆڤاری لاوان
  • گۆڤاری ژنان
  • کەناڵی تەلەفزیۆنی تیشک
  • گۆڤاری نەرگز
١٩ی نوامبری ٢٠١٧ی زایینی - ٢٨ی خەزەڵوەری ١٣٩٦ی هەتاوی  

بۆ ناتوانین خۆمان به خۆمان بناسێنین

زایینی: ٢٢-٠٣-٢٠١٧ - هەتاوی: ١٣٩٦/٠١/٠٢ - ١١:٥٢ تاران قه‌باره‌ی فۆنت: قه‌باره‌ی نووسراوه‌ گه‌وره‌ بكه‌قه‌باره‌ی نووسراوه‌ بچووكتر بكه‌‌
بۆ ناتوانین خۆمان به خۆمان بناسێنین
شەهرام میرزایی

بۆ یەکەم جار کاتێک که بوومه پێشمەرگه، نێوی "تەنگیسەر"م بیست و لەگەڵ قارمانیەتی، خۆڕاگری، نیشتمانپەروەری و شوڕشگێڕیی خەڵکی ئەو ناوچەیه ئاشنا بووم. وەکوو تاکێک هەتا له کرماشان بووم هەر نەمدەزانی ئاوا گوندێک بوونی هەیه، یان ڕۆڵی له خەباتی ڕزگاریخوازانەی گەلەکەماندا بووه و هەیه. به‌داخەوه ئێمەی ڕۆژهەلاتی ئەوەنده که ئاوڕ له بەشەکانی دیکەی کوردستان دەدەینەوە کەمترین ئاشناییمان لەگەڵ زاگرۆس و خەباتەکەی هەیه و به باشی ڕۆژهەڵاتی خۆمان ناناسین و لەوه خراپتر چالاکانی سیاسی‌-‌کۆمەڵایەتی و هەروەها حیزبەکان و لایەنگرانیان کەمترین هەوڵیان له ناساندنی مێژووی خەباتی ئەم گەله داوه. بۆ وێنه، کەمترین دەق، وتار و فیلم سەبارەت به شۆڕش و بزووتنەوەی میللی- دێموکراتیکی کورد نووسراوه یان ئەگەر نووسراوه به دەگمەن دەگاته دەستی خوێنەری نێوخۆ.

جێگای سەیره که بۆ ئەوەنده چالاکی سیاسیی ئێمه لەم بوارەدا کەمتەرخەمە و گرینگیەکی ئەوتو بەم بابەته پربایەخه نادات؟؟!! با به باشی بزانین که ئەگەر چالاکێکی کرماشانی به جوانی لەگەڵ خۆڕاگری و شۆڕشگێڕیی خەڵکی سنه، نیەر، نروێ، تەنگیسەر، مەریوان و گوندە لێ‌قەوماوەکانی دەوروبەری که له بواری جوغرافیایی زۆر بەو ناوچه نزیکن ئاشنا ببێ و بزانێ که لەگەڵ ئەو هەموو کوشت و کوشتاره و ئەو هەموو ماڵوێرانییه هێشتا و هێشتا خەڵکی ئەو ناوچانه مناڵی نێو بێشکەیان به جۆرێک پەروەرده دەکەن که درێژەدەری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلەکەمان بن، بێ‌شک هەڵسوکەوتەکان و چالاکیی نێو کرماشان و ئیلام و لوڕستان زۆر زووتر له نێو بزاڤی میللی-‌دێموکراتیکماندا جێگا دەگرێت و ڕەنگ و بۆنی ڕۆژهەلاتی به خۆیەوه دەگرێ.

هەڵبەت دەبێ ئاماژه بکرێت که؛ ئەمه تەنیا کێشەی چالاکی کرماشانی نیه، بەڵکوو به‌داخەوه به هۆی نەبوونی مێژوویەکی نووسراو، خەڵکانی ئەو ناوچانەش لەو فکره‌دان که له کرماشان و ئیلام بزاڤی کوردیمان نەبووه و شۆڕش لەوێ ڕنگ و بۆنی نەبووه، ڕاستییەک که نیشاندەری نامۆیی کورد له کورد و مێژووی خۆیەتی، پرسێک که تاڵیەکەی ئەوەندەیه که بووەته هۆی گەشه‌نەسەندنی بزاڤی ڕزگاریخوازانەی کوردستان له بست به بستی وڵاتەکەمان.

کاتێک ئاوڕێکی بچووک لە ڕابردووی خەباتی دژ به داگیرکەر له باشووری کوردستان دەدەینەوە، به ڕوونی دەبینین که له ماوەی ٢٠٠ ساڵی ڕابردووەوە هەتا ئێستا کرماشان، ئیلام و لوڕستان دەیان شۆڕشی مەزنی دژ به داگیرکەری هەبووه و تەنانەت کومیتەی کرماشان و ئیلام و لوڕستان و خانەقین و کورده فەیلیەکانی بەغداد لە سەردەمی کۆمەڵەی (ژ.ک)ەوە به هۆی چالاکییەکانیانەوه یەکێک له شانازییەکانی مێژووی خەباتی ئەو ناوچانەیه که بەداخەوه مێژوونووسی کورد نەیتوانیوه ئەو شۆڕشانه له چوارچێوەی بزاڤی ڕزگاریخوازانەی کوردستاندا تێئۆریزه بکات تا ببێته دەستمایەیەک بۆ ئەکتی سیاسی. نائاشنایی له مێژووی خۆڕاگری و شۆڕشگێڕانەی بەشه جۆراوجۆرەکانی ڕۆژهەڵاتەکەمان تەنیا تایبەت به خەڵکی نێوخۆ یان خەڵکانی ئاسایی نیه، بەڵکوو ئەو کێشەیه بەڕوکی زۆرینەی چالاکانی کوردی گرتووه‌تەوە، بۆ وێنه هەر ئاماژه به سەردەمی چالاکیی کۆمەڵەی ژ.ک له ١٣٢١ هەتا ١٣٢٣ دەکەم که کەمتەر کەسێک‌–‌تەنانەت ئەندامی حیزبی‌- ئاگای له چالاک بوونی کۆمیتەکانی کرماشان و ئیلام و لوڕستان و خانقین و کورده فەیلیەکانی بەغداد لەو کاته‌دا هەیه، ڕێکخراوگەلێک که ئەندامەکانی له کۆماری کوردستان به هۆی زاڵ بوونی فەزای عەشیرەتی، پەراوێز دەخرێن و ئەوه دەبێته گەورەترین زەربه له بەدەنه‌ی بزووتنەوەکەمان که مەخابن ئاکامە تاڵەکانی ئەو زەربەیه هەتا ئێستاش ماوەتەوه.

نائاشنابوونی چالاکانی ئێمه له نێوخۆ به تایبەت له شارەکانی کرماشان و ئیلام لەگەڵ مێژووی شوڕشگێڕانەی گەلەکەمان یەکێک له سەرەکیترین بۆشاییەکانی بزاڤی ئێمەیه که له فەرهەنگی نادروستی سیاسیمان سەرچاوه دەگرێ، بۆ وێنه ئەو قارمانیەتیه که خەڵکی کورد له شەڕی ٢٧ ڕۆژه و هەروەها له شەڕی سێ مانگەی سنه له خۆی نیشانی داوه، و ئەو دڕەندەییه که کۆماری سێدارەی ئیسلامی بەرانبەر بەو خەڵکهی کردووه، یان قارمانیەتی هێزی بێستوونی حیزبی دێموکرات و ئەو ٥٩ عەمەلیاته که له شۆڕشی چەکدارانەی کوردستاندا بێ‌وێنەیه، بۆ دەشێ له پەراوێزی مێژوو بخرێت که تەنیا دەبێ کرماشانیەک ببێته ئەندام یان پێشمەرگەی حیزبێک تا لەگەڵ ئەو بابەته ئاشنا ببێت و هەستی پێ‌بکات.

بۆیه‌ له یەکەم هەنگاودا بەشی تەبلیغات و ڕاگەیاندن و تەشکیلاتی حیزب به گشتی و دواتر کادر و پێشمەرگه قەڵەم بەدەستەکانی حیزب به تایبەتی له بواری ناساندنی مێژووی خەبات و شۆڕشی گەلەکەمان به خەڵکی نێوخۆ و ئاشنا کردنیان بەو مێژووە پڕ لە شانازییه ئەرکدار و بەرپرسن و دەبێ بۆ پڕ کردنەوەی ئەو بۆشاییه، هەوڵی چڕ و پڕ بدەن.

دەگەڕێمەوه سەر ناوچەی ژاورۆ و مەریوان و سنه، ناوچەیەک که دوای نزیک به ٣٩ ساڵ بەردەوامییان لە خەبات، و دوای چەندین و چەند جار ماڵوێرانی و سووتانی ژیانیان، چەنده عاشقانه و به شەرەف ڕێگای خەباتیان درێژه داوه و دەیدەن و لەم ڕێگایهدا چەندەها قارمانیەتی و دلاوەرییان له خۆ نیشان داوه. بۆیه ئەرکی ئەو خەڵکە زۆر سەنگینه - چ خەڵکی نێوخۆ، یان دەرەوه یا ئەندام و پێشمەرگەکانی ئەو ناوچەیه- له لایەک دەبێ ئەو مێژووە بپارێزن و له لایەکی دیکەشەوه دەبێ ڕۆژ به ڕۆژ به لاپەڕەکانی شانازییان له ڕێگای سەربەخۆیی نیشتمانمان زیاد بکەن و نەهێڵن ئەو کتێبه پڕ له شانازییه خەوشدار بێت. لێره یەکێک له ئەرکە گرینگەکانی ئەو ناوچەیه به هۆی دراوسێیەتی لەگەڵ باشووری زاگرۆس و کوردستان، پەیوەندی گرتن لەگەڵ کرماشان و ئیلام و لوڕستانه. چینی خوێندەوار، چالاکی فەرهەنگی-سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئەو ناوچانه و تەنانەت خەڵکی ئاسایی دەتوانن لەگەڵ پەیوەندی "ڕاستەوخۆ" و "ناڕاستەوخۆ" لەگەل چینی "بژاردە" و "ئاسایی"ی ئەو پارێزگایانه و ئاشنا کردنیان لەگەڵ بزاڤی میللی-دێموکراتیکی کوردستان یاریدەری پێشڤەچوونی خەباتەکەمان بن. ڕێگای ساز کردنی ئەو پەیوەندییانه لەم سەردەمه‌دا زۆر و سانایە و شێوەی چالاکییەکانیش به پێی "زەمەن و شوێن" دابین دەکرێ، که بێ‌شک به هۆی ئەزموونی ٤ دەیەی خەباتی ئەو خەڵکانە، به باشی دەزانن که چ شێوه چالاکییەک بۆ ساز کردنی پەیوەندییەکان بگرنەبەر.
بالاترین چاپکردنی ئەم بابەتە

رۆژنامەی کوردستان
رۆژنامەی کوردستان ژ. ٧١٢ لەم ژمارەیەدا:

ــ شکستی کەرکووک کۆتایی ڕێگا نییە!
ــ ڕەوایی چەک و ڕەوایی خەڵکی
ــ ئیمپراتوریی نافەرمی ئێرانی
ــ دەسەڵات و کۆمەڵگا