کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بە هۆی هەڕەشەی بەلەمەكان لە كەنداو، ئەمریكا هۆشداریی دایە ڕێژیمی ئێران

18:18 - 3 خاکەلێوه 2717

كوردستان میدیا: فەرماندەكانی هێزی دەریایی ئەمریكا بە هۆی نزیكبوونەوەی بەلەمە توندڕەوەكانی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە كەشتییەكیی فڕۆكەهەڵگری ئەمریكا لە گەرووی هۆرمۆز، هۆشدارییان بە ڕێژیم دا.

بەپێی هەواڵی ڕاگەیەنەكان، دوای ئەوەی كە ڕۆژی سێ شەممە ١ی خاكەلێوەی ١٣٩٦ی هەتاوی بەلەمە توندڕەوەكانی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە كەشتیی فڕۆكەهەڵگری جۆرج دەبلیو بووش لە گەرووی هۆرمۆز نزیك بوونەوە، فەرماندەكانی هێزی دەریایی ئەمریكا ڕۆژی چوارشەممە ٢ی خاكەلێوە، ڕێژیمی ئێرانیان بە نانەوەی ئاڵۆزی لە گەرووی هۆرمۆز تاوانبار كرد و ڕایانگەیاند كە ئەم جۆرە كردەوانە لە داهاتوودا دەتوانێت كێشەی سەربازیی لێ بكەوێتەوە.

هەواڵدەریی ڕۆیتێرز لەو پێوەندییەدا بڵاوی كردووەتەوە كە: فەرماندەكانی هێزی دەریایی ئەمریكا باسیان لە نزیكبوونەوەی دوو دەستە لە بەلەمەكانی ڕێژیمی ئێران لە ڕۆژی سی‌شەممەدا لە كەشتی فرۆكەهەڵگری جۆرج دەبلیو بووش لە گەررووی هۆرمۆز كردووە و هۆشداریان داوە كە ئەم كردەوانەی رێژیمی ئێران لە داهاتوودا دەتوانێت تێكهەڵچوونی سەربازیی لێ بكەوێتەوە.

ئادمیراڵ كێنت وایتسێل لەسەر ئەم كردەوەیەی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندووە كە: ناڕەزایەتیی ئێمە لەسەر ئەم كردەوەیە، بۆ ئەوە هەڵدەگەڕیتەوە كە بە كامێرا زۆر بە ئاسانی توانای سەرەنج‌دانی چەكەكانی نێو بەلەمەكانی ڕێژیمی ئێرانمان هەبوو كە كاوێریان لەسەر لابرابوو و هێزەكانیان لە پشت ئەم چەكانە وەستابوون و وێنە هەواییەكان پیشانیان داوە كە ئەم بەلەمانە هەڵگری چەك و كەرەستەی شەڕی گرینگ بوون.

هەروەها ئەفسەرێكی بەشدار لە كەشتی فرۆكەهەڵگری جۆرج دەبلیوو بووش لە وتووێژ لەگەڵ ڕۆیترز ڕایگەیاندووە كە: هەڵسوكەوتی هێزە دەریاییەكانی ئێران بە بەراورد لەگەڵ ڕابردوودا شەڕخوازانەتر و دڕندانەتر بووە.

كەشتیی فڕۆكەهەڵگری جۆرج دەبلیو بووش ڕۆژی سی‌شەممە بۆ یەكەمجار لە سەردەمی سەركۆماریی دۆناڵد ترامپ‌دا لە ئۆقیانووسی هێندەوە بەرەو كەنداو وە ڕێ كەوت.

سەركۆماری ئەمریكا، دۆناڵد ترامپ لە كاتی هەڵبژاردنی سەركۆماریدا ڕایگەیاندبوو: هەر بەلەمێكی توندڕەوی ئێرانی كە لە كەشتییەكانی ئەمریكا لە كەنداو نزیك بێتەوە، لە لایەن ئێمەوە دەكرێتە ئامانج و لێی دەدەین.