کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەری حیزب سەردانی وزارەتی دەرەوە‌ و پارلەمانی‌ کانادای کرد

18:20 - 3 خاکەلێوه 2717

کوردستان میدیا: ڕۆژانی ٢٠ و ٢١ی مارسی ٢٠١٧، ئيسماعیل ئیبراھیمی، نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە کانادا، سەردانی وەزارەتی دەرەوە و پارلەمانی ئەو وڵاتەی کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەری کوردستان میدیا، نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە کانادا، لەگەڵ بەرپرسان و ئەندامانی پارلمانی ئەو وڵاتە دیداری کرد و سەبارەت بە راسانی گەلەکەمان بە ڕێبەريی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و دوایین ئاڵوگۆڕەکانی کوردستان و ئێران، ڕەوشی زیندانیانی سیاسی، پەنابەران و پێوەنديی نێوان کانادا و ئێران ئاڵوگۆڕی بیروڕایان کرد.

لە سەردانی نوێنەری حیزب بۆ وزارەتی دەرەوە، لە نووسینگەی بەڕێز کریستیا فریلاند وەزیری دەرەوەی کانادا لە سەر ئەگەری کرانەوەی باڵوێزخانەی ڕێژیمی ئێران و مەترسيیەکانی ئەو پرسە بۆ چالاکانی سیاسيی کورد و ئێرانی و پێکهێنانی بارودۆخێکی خراپ لە لایەن دەسەڵاتدارانی ڕێژیمەوە لە بنکە دیپلۆماتیکەکان بۆ سیخوڕی لەسەر ھاوڵاتيان باس کرا و بەتایبەتی نوێنەری حیزب ھیوای خواست گەمارۆکانی سەر ئێران ھەر بەو شێوە بەھێز بمێنێتەوە.

ھەروەها لە پارلەمانی کانادا، نوێنەری حیزب سەردانی ھەر یەک لە کومیتەکانی کاروباری دەرەوەی سێنا، مافی مرۆڤ و کاروباری دەرەوی پارلەمانی کرد و لەگەڵ پاتریشیا بۆوی، دێوید ئاندێرسۆن، و گۆرد جۆنز کۆ بوونەوە و کۆمەڵێک بەڵگە و زانیاری لە سەر ڕەوشی مافی مرۆڤ، ئاپارتایدی ئابووريی ڕێژیم دژی گەلی كورد و دیاردەی کۆڵبەری، گەندەڵيی سیاسی و ئابووری و نێوەڕۆکی تیرۆریستی و سەرکوتکەری سپای پاسداران پێشکەشی ئەو بەرپرسانە کرا و راسانی ڕۆژهەڵات بە ڕێبەريی حێزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وەک تاکە ڕێگای بەردەم شۆرشگێرانی کورد بۆ بەرەنگاری کۆماری ئیسلامی و بەرگری لە بەھا مرۆیی و دێموکراتیکەکان شی کرایەوە.

شایانی باسە ڕۆژی نەورۆزی ئەمسال و بۆ یەکەمجار و بە ھەوڵی پارلەمانتار تام کمیک و کۆمەڵی دۆستانی کورد لە پارلەمانی‌ کانادا، جەژنی نەورۆز لە ھۆڵێکی سەرەکيی پارلەمان بە بەشداريی سەرۆکی حیزبی کۆنسێرواتیڤ و ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامانی پارلەمان بەڕێوە چوو و نوێنەری حێزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ھاوڕێ لەگەڵ ئەندامانی حیزب لە ڕۆژھەڵاتی کانادا، تێیدا بەشدار بوون.