کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاندێکی حیزبی دیموکرات لە جێژنی نەورۆزی پارلەمانی ئورووپادا بەشداريی کرد

18:30 - 3 خاکەلێوه 2717

کوردستان میدیا: بە بەشداریی شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، جێژنی نەتەوەیی نەورۆز لە پارلەمانی ئورووپا لە شاری برۆکسێل بەڕێوە چوو.

بەپێی هەواڵی گەویشتوو بە ماڵپەری کوردستان میدیا،لە سەر بانگهێشتی فەرمیی نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان لە یەکیەتیی ئورووپا، بە هەماهەنگی لەگەڵ گرووپی دۆستانی کوردستان لە پارلەمانی یەکێتيی ئەوروپا، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٠١٧/٣/٢٠، شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرەستیی عەلی ئەشرەف مورادی، ئەندامیی ڕێبەریی حیزبی دیموکرات لە ڕیسێپشنێک بە بۆنەی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی لە پارلەمانی ئورووپا لە شاری برۆکسێل بەشداریی کرد.

سەرەتا، ئەندام پارلەمانی ئورووپا CharlesTannock لە سەر نەورۆز و تایبەتمەندییەکانی نەورۆز لە نێو گەلی کورددا قسەی کرد و هیوای خواست کە لە ساڵی نوێدا کورد بە مافی سەربەخۆیی بگات.

دواتر نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکیەتیی ئورووپا، بەڕێز دلاوەر ئاژگەیی، وێڕای پیرۆزبایی‌کردن لە میوانان و بەشداران، باسی بەڕێوەبردنی جێژنی نەتەوەیی نەورۆزی لە نێو گەلی کورددا کرد و ئاورێشی لە دۆخی کورد لە ناوچەکەدا دایەوە.

دواتر گرووپی مۆزیکی کوردنەوا کە لە چەند هونەرمەندی سەرکەوتووی کورد پێک هاتووە، بە گۆرانی و مۆزیکی کوردی كەشێکی تایبەتییان بە ڕێوڕەسمەکە بەخشی.