کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بۆ بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی نەورۆز لە کوردستان هەڕەشە لە خەڵک دەکەن

16:47 - 4 خاکەلێوه 2717

کوردستان میدیا: ناوندە و بنکە سەربازییەکانی ڕێژیمی ئێران لە کوردستان هەڕەشە لە خەڵکی کوردستان دەکەن کە ڕێوڕەسمی نەورۆز بەڕێوە نەبەن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، هێزەکانی ڕێژیمی ئێران هەڕەشەیان لە خەڵکی تەنگیسەر کردووە کە نابێ ڕێوڕەسمی نەورۆز بەڕێوە بەرن.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بە خەڵکی ئەو گوندەیان ڕاگەیاندووە کە بۆ بەڕێوەبردنی نەورۆز دەبێ ئیزن وەرگرن و هەروەها لە هێنانی جامانە خۆیان بپارێزن.

هەروەها بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران و دەست و پێوەندییەکانی ئەو ڕێژیمە لە گوندی سەردۆشـی مەریوان سەرەڕای هەموو ئامادەکارییەکانی ڕێورەسمی نەورۆز پێشیان بەو ڕێوڕەسمە گرت.

هەر لەو پێوەندییەدا لە گوندی نەیسانەی سەر بە شاری پاوە هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە ڕێگای تەلەفونەوە هۆشداریان بە بەڕێوەبەرانی ڕێوڕەسمی نەورۆز داوە وهەڕەشەیان لێ کردوون کە نەورۆز بەڕێوە نەبەن.

ڕێژیمی ئێران بۆ پێشگرتن له ‌به‌ڕێوه‌چوونی‌ جه‌ژنی ‌نەتەوەیی نه‌ورۆز هەموو ساڵێک لە بەرەبەری نەورۆزدا لە کوردستانی رۆژهەڵات بە شێوەگەلێکی جۆراجۆر وەک میلیتاریزە کردنی شارەکانی کوردستان و هەڕەشەکردن پێش بە ڕێوڕەسمی نەورۆز دەگرێت.

نەورۆزی ئەمساڵ خەڵکی کوردستان سەرەڕای هەموو بەربەست وهەڕەشەکانی ڕێژیم بە شێوەیەکی بەرین ڕێوڕەسمی نەورۆزیان بەڕێوە برد و لە جامانەی پێشمەرگە وەک هێمایەک کەڵکیان وەرگرت.