کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بێدەرەتانییەکانی ژیان بەرۆکی زیاتر لە نیوەی حەشیمەتی ئێرانی دادڕیوە

16:48 - 5 خاکەلێوه 2717

کوردستان میدیا: زیاتر لە ٦٠%ی خەڵکی ئێران سەر بە چینی مامناوەند بۆ خوارەوەن، کە ڕۆژانە لەگەڵ بێدەرەتانی و تەنگ و چەڵەمەکانی ژیان بەرەوڕوو دەبنەوە.

یەحیا ئالی ئیسحاق، سەرۆکی ژووری بازرگانیی ئێران و عێراق، لە وتووێژێکدا لەگەڵ قۆدس ئانلاین ڕایگەیاند: بەپێی دوا ئامارەکانی بەردەستمان، زیاتر لە ٤٥ میلیۆن کەس لە ئێران کە دەکاتە سەروو ٦٠%، دەکەونە نێو چینی مامناوەند بۆ خوارەوە کە توانای یەکخستنی تێچووەکانی ژیان لەگەڵ داهاتەکانیان نییە و تووشی هەژاریی لەڕادەبەدەر بوونەتەوە.

ناوبراو وتوویەتی: یەکێک لە گرینگترین قەیرانەکانی وڵات لە بیاڤی ئابووریدایە کە خۆی دەخزێنێتە هەموو بیاڤەکانی دیکەش کە بەشێکیان بریتین لە بێکاری، داتەپینی ئابووری، گەندەڵیی ئابووری، باری گوزەرانی ژیان، کێشەکانی سیستمی بانکی، پەراوێزنشینی، کەمی ئاو و سندووقەکانی خانەنشینی کە هەموو ئەمانە ڕەگیان لە بیاڤەکانی ژیانی خەڵکی ئێران داکوتاوە و بوونەتە هۆکاری سەرەکیی گرفتەکان لە بیاڤی پرسگە ئابووری و فەرهەنگییەکان.

بە وتەی ناوبراو، هەنووکە دانیشتوانی شارە گەورەکانی ئێران ناچارن ٢ لەسەر ٣ی داهاتی خۆیان تەنیا بۆ دانی کرێ ماڵ تەرخان بکەن؛ ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ چوونەسەری نرخی کەلوپەلەکانی وەک جل و بەرگ، بێهداشت و فێرکاری و ئاموزش بە ڕێژەی ٣٠%، کە کۆی ئەم گرفتانە بارودۆخێکی نالەبار و نەگونجاویان بۆ توێژی مامناوەندی ئێران ساز کردووە.

ئالی ئیسحاق دەڵێ: داهاتی سەرانەی ئێران و نرخە سەقامگرتووەکان لە ئێستادا بۆ ٧٠%ی داهاتەکانی ساڵی ٥٥ی هەتاوی دابەزیوە، واتە هەنووکە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ٥٥، ٣٠% کەمبوونەوەی داهاتی سەرانەمان هەیە.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژە بەوە دەکات کە؛ هەنووکە ٧٠%ی یەکە بەرهەمهێنەرەکانمان داخراون کە هۆکارە سەرەکییەکی گوێ‌نەدان بە گرینگیی ئەم یەکانە لە ژیانی ڕۆژانەی خەڵکە لەلایەن دەوڵەتەوە؛ بە بڕوای ناوبراو لە ئێراندا پرسە پێوەندیدارەکان بە ئابووری، لەگەڵ ئاریشە حیزبی و سیاسی و دەستەبازییەکان تێهەڵکێش کراون.

لە کۆتایی قسەکانیشی‌دا ئەم چالاکە ئابوورییە بە تەوسەوە دەڵێ: خەڵک دەبێ بزانن کە جادەوبانی ئابووریی ئێران ئۆتوبان نییە، بەڵکوو وەک جاددەیەکی هەورازی پڕ لە بەرد و تاشەبەردە کە دەبێ سواری تانکی شەڕکەر ببیت جا ئەتوانی پێیدا هەڵگەڕێی و جوڵەت هەبێ!