کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەئموورییەتی ڕێپۆرتێری تایبەتی مافی مرۆڤ لە ئێران درێژ کرایەوە

22:25 - 5 خاکەلێوه 2717

کوردستان میدیا: شۆرای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆتایی ٣٤ەمین کۆبوونەوەی خۆیدا بۆ ماوەی یەک ساڵی دیکە بڕیاری بۆ درێژ کردنەوەی مەئموورییەتی ڕێپۆرتێری تایبەتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤ لە ئێران بە زۆرینەی دەنگ دا.

بەپێی هەواڵەکان، لەم کۆبوونەوەیەدا کە لە بنکەی ڕێکخراوی مافی مرۆڤ لە ژێنێڤ، بەڕێوە چوو، ٢٢ وڵاتی ئەندام لەم ڕێکخراوە لەوانە: عەرەبستان، ئێمارات، قەتەر، ئامریکا، بریتانیا و ... زۆربەی وڵاتانی ڕۆژئاوایی بەم بڕیارنامەیە دەنگی ئەرێنیان داوە و پاڵپشتییان لێ کردووە.

ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کە هاوکات ١٢ وڵات لەوانە میسر و ڕووسییە، وێنێزۆئێلا، چین و کووبا بەم بڕیارنامەیە دەنگی نەرێنیان داوە و ١٣ وڵاتی دیکەش دەنگی بێلایەنیان داوە.

لەمبارەوە نوینەری وڵاتی سۆئێدیش کە پێشنووسی ئەم بڕیارنامەیەی نووسیوە، سەبارەت بە درێژبوونەوەی مەئموورییەتی عاسمە جەوهانگیر ڕایگەیاندووە کە؛ ڕێژیمی ئێران لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا لەسەر پێشێلکردنی مافی مرۆڤ بەردەوام بووە و بارودۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران لاوازە و دەبێ مەئموورییەتی ڕێپۆرتێری مافی مرۆڤ لە ئێران درێژ بکرێتەوە.

هەروەها نوێنەری وڵاتی ئاڵمانیش بە خویندنەوەی بەیانیەیەکی هاوبەش لە لایەنی یەکێتی ئورووپا، ڕایگەیاندووە کە؛ وڵاتانی ڕۆژئاوایی لە مانگی نوامبری ڕابردوودا چەندین وتووێژ و دانیشتنی سەبارەت بە بارودۆخی مافی مرۆڤ لەگەڵ تاران پێکهێناوە بەڵام لەم ماوەیەدا هیچ ئاڵوگۆڕێکی ئەرێنی لە ئێران ڕووی نەداوە.

ئەم بڕیارنامەیە لە کاتێکدا پەسند کراوە کە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران داواکاری ڕێکخراوی مافی مرۆڤ بۆ هاوکاری کردن لەگەڵ ڕێکخراوی ئاماژەبۆکراویان ڕەد کردووە و بەپێچەوانەوە کۆماری ئیسلامی داوای لە شۆڕای مافی مرۆڤ کردووە کە کۆتایی بە مەئموورییەتی ڕێپۆرتێری مافی مرۆڤ واتە عاسمە جەهانگیر لە ئێران بهێنێت.

شایانی باسە کە عاسمە جەهانگیر لە ڕاپۆرتێکی گشتی‌دا سەبارەت بە بارودۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران بە توندی ڕەخنەی گرتووە و جەختی کردووەتەوە کە بارودۆخیی مافی مرۆڤ لە ئێران لە سەردەمی سەرکۆماری حەسەن رۆحانیدا هیچ گۆڕانێکی پۆزەتیڤی بەخۆیەوە نەبینیوە و لە سێدارەدانەکان و سەرکووتەکان بە دژی چالاکانی مەدەنی و کەمینەکان و ژنان لەم وڵاتە بەردەوام بووە.