کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

موقتەدا سەدر: حەشدی شەعبی دەبێ ‌هەڵوەشێتەوە

22:52 - 5 خاکەلێوه 2717

کوردستان میدیا: موقتەدا سەدر یەکێک لە ڕێبەرانی شیعەی عێراق لە وتەکانی خۆیدا لە گۆڕەپانی التحریری بەغدا باسی لەوە کرد کە؛ پێویستە دەوڵەتی عێراق حەشدی شەعبی هەڵبوەشێنێتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان؛ موقتەدا سەدر یەکێک لە ڕێبەرانی شیعەی عێراق، ڕۆژی هەینی ٤ی خاکەلێوەی ١٣٩٦ی هەتاوی، لە وتەکانی خۆیدا لە گۆڕەپانی التحریری بەغدا، باسی لەوە کرد کە؛ دەوڵەتی عێراق حەشدی شەعبی هەڵبوەشێنێتەوە.

سەدر لە وتەکانی خۆیدا باسی لەوە کردووە کە؛ بە فەرمی ناسینی حەشدی شەعبی بەو مانایەیە کە داهاتووی عێراق دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی میلیشاکان.

حەشدی شەعبی و سپای بەدر وەکوو گرینگترین لقە نیزامییەکانی ئەو گرووپه، لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پشتیوانییان لێ دەکرێت.

پێشتریش وڵاتی سعودییە لە ڕێگەی وەزارەتی دەرەوە داوای هەڵوەشانەوەی ڕێكخراوی چەكداریی حەشدی شەعبیی کردبوو.

حەشدی شەعبی تا ئێستا چەندین جار بە جینایەت و کوشتاری خەڵکی مەدەنی تاوانبار کراوە و لێژنەی زانایانی عێراق ئەو گرووپە چەکدارەی سەبارەت بە کوشتی خەڵکی بێ تاوان مەحکووم کرد.

ڕێكخراوی چەكداریی حەشدی شەعبی گرووپێکی میلیشیایی شیعەی چەکداره و لە ساڵی ٢٠١٤ بە فتوای عەلی سیستانی، گەورە مەرجەعی شیعەكان لە عێراق پێكهێنرا.

زۆربەی پێکهاتەکانی حەشدی شەعبی، لە لایەن ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران و مەرجەع و کەسایەتییە سیاسییەکانی ئەو ڕێژیمەوە پشتیوانی دەکرێن.

ڕێژیمی ئێران پالپشتی لە گرووپە توندڕەو و تێرۆریستییەکان دەکات و بەردەوام درێژەش بەو کارەی خۆی دەدات.